دونیا

یاریزانە موسڵمانەکانی لیڤەرپووڵ هاندەرانی یانەی چێڵسییان بۆمباران کرد

ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردوو ژمارەیەک لە هاندەرانی یانەی چێڵسیی ئینگلیزی، بێڕێزییان بەرامبەر موحەمەد سەڵاح یاریزانی یانەی لیڤەرپووڵ کرد، ئەوەش بەهۆی موسڵمانبوونییەوە بوو.

ئەو هاندەرانەی یانەی چێڵسی موحەمەد سەڵاحیان بە “بۆمب هاوێژ” ناوبرد و بە تیرۆریست چواندیان و دروشمی “موحەمەد سەڵاح بۆمبهاوێژە”یان دەوتەوە.

هەر ئەوکات کەناڵی بی بی سی سپۆرتی بەریتانی بڵاویکردەوە، سێ کەس لەسەر ئەو کارە ڕووبەڕووی قەدەغەکردنی نێو یاریگاکان کراونەتەوە، بەڵام ئەوەی بی بی سی ئاماژەی پێنەکردووە ئەوەیە کە وتنەوەی دروشمەکە لەلایەن زیاتر لە سێ کەسەوە بووە، جگە لەوەی کە هیچ کەسێک لەناو هەوادارەکانی چڵسیدا ناڕەزایی دەرنەبڕیبوو.

ئەوەی جێگای باسکردنە ئەوەیە کە لە یاریی نێوان لیڤەرپووڵ و چڵسیدا، شەوی ڕابردوو هەریەکە لە سادیۆ مانێ و موحەمەد سەڵاح لە خولەکەکانی ٥١ و ٥٣ی یارییەکەدا توانییان گۆڵ بۆ لیڤەرپووڵ تۆماربکەن، کە هەردووکیان موسڵمانن و زۆربەی کاتیش لەکاتی تۆمارکردنی گۆڵدا لەناو یاریگادا سوژدە دەبەن.

بەشێکی زۆر لە وەرزشدۆستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڤیدیۆ و وێنەی ساتی گۆڵەکانی لیڤەرپووڵیان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە موحەمەد سەڵاح بۆ نەژادپەرست و ڕەیسستەکانی سەلماند، ئەوان ناتوانن ڕایگرن.

بەشێکی تری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گۆڵەکەی موحەمەد سەڵاح بە بۆمبارانکردنی هەوادارانی چێڵسی و هەندێکیشیان بە بۆمبارانکردنی نەژادپەرستی ناویانبردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close