جیهانی ئیسلامی

خەدیجە بن قننە: بە قەناعەتەوە حیجابم هەڵبژارد و وەڵامی فەرمانی خودام داوەتەوە

خەدیجە بن قنە، یەکەمین ئافرەتی باڵاپۆشی کەناڵی ئاسمانیی جەزیرەیە، نمونەی ڕاگەیاندنکارێکی بەهێز و بەناوبانگ و ئافرەتی ڕۆژنامەنووسی بوێر و بەتوانایە و خاوەنی دەنگێکی ڕەسەنە. توانیویەتی جێگای خۆی لەناو دڵ و چاوی بینەرانی لە تەواوی جیهان بکاتەوە و ئەستێرەیەکی دیارە لە کەناڵی ئاسمانی جەزیرە. خەدیجە کچی قننەیە و لە خێزانێکی ئایینپەروەرە، بە ڕەچەڵەک جەزائیرییە، لە ساڵی ١٩٦٥ لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە جەزائیر تەواوکردووە، لە تەمەنی نۆزدە ساڵی پەیمانگای ڕاگەیاندن بەشی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تەواوکردووە.

دواتر چووەتە پەیمانگای لۆڤەر بۆ پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووسیی باوەڕپێکراو لە پاریس، ئێستاش بێژەری کەناڵی ئاسمانی جەزیرەیە و لە شاری دەوحە لە قەتەر نیشتەجێیە. سەرەتای کارکردنی خەدیجە لە ساڵی ١٩٨٦ لە ڕادیۆی جەزائیر وەکو بێژەر و هەواڵساز تاکو ساڵی ١٩٩٠ کاریکردووە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٠ ڕوویکردووەتە تەلەفزیۆنی جەزائیری وەکو بێژەری هەواڵەکان تا ساڵی ١٩٩٤ کاریکردووە و توانیویەتی ڕۆڵی هەبێت لە بواری بێژەریی هەواڵەکان و هەواڵسازی و ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی ناوخۆ و دەرەوەی جەزائیر. دوای ماوەیەکی زۆر کارکردن لە تەلەفزیۆنی فەرمیی جەزائیر، پاش خراپبوونی بارودۆخی ئەمنیی جەزائیر لەو ساتەوەختە ڕوویانکردووەتە وڵاتی سویسرا، پاشان لە ساڵی ١٩٩٤ وە هەر لە سویسرا چووەتە ڕادیۆی سویسرای جیهانی و وەکو بێژەری هەواڵەکان و بەرپرسی دۆسیەی هەفتەی ڕووداوەکان کە گرنگیی بە جالیەی عەرەبی لە سویسرا دەدا، ڕۆڵی بینی لەم کارەشیدا تا ساڵی ١٩٩٧ بەردەوام بوو. لەو کاتەی لە ساڵی ١٩٩٦ کە کەناڵی ئاسمانی جەزیرە دەستی بە پەخش کرد، پەیوەندیی بە کەناڵەکە کردووە و وەکو بێژەری هەواڵەکان و پێشکەشکاری بەرنامە ڕاستەوخۆکان لەو کەناڵە دەستی بە کارەکانی کردووە.

خەدیجە یەکێکە لەو کەسانەی کە لە سەرەتای دروستبوونی جەزیرە لە قەتەر ڕوویکردووەتە کەناڵەکە و بووەتە کارمەندێکی کارای کەناڵەکە، تا ئێستاش ڕاگەیاندنکارێکی کاریگەرە. خەدیجە توانی لە کەناڵی جەزیرە ڕووماڵی زۆرێک لە ڕووداوە گەرمەکان بکات، وەکو داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکا و داگیرکردنی عێراق و شەڕی لوبنان و شۆڕشی دووەمی فەڵەستین. لە کاری ڕۆژنامەنووسیدا پێشکەشکاری ژمارەیەکی زۆری بەرنامە ڕاستەوخۆکان بووە، گرنگترین ئەو چاوپێکەوتنانەی کە لە کەناڵی جەزیرە لەگەڵ بەرپرس و سەرۆک وڵاتان ئەنجامیداوە وەکو، دیداری موعەمەر قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیا، مەحمود ئەحمەدی نەژادی سەرۆکی پێشووی ئێران، کارلا سارکۆزی و هتد. هەروەها بەشداریی چەندین کۆنگرە و گفتوگۆی کراوەی نێوان ئیسلام و ڕۆژئاوای کردووە، وەکو کۆنگرەی بەرلینی گفتوگۆی نێوان ئاینەکان، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ساڵی ٢٠٠٥ پێیهەستابوو. خەدیجە دوای هەڵبژاردنی حیجاب و باڵاپۆشی، دوای قۆناغی هاتنە ناو کەناڵی جەزیرە و کارکردن لەو کەناڵە زۆرترین دیداری لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و گۆڤار و تەلەفزیۆنە ناوخۆیی و ئاسمانییەکان لەگەڵ ئەنجامدراوە.

