جیهانی ئیسلامی

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: جەنگی نێوان غەززە و ئیسرائیل دوور نییە

پەیامنێرێکی سەربازیی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە جەنگی نێوان بەرە فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل “دوور نییە” و ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەبێتە “مەرگەساتبارترین و وێرانکارترین جەنگ لەچاو جەنگەکانی تردا.”

بەگوێرەی شیکارییەکانی ئەو پەیامنێرەی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، بەرپرسانی ئیسرائیل “بەردەوام ڕایانگەیاندووە کە هەر جەنگێک لە داهاتوودا لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس دەبێت سەرکەوتنێکی ڕوون لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە تۆماربکرێت، بەو شێوەیەش بەرەکەی تر دوو جار بیردەکاتەوە لەبارەی بەرپاکردنی جەنگ لە داهاتوودا.”

جەنەراڵ ئەڤیڤ کۆچاڤی لە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، “پێشتر پلانی ڕووبەڕووبوونەوە پەسەندکراوە و لە ئێستاشدا یەکەیەکی ئیداری پێکدەهێنرێت بۆئەوەی لیستێک لە ئامانجەکان دیاریکەن بۆ هەرکاتێک کە جەنگ ڕووبدات لە داهاتوودا.”

هەروەها باس لەوەش کراوە کە “چەک و تەقەمەنییش بۆ ئەو مەبەستە زەخیرە کراوە، بە شێوەیەک کە چوار هێندەی دوایین جەنگ زەخیرە کراوە و، هەواڵگریی سوپایش سەدان ئامانجی ئامادەکردووە.”

بەگوێرەی وتەی ڕۆژنامەنووسەکەی ئۆرشەلیم پۆست، سوپای ئیسرائیل “دەزانێت جەنگی داهاتوو تیایدا هێرشی زەمینیی تیادا دەبێت و هەزاران سەرباز (ی ئیسرائیل) بە تانک و زرێپۆشەوە دەچنە ناو غەززەوە و لە ڕێگەی ئاسمانی و دەریاییشەوە بە شێوەیەکی زەبەلاح بۆردومان ئەنجامدەدرێت (بۆ پاراستنی سەربازەکان).”

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا غەززە بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی گەمارۆ ١٢ ساڵییەکەی سەرییەوە لە زۆر ڕوەوە داڕماوە، کە ئیسرائیل و هاوپەیمانە عەرەبییەکانی (سعودییە و ئیمارات و میسر) گەمارۆکەیان خستووەتە سەری. لە ماوەی گەمارۆکانی سەر غەززەیشدا سێ جار بە شێوەیەکی بەرفراوان هێرش بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامدراوە و قوربانییەکی زۆری بەدوادا هاتووە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەش کردووە، سوپای ئیسرائیل “پێویستی بە بردنەوەیە لە جەنگی داهاتوویدا لەگەڵ غەززە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close