جیهانی ئیسلامیكــوردستان

تەرخانکردنی ٧٥٠ ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێکی فیلم و دەیان ملیار دینارێکی تر

٧٥٠ ملیۆن دینار، ئەو بڕە پارەیەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی تەنیا فێستیڤاڵێک تەرخانیکردووە، کە ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەی زۆری هاوڵاتییان و فەرمانبەرانی لێکەوتووەتەوە، کە تا ئێستا لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی موچەی سێ مانگی ئەمساڵ و موچەی ٣٠ مانگی دیکەدان کە حکومەت پاشەکەوتی کردووە.

بڵاوبوونەوەی نوسراوێک، کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، رەزامەندیی وەرگیراوە بە تەرخانکردنی بڕی ٧٥٠ ملیۆن دینار بۆ خەرجییەکانی فێستیڤاڵی حەوتەمی فیلمە سینەماییەکان لە دهۆک، کاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە و باس لەوە دەکرێت خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ تەنیا فێستیڤاڵێک لەم دۆخەی ئێستای هەرێمدا پێچەوانەی داواکاری و داخوازییەکانی هاوڵاتییانە لەسەر دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانیان.

دابینکردنی ٧٥٠ ملیۆن دینار بۆ تەنیا فێستیڤاڵێک لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم سێ ساڵە ٧٢ ملیار دیناری لە سندوقی كۆمەك بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بردووە و هێشتا پارەکەی نەگێڕاوەتەوە، لەکاتێکدا سەنتەرەکان زۆر پێویستیان بەو پارەیە هەیە کە خێرخوازان بۆیان کۆکردوونەتەوە و حکومەت بردوویەتی.

٧٢ ملیار دینار واتە زیاتر لە ٦٠ ملیۆن دۆلار، ئەگەر هەر توشبوویەکی شێرپەنجە یەکی ١٠٠ هەزار دۆلاری پێ بدرێت (واتە ١٠ دەفتەر دۆلار) بۆئەوەی چارەسەر وەرگرێت، ئەوا ٦٠٠ توشبووی شێرپەنجە دەتوانن لێی سوودمەندبن، بەڵام نازانرێت لە کوردستاندا چەند توشبووی شێرپەنجە هەیە؟ ئایا ٦٠٠ تووشبووە یان زیاتر یاخود کەمتر؟

٧٥٠ ملیۆن دیناریش واتە زیاتر لە ٦٢٩ هەزار دۆلار و لێرەشدا بە هەمان بڕی پێشوو، لانیکەم شەش توشبووی شێرپەنجە سوودمەند دەبن لەو پارەیە.

پێشتر و لە ساڵی ٢٠١٣ بڕی ٢٠ ملیار دینار بۆ سلێمانی وەکو پایتەختی ڕۆشنبیری خەرجکرا، بەڵام نەزانرا کە بۆچی و لە چیدا خەرجکرا، هیچ کەسێکیش نەبوو بڵێت بۆ ئەو پارەیە نادەن بە نەخۆشانی شێرپەنجە. ئەو ٢٠ ملیار دینارەش بە دۆلار دەکاتە زیاتر لە ١٦ ملیۆن و نیو دۆلار، بەو شێوەیەش ١٦٥ توشبووی شێرپەنجە هەریەکەیان یەکی ١٠ دەفتەر دۆلاریان بەردەکەوت بۆئەوەی چارەسەر وەرگرن.

بەم شێوەیەش دەتوانرا بەو پارەیە ٧٧١ توشبووی شێرپەنجە سوودمەند ببن، هەریەکەیان بە بڕی لانیکەم ١٠٠ هەزار دۆلار (١٠ دەفتەر دۆلار).

ئەم سێ بڕە پارەیە تەنیا سێ نمونەی نێو دەیان و بگرە سەدان نمونەی دزیکردن و بەهەدەردانی پارەیە لەلایەن حکومەتی کوردییەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمان و تێڕامانە ئەوەیە، خوێنەر و بینەری کورد وایلێکراوە کە تەنیا داڵغە و تەرکیزی لەسەر پارەی عومرەکاران و حاجیان بێت، لەکاتێکدا عومرەکاران و حاجیان هیچکاتێک درێغییان نەکردووە لە هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی پێویستییان بە هاوکارییە، لەناویاندا توشبووانی شێرپەنجە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close