جیهانی ئیسلامی

هیندستان بە هەزاران موسڵمانی کشمیری دەستگیرکردووە

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی داتا و زانیارییە فەرمییەکانی حکومەت، دەسەڵاتدارانی هیندستان لە دەستپێکی گرژییەکانی مانگی ڕابردوەوە لە کشمیر نزیکەی ٤٠٠٠ (چوار هەزار) کەسیان دەستگیرکردووە.

هەریەکە لە هیندستان و پاکستان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خاوەنی هەرێمی کشمیرن، لە دوای ئەوەیش کە هیندستان لە ٥ی ئابدا مافی ئۆتۆنۆمیی لە کشمیر سەندەوە، گرژی و ئاڵۆزییەکان لە هەرێمەکە زیادبوون و، پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییانی مەدەنیدا ڕوویداوە و پەیوەندییەکانی هیندستان و پاکستانیش گرژبوونی زیاتری پێوە دیارە.

ئاژانسەکە باسی لەوە کردووە، نە وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی هیندستان ئامادەبووە لێدوان لەوبارەیەوە بدات و نە پۆلیسی جامو و کشمیریش لێدوانیان داوە.

جگە لە دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی ئاسایی، زیاتر لە ٢٠٠ کەسایەتیی سیاسی، کە وەزیرانی پێشوو لەنێویاندایە، دەستگیرکراون و زیاتر لە ١٠٠ سەرکردە و چالاکی ڕێکخراوەکانیش دەستگیرکراون.

بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، لە مانگی ١ی ١٩٨٩وە تا مانگی ١ی ئەمساڵ، ٩٥ هەزار و ٢٨٣ موسڵمانی کشمیری شەهیدکراون، ١٤٥ هەزار و ٥٩٧ هاووڵاتی دەستگیرکراون، ٢٢ هەزار و ٨٩٨ ئافرەت بێوەژن کەوتوون، ١٠٧ هەزار و ٧٥٦ منداڵ بێناز و یەتیم کەوتوون و ١١ هەزار و ١١١ ئافرەتی موسڵمانی کشمیری لاقەکراون یان گێچەڵی سێکسییان پێ کراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close