لە یەکێک لەو چاوپێکەوتنانەی کە لەگەڵی ئەنجامدراوە پرسیاری لێ کراوە کە ئایا جیاوازیی تەلەفزیۆنی جەزیرە و جەزائیر چییە؟ خەدیجە وتوویەتی: کەناڵی جەزائیر کەناڵێک بوو چەند بەرنامەی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو لەڕووی تەقەنیەوە زۆر پێشکەوتوو نەبوو، بەڵام من ئازادانەتر بووم لەو کەناڵە لە دەربڕینی بیروڕاکانم، پرسیارەکانم و ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان، بەڵام کەناڵی جەزیرە تایبەتە بە هەواڵ و خاوەن سیاسەتی خۆیەتی و بێژەر دەبێ بەپێی سیاسەتی کەناڵەکە هەڵسوکەوت بکات و ڕووماڵی ڕووداوەکان بکات، جەزیرەش دەرگای کردەوە بۆ سەرهەڵدانی ژمارەیەکی زۆرتری کەناڵی ئاسمانیی تایبەت بە هەواڵ و مەیدانەکە خۆش بوو بۆ مونافەسە و پێشبڕکێ لە نێوان کەناڵە ئاسمانییەکان لە جیهانی عەرەبی.

یەکێک لەو پرسیارانەی کە زۆر ئاراستەی خەدیجە کراوە ئەوەیە کە ئایا ڕاگەیاندنکار و بێژەری سەرکەوتوو کێیە؟ لە وەڵامدا ئەویش وتوویەتی: پێموایە سەرکەوتن نیعمەتێکی خواییە و خودا کارئاسانی و ڕێگائاسانی بۆ ئەو کەسە دەکات کە سەرکەوتووبێت، بۆ نمونە بێژەری سەرکەوتوو هەر لەگەڵ دەرکەوتنی لە شاشە دەچێتە ناو دڵی بینەران، هەروەها چەند تایبەتمەندییەک پێویستە لە بێژەری سەرکەوتوو هەبێت، بۆ نمونە زمانێکی پاراوی هەبێت، ڕەوانبێژ بێت، دەنگێکی باشی هەبێت و بەردەوامی و پشوو درێژی و ڕاهاتنی لەگەڵ کامێرا هەبێت.

پرسیار کرا لە خەدیجە، ئایا خەدیجە چۆن دەتوانێت لە کاری دەرەوە و ماڵەوە سەرکەوتووبێت؟ وەڵامی دایەوە بەوەی، بێگومان بەهۆی سەرقاڵبوونم بە کاری ڕۆژنامەنووسی کەموکوڕیم هەیە، بەڵام پیاوەکەم وایکردووە کە ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە، وە من ئەرکی دایکایەتیم لەسەرە، ئەوەندە پێم خۆشە بە “دایکی ڕامی” بانگم بکەن، ئەوەندە پێم خۆش نییە بە خەدیجە بانگم بکەن، چونکە دایکی ڕامی هەستێکی گەورەم پێ دەبەخشێت، وە من بەرلەوەی ڕاگەیاندنکارێکی بەناوبانگ بم، دایکم.. دایک. پیاوەکەشم جەزائیرییە. دوا وێستگەی کاری ڕۆژنامەنووسیی خەدیجە کەناڵی ئاسمانیی جەزیرەیە.

یەکێک لەو پرسیارانەی کە لە خەدیجە کراوە ئەوەیە کە چۆن لە کەناڵی جەزیرە دەڕوانێت؟ خوێندنەوەی چییە؟ خەدیجە وتوویەتی: کەناڵی جەزیرە ماڵی دووەممە و بەشێکە لە پێکهاتەی من، جەزیرە بەشێکە لە من. بەپێی چەند ڕاپرسییەک خەدیجە بە باشترین بێژەر هەڵبژێردراوە لە ساڵی ٢٠٠٨، ئەوەش بەپێی ڕاپرسییەکی فۆڕبیسی ئەمریکی و یەکێک بووە لەو ١٠ ئافرەتانەی کە کاریگەریی لەسەر جیهانی عەرەبی هەبووە.

