دونیا

هەڵمەتێک دژی تاکە موسڵمانی حیجابپۆشی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەستیپێکرد

دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ ڕێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ئیلهان عومه‌