جیهانی ئیسلامیدونیا

گۆڤاری ناشناڵ ئینترێستی ئەمریکی: ئەمریکا زیاتر لە مانەوەی خۆی لە سووریا پێویستی بە تورکیایە

گۆڤاری ناشناڵ ئینترێستی ئەمریکی باسی لەوە کردووە، “لەوانەیە واشنتن دواجار تێگەیشتبێت کە چیتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبێ ئەنقەرە یاریزانێکی کاریگەر نییە.”

گۆڤارەکە دەڵێت، “سیناتۆر لیندزی گراهام مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ئەمریکا هەوڵدەدات تورکیا بگەڕێنێتەوە ناو پرۆگرامی ئێف ٣٥. ئەو لێدوانەی گراهام بە شێوەیەک لە شێوەکان جێگای سەرسوڕمان بوو چونکە ئەوەی دەدا بەدەستەوە کە تورکیا لە مانگی ٧ بە فەرمی لە پرۆگرامی (جەی ئێس ئێف/ جۆینت سترایک فایتەر) دوورخراوەتەوە. هەروەها هێشتا کۆنگرێس بە (سی ئەی ئەی تی ئێس ئەی) هەڕەشە لە تورکیا دەکات (کە دەزگایەکی فیدراڵیی سەربە حکومەتی ئەمریکایە بۆ گەمارۆخستنە سەر وڵاتان)، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنقەرە بڕیاریدا بە کڕینی سیستمی بەرگریی دژە موشەکی ئێس ٤٠٠ی تریومفی ڕووسی، سەرەڕای هەوڵەکانی واشنتن بۆ ڕاگرتنی تورکیا.”

لە گۆڤارەکەدا باس لەوە کراوە، لەوانەیە ڕووسیا دەستی بە کۆدە نهێنییەکانی فڕۆکەی جەنگیی ئێف ٣٥ی ئەمریکی گەیشتبێت، (کە ئەوەش زیانی گەورەی بۆ ئەمریکا دەبێت.)

گۆڤارەکە پرسیوویەتی، کەواتە بۆچی ئەمریکا بڕیاری خۆیی گۆڕیوە لەبارەی دوورخستنەوەی تورکیا لە پرۆگرامی ئێف ٣٥؟ لە وەڵامیشدا گۆڤارەکە نووسیویەتی، لەوانەیە وەڵامەکەی لەوەدا بێت کە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام کەناردەخرێت.

گۆڤارە ئەمریکییەکە نووسیویەتی، “یەکێک لە سەرچاوە گەورەکانی کێشەی نێوان ئەو دوو هاوپەیمانەی ناتۆ پشتگیریکردنی بەردەوامی ئەمریکایە بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، کە سەربە پارتی کرێکارانی کوردستانە (پەکەکە)، کە هەڕەشەیەکی گەورەی نیشتمانییە بۆ تورکیا.”

لە مانگی ئابدا واشنتن جەیمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریای نارد بۆ تورکیا، لە لوتکەی جی ٢٠یش لە ئۆساکا، دۆناڵد ترەمپ و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بازرگانیی نێوانیان بۆ ٧٥ ملیار دۆلار بەرزکردەوە. بەڵام ئەمریکا و تورکیا لەسەر پانتایی ئەو خاکەی کە تورکیا بۆ ناوچەی ئارام دیاریکردبوو ناکۆک بوون، ئەویش بەوەی کە تورکیا داوایکردبوو ناوچەی ئارام ٣٠ بۆ ٣٥ کیلۆمەتر بچێتە ناو خاکی سووریاوە، بەڵام ئەمریکا سوربووە لەسەر ئەوەی ١٠ کیلۆمەتر بچێتە ناو سووریا. دواتریش ئەردۆغان ڕایگەیاند کە تورکیا چیتر ئارام ناگرێت و ئۆپراسیۆنەکەیان دەستپێدەکەن.

گۆڤارەکە باسی لەوە کردووە، “پێشنیاری لیندزی گراهام سیناتۆری ئەمریکی بۆ گەڕاندنەوەی تورکیا بۆ پرۆگرامی (جەی ئێس ئێف) وەک دوایین هەوڵ دەبینرا، کە وەک بەرتیل دان بوو بە تورک بۆئەوەی “پرۆژەی یەپەگە” نەشێوێنن، کە پنتاگۆن ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە کاری لەسەر دەکات.”

پرۆگرامی ئێف ٣٥ی ئەمریکی گرانترین پرۆگرامی چەکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایە کە زیاتر لە یەک تڕلیۆن دۆلاری تێچووە، بەڵام دەوترێت هێشتا کێشەی تێدایە.

ئەمڕۆ ئەمریکا و ڕووسیا شەڕیانە لەنێوان بەدەستهێنانی تورکیادا و لە ئێستادا ڕووسیا هەوڵی قۆستنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا لە ئەمریکا دەدات بەمەبەستی ڕاکێشانی تورکیا بۆ خولگەکەی خۆی. لەکاتێکدا پنتاگۆن بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی “دوژمنەکەی تورکیا لە سووریا،” پوتین هەوڵی بەدەستهێنانی تورکیا دەدات لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی تەواوی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیاوە. کاتێک واشنتن ڕایگەیاند کە تورکیا لە پرۆگرامی ئێف ٣٥ دووردەخرێتەوە، پوتین ئۆفەرێکی گفتوگۆهەڵنەگری خستە بەردەم تورکیا کە ئەویش پرۆگرامی (سو ٣٥)ی ڕووسییە.

دوای خۆنواندنەکانی ئەمدواییەی لیندزی گراهام سیناتۆری ئەمریکی، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا هاوپەیمانێکی بازرگانیی گەورەی ئەمریکایە و بەشی پۆڵایینی ئێف ٣٥ تورکیا دابینی دەکات. ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوون بوو کە بەبێ تورکیا، واشنتن بە شێوەیەکی سەخت و ئەستەم دەتوانێت بەردەوامی بە پرۆگرامی ئێف ٣٥ بدات. دواجاریش ئەوەبوو ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە سووریا دا و ئاماژەکان وای دەردەخەن کە تورکیا لەوانەیە لە پرۆگرامی ئێف ٣٥دا بمێنێتەوە، بەم شێوەیەش پێدەچێت واشنتن تێگەیشتبێت کە چیتر ناتوانێت بەبێ ئەنقەرە یاریزانێکی کاریگەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، ئەگەر ئەم ئاستەنگە سەرەکییانەش سەرەنجام نەمێنن، ئەوا هیوایەک هەیە بۆئەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا بچنەوە باری ئاسایی.

بەم شێوەیەش دەتوانین بڵێین کە دوور نییە ئەمریکا هەموو هێزەکەی لە سووریا نەکێشێتەوە لە بەرامبەر ڕازیکردنی تورکیا بە مانەوەی لە پرۆگرامی ئێف ٣٥، ئەوکاتەش ڕووسیا (لەگەڵ تورکیا) بڕیاری کۆتایی لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەدەن.

کۆشش بێستانسوری

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close