پرسیار لە خەدیجە کرا بۆچی بووە بە باڵاپۆش؟ وتی: سەرەتای باڵاپۆشیم بووە هۆی سەرسوڕمانی ملیۆنان بینەری کەناڵەکە لە تەواوی جیهان و لە ساڵی ٢٠٠٣وە بوومەتە باڵاپۆش و بوومە هۆی شکاندنی ئەو تابووتەی کە باڵاپۆشەکانیش دەتوانن ڕۆڵی کاریگەر ببینن لە ڕاگەیاندن و ئامادەییان هەبێت، دواتریش خەدیجە بۆ جارێکی تر بەبێ لەچکەوە نەبینراوە.

زۆرترین ئەو پرسیارانەی کە ئاراستەی خەدیجە کراوەتەوە، ئەوەیە ئایا بۆچی حیجابت هەڵبژارد؟ لە وەڵامدا وتوویەتی: دیارە بەرلەوەی باڵاپۆش بم من لە مێژبوو دەمزانی حیجاب واجبە لەسەر ئافرەتان، هیچ شتێک کاریگەریی نەبوو لەسەرم جگە لەوەی کە بە قەناعەتەوە حیجابم هەڵبژارد، وەڵامی فەرمانی خودام داوەتەوە، سەرەتاش وام لێکدەدایەوە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بینەرەکانم هەبێت، دەموت، دەبێت کێرڤی بینەرەکانم دابەزێ یاخود بەرزتر دەبێتەوە، بەڵام من لە کۆتاییدا ڕەزامەندی خودام هەڵبژارد بەسەر ڕەزامەندی و قسەی بینەردا. لە کۆتاییدا بڕیارمدا کە ڕەزامەندی خودا زۆر گەورەترە لەوەی کە من بۆ ڕەزامەندی بینەران حیجاب نەپۆشم، دوای دەرکەوتنم بۆ ماوەی ١٠ خولەک لە کەناڵی جەزیرە بە حیجابەوە و خوێندنەوەی هەواڵەکان لە ساڵی ٢٠٠٣وە، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە شێخ یوسف قەرەزاوی و دکتۆر عەمر خالید و سەدان کەس دەستخۆشییان لێ دەکردم، دواتریش حەجی ماڵی خودام کرد و زیاتر قەناعەتم بۆ دروستبوو کە دەبێت ئەو لەچکە لەسەرم دانەگرم، لە ئەمەش قۆناغێکی نوێ بوو لە تەمەنی من و من لەو حیجابە قەت پەشیمان نیم، بە ئەندازەی ئەوەی کە ئەوەندەی بەبێ سەرپۆش بووم پەشیمانم.

خەدیجە لەگەڵ ساتەوەختی هەڵبژاردنی حیجاب و جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە کە هەموو خوشکێک دەبێت سەر و قژ و جوانییەکانی تەنها بۆ حەڵاڵی خۆی ئاشکرا بکات.. خەدیجە بووە هۆکار و دەروازەی خێر بۆ باڵاپۆشبوونی چەندین کەس و دەرکەوتنی بێژەری باڵاپۆشی تر لە کەناڵە ئاسمانییەکان و چاوکردن لەو بەڕێزە. خەدیجە بوو بە قودوە بۆ خوشکانی بێ لەچک، بەتایبەتی بێژەرە ئافرەتەکان، ئەگەرچی لەگەڵ بڕیاری پۆشینی حیجاب و چاوەڕوانیی چەندین ئەگەری نادیار وەک “ئاخۆ دەبێ بەرپرسانی جەزیرە لە کەناڵەکەی دەرینەکەن و هەڵوێستیان چی دەبێت، دابەزینی کێرڤی بینەرەکانی و چەندینی تر” چاوەڕێی خەدیجەیان دەکرد و لە ئەندێشەی دەخولانەوە، بەڵام خەدیجە بە یەقین و بەبێ دوودڵی فەرمانی خودای لەسەر ئارەزووەکانی خۆی هەڵبژارد، بۆیە خوای گەورەش ناوبانگی زیاتر و بەهرە و دەنگدانەوەیەکی باشتری پاداشتی خەدیجە کرد و، ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر و خۆشەویستتر دەبێت لەناو بینەرەکانیدا.

(فەهمی شێخانی)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close