جیهانی ئیسلامیدونیاكــوردستان

نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا: پشتگیریمان بۆ هەسەدە کارتییە و بۆ قۆناغێکە

نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سووریا، به‌ ئاماژه‌دان به‌ سه‌ركرده‌ له‌ رێكخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌)، فه‌رهاد عه‌بدی شاهین كه‌ به‌ ‘مەزڵوم كۆبانی’ ناسراوه‌، رایگه‌یاند “ئێمه‌ پشتگیریی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ (یه‌په‌گه‌/په‌كه‌كه‌) ده‌كه‌ین، نه‌ك كه‌سانێك. ئه‌م پشتگیرییه‌ش كاتییه‌ و بۆ قۆناغێكه‌”.

جه‌یمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و ناتان سالێس نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، دوای كۆبوونه‌وه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی میدیاكارانی دایه‌وه‌.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام دوای ئۆپه‌راسیۆنی كانیی ئاشتی توركیا و جێگیركردنی یه‌ك ملیۆن په‌نابه‌ری سووری له‌وێ، جێفری ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، چه‌ند دڵنیاییه‌كیان له‌ توركیا وه‌رگرتووه‌ و وتی، “ئه‌و په‌نابه‌ره‌ سوورییانه‌ ره‌وانه‌ی ئه‌وێ ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی باكووری سووریاوه‌ هاتوون و، ئه‌مه‌ش به‌ ره‌چاوكردنی رێساكانی كۆمیسیاری باڵای كاروباری په‌نابه‌رانی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجامده‌درێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ توركیا له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌‌ له‌گه‌ڵ كۆمیسیاره‌كه‌ و ئه‌مریكا. ٣٥٠ هه‌زار كورد له‌نێو ئه‌و په‌نابه‌رانه‌دان. به‌شێك له‌و كوردانه‌ له‌ده‌ست داعش رایانكردووه‌ و ئه‌گه‌ر راستیتان ده‌وێ به‌شه‌كه‌ی دیكه‌یشیان به‌هۆی په‌یه‌ده‌/یه‌په‌گه‌ رایانكردووه‌. ئێستا ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كه‌”.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكیشدا سه‌باره‌ت به‌ پشتگیریی ئه‌مریكا بۆ‌ سه‌ركرده‌ له‌ رێكخراوی په‌كه‌كه‌، فه‌رهاد عه‌بدی شاهین كه‌ به‌ ‘مەزڵوم كۆبانی’ ناسراوه‌، نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سووریا وتی، “ئێمه‌ پشتگیری هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ (یه‌په‌گه‌/په‌كه‌كه‌) و ئیداره‌كه‌ی ده‌كه‌ین له‌ دژی داعش، نه‌ك كه‌سانێك. ئه‌م پشتگیرییه‌ش كاتییه‌ و بۆ قۆناغێكه‌. له‌گه‌ڵ هیچ گروپێك له‌سه‌ر داهاتووی سووریا رێككه‌وتنمان نه‌كردووه‌. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌وێ هه‌ره‌سهێنانه‌ به‌ داعش. دیدگای ئێمه‌ بۆ سووریا وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ بڕیاری ژماره‌ ٢٢٥٤ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا هاتووه‌، هه‌ڵبژاردنێكی ئازادانه‌ و پاك و بێگه‌رده‌ كه‌ ته‌واوی سوورییه‌كان له‌خۆبگرێت. ‌ده‌بێ ئه‌مه‌ بۆ سه‌رجه‌م گروپه‌كان باسبكه‌ین، وه‌ك چۆن كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ ده‌كه‌ین له‌ باكووری سووریا، له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی دیكه‌ی ئۆپۆزسیۆنیش له‌ ئۆسلۆ و قاهیره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌داین”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close