جیهانی ئیسلامیدونیاكــوردستان

ڕۆژنامەیەکی فەڕەنسی باسی چۆنێتی ئازادکردنی چەکدارانی داعش لەلایەن یەپەگەوە دەکات

ڕۆژنامەی “لو پاریسین“ی فەڕەنسی باسی لەوە کردووە، چەکدارانی یەپەگە هەستاون بە ئازادکردنی چەکدارانی داعش و ٢٥ منداڵی ئەو چەکدارانە.

ڕۆژنامە فەڕەنسییەکە باسی لەوە کردووە، چەکدارانی داعش لە زیندانێکی عەین عیسا لەلایەن یەپەگەوە ئازادکراون، کە زیندانەکە دەکەوێتە دووریی ٥٠ کیلۆمەتر لە باکوری شاری ڕەققەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دە ژنی فەڕەنسی، کە ژن یان خوشکی چەکدارانی داعش بوون، لەگەڵ ٢٥ منداڵیاندا ڕۆژی ١٣ی ئۆکتۆبەر لە کامپەکە براونەتە دەرەوە، “وەک ئەوانی تر، ئەو ١٠ ژنە فەڕەنسییە بەپەلە لەگەڵ منداڵەکانیان چوونەتە دەرەوە.”

ڕۆژنامە فەڕەنسییەکە باسی لەوەش کردووە، چەکدارانی یەپەگە بە چەکدارانی داعشیان وتووە، “بڕۆن، دەی ڕاکەن.” ئەوەیشی خستووەتەڕوو، لەوانەیە چەکداری زیاتری داعش لەلایەن چەکدارانی یەپەگەوە ئازادبکرێن.

ڕۆژنامەکە ئەوەیشی خستووەتەڕوو، پەیوەندییان بە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەڕەنساوە کردووە لەبارەی ئەو پرسەوە و ئەوانیش تەنیا ڕایانگەیاندووە، زۆر بە وریاییەوە لەسەر ئەرزی واقیع چاودێریی دۆخەکە دەکەن.

پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاندبوو، “ئێمە چاومان لەسەر خاکی سووریا نییە، ئێمە دژی ئەوانەین کە دەیانەوێت سوریا وێران و دابەشکەن.” دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش چەندین جار داوای لە ئەوروپا کردبوو کە ئەو چەکدارانەی داعش وەرگرنەوە کە بە ڕەچەڵەک سەربە وڵاتەکانیانن، بەڵام وڵاتە ئەوروپییەکان وەریان نەگرتنەوە و دواجار ترەمپیش ڕایگەیاند کە لەوانەیە ئەمریکا خۆی چەکدارەکانی داعش لەسەر سنووری وڵاتە ئەوروپییەکان ئازادبکات. دوێنێش لە تویتێکیدا ترەمپ ڕایگەیاند، پێدەچێت هێزە کوردییەکان هەندێک لە چەکدارانی داعش ئازادبکەن بۆئەوەی ئەمریکا لە شەڕەکەوە تێوەگلێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close