جیهانی ئیسلامیدونیا

ترەمپ: تەنیا لەبەر خاتری نەوت سەربازمان لە سووریا هێشتووەتەوە

دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆککۆماری تورکیا کرد، لەکاتی پێشوازییەکەدا وەڵامی رۆژنامەڤانانیان دایەوە و ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا باس لە ئێف 35 دەکەین و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکانمان دەپارێزین.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانمان تەنیا بۆ پاراستنی نەوت لە سووریان و ئاگربەستیش جێبەجێکراوە.

ترەمپ چاوی لەوەیە پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵ تورکیا زیاتر پەرەپێبدەن و بیگەیێنێتە 100 ملیار دۆلار، لەوبارەیەوە گووتی، “بە ڕاشکاوی پێتان دەڵێم، پەیوەندی بازرگانیمان لەگەڵ تورکیا زۆر پەرەپێدەدەین، چاومان لەوەیە بە قەبارەی 100 ملیار دۆلار بازرگانی لەگەڵ تورکیا بکەین، ئێستا قەبارەی بازرگانیمان تەنیا 20 ملیار دۆلارە، بەڵام پێمانوایە هیچ نەبێت دەبێت ئەو ژمارەیە 100 ملیار دۆلار بێت. ئەمە بۆ تورکیا زۆر سوودبەخش دەبێت و بۆ ئێمەش سوودبەخش دەبێت. بەڕای من ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ تورکیا هەمانە شتێکی زۆر باشە. پێموایە زۆر بە ئاسانی دەتوانین پەیوەندی بازرگانی بگەیەنینە 100 ملیار دۆلار”.

پرسی کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس 400ـی رووسی لەلایەن تورکیا کە ترەمپی نیگەرانکردبوو، لە کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێدەکرێت و هەروەها قسە لەبارەی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35ـیش دەکەن.

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێشتنەوەی هێزەکانیان لە سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، “بەڕاستی ئەوانە سوپرایزن کە من ئەنجامم داون، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وا هێزەکانی خۆمان دەکشێنینەوە. زۆریان دەهێنینەوە وڵات، بەڵام لەهەمانکاتدا نەوتەکەش دەپارێزین”. ترەمپ وتیشی، “نەوتەکە سەلامەتە.”

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، “هەر لە یەکەم ڕۆژەوە لەگەڵ ئەردۆغان دۆستێکی زۆر باشین. شەرەفمەندم بە هاتنتان بۆ کۆشکی سپی.”

لەبارەی پاراستنی سنووری وڵاتانی ترەوە سەرۆکی ئەمریکا پرسیاری ئەوەی کرد، “بۆچی ئێمە پاسەوانیی سنووری وڵاتانی تر دەکەین؟”

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا و پرسی فڕۆکەی ئێف ٣٥ و داعشەوە ترەمپ گووتی، “تورکیا زیاتر لە ١٠٠ چەکداری داعشی دەستگیرکردووە. تاوتوێی فڕۆکەی جەنگیی ئێف ٣٥ دەکەین. لەگەڵ تورکیا بە شێوەیەکی زۆر باش شەڕی دژی داعش دەکەین”. گووتیشی، “ئاگربەست زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت”.

ترەمپ دۆخی سنوورەکانی بە “دۆخی سنوورەکان زۆر باش” ستایشکرد و سوپاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیای کرد بۆ هەماهەنگییەکانیان. لەبارەی چاودێری کردنی چەکدارانی داعشەوە ترەمپ وتی، “هێزە کوردییەکان و تورکیا چاودێریی چەکدارانی داعش دەکەن.”

لە ئێستادا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەردانێکی فەرمی لە واشنتنە و کۆبوونەوەیەکی یەک کاژێر و ١٥ خولەکیی لەگەڵ ترەمپ ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا دەرەنجامی کۆبوونەوەکە نەخراوەتەڕوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close