بیروڕا

لە چەند جەبهەوە دەبێ بجەنگی؟

سەنگەرەکان ئەوەندە زۆر بوون خەریکە مرۆڤی موسوڵمانی پەیامداری غەمخۆر فریایان نەکەوێت، ئێمە ئاماژە بە کۆمەڵێکیان ئەدەین و ئێوەش هەر زیادەیەکتان هەبوو بیخەنە سەری:

۱. مولحیدو بێدینەکان، ئەوانەی باوەڕیان بە خواو ڕۆژی دوایی و پێغەمبەران نییە. لە ڕێگەی سێکس و بێ ئەخلاقییەوە ئەیانەوێ خەڵکی لە ئاین دوور بخەنەوە.

۲. عەلمانییەکان کە ئەیانەوێ دین لە ژیان جیاکەنەوەو قەتیسی کەن لە چەند دروشمێکی بێ گیاندا و ڕۆڵی سفر کەنەوە لە ژیانی تاک و کۆمەڵگەدا، بە بیانووی ئەوەی ئاین تەنها بریتییە لە پەیوەندیی نێوان و مرۆڤ و خودا.

۳ ناسیۆنالیستەکان، ئەوانەی ئەیانەوێ بە بیانووی ئەوەی ئیسلام ئاینی عەرەبە و هۆکاری نەهامەتییەکانی کوردە، کورد لە ئیسلام هەڵگێڕنەوە و بیگێڕنەوە سەر ئاینی زەردەشتی یان هەر ئاینێکی تر کە گوایە ئاینی کورد بووە!

٤. مەسیحییەت و موژدەدەرە مەسیحییەکان کە ئەیانەوێ کورد بەوە چەواشەبکەن کەگوایە ئیسلام هۆکاری ژێردەستەیی و دواکەوتوویی کوردە، بە بوون بە مەسیحی ڕزگاریان ئەبێت لەو دەردەسەرییانە و ئەوانەی ئەچنە ڕۆژئاوا زیاتر دووچاری ئەم کێشەیە دەبن، بەتایبەت کوردانی پارچەکانی تری کوردستان.

٥. شیعە کە سوکایەتی بە خەلیفەکانی ئیسلام و هاوەڵانی پێغەمبەرو خێزانەکانی و مێژووی ئیسلامی دەکەن و فتوحاتی ئیسلای بەداگیرکاری لەقەڵەم ئەدەن.

٦. حەداسییەکان و بەناو عەقڵانییەکان کە بە میزاج و عەقڵی خۆیان دەقەکان ڕاڤەدەکەن و لەبەر بەزیوی خۆیان بەرامبەر شارستانی ڕۆژئاوا و بەڕەچاوکردنی میزاج و عەقڵییەتی ئەوان ئەیانەوێت دەسکاری دەقەکان بکەن یان لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ بکەن.

۷. قورئانییەکان کە سوننەت و فەرمودەکانی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم ڕەتدەکەنەوەو دەیانەوێت بە عەقڵ و میزاجی خۆیان تەنها بە پشت بەستن بە زمان و دوور لە پێغەمبەر و فەرمودەو سوننەتەکانی و ژیاننامەی جارێکی ئیسلام داڕێژنەوە.

٨. سەلەفییەت بە باڵی مەدخەلی و جیهادییەوە، کە یەکەمیان ئەیەوێت ئاین و خەڵکیش دەستەمۆ بکات بۆ دەسەڵات و ئیسلام وەکو ماددەی بێهۆشکەر نیشانی خەڵکی بدات و تەکفیر و تەبدیع و تەفسیقی ئەو موسوڵمانانە بکات کە کار بۆ گێڕانەوەی ئیسلام و شەریعەتی ئیسلام دەکەن و، پشتگیری کردنی دەسەڵاتە عەلمانییەکان و هاندانیان لە ئیسلاییەکان و ناوزەدکردنی ئیسلامییەکان بە خەواریج وهتد، و دووەمیان بە تەکفیری موسوڵمانان و پاساودانە دەست دوژمنانی ئیسلام لە ئیسلام و موسوڵمانان بدەن و ناشیریان بکەن و لەبەرچاوی خەڵکییان بخەن.

۹. بەڕێژەیەکی کەمتر تەصەوف وئەهلی تەصەوف و خەرافییاتی هەندێک لە ئەهلی تەصەوف و چونیانە پاڵ دەسەڵاتە ستەمکارەکان و شەرعاندنی لێدانی ئیسلامییەکان وەکو لە میسر ڕوویدا.

۱۰. بە ڕادەیەکی زۆر کەمتر قادیانییەکان کە ئیدعای ئەوە دەکەن پێغەمبەرایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام کۆتایی پێ نەهاتووە و میرزا غولام ئەحمەدی قادیانی پێغەمبەرە، بەهائییەکانیش کە هەمان بۆچوونیان هەیە دەربارەی پێغەمبەرایەتی و زانگەشە بۆ هەندێک شتی ناواقعی دەکەن وەکو یەک زمانی و یەک ئاینی و یەک دەوڵەتی و هتد.

۱۱. زانایانی سەربە دەسەڵات، کە لە هەموو شتێکدا پشتی دەسەڵات دەگرن و پاساو بۆ کردەوەکانیان دەهێننەوە و دەیشەرعێنن بۆیان، ئەمانەش لە هەموو سەردەمێک و شوێنێکدا بوونیان هەبووەو ئەبێت.

ئەمانە هەموو جەبهەیان لێ گرتووی و ئەبێ بە چەکی فکر بجەنگی بەرامبەریان ، ئێتر بزانە بەرپرسیارێتییەکە چەند گەورەیەو ئەرکەکە چەند قورسە.

واللە المستعان.

د. کەریم ئەحمەد

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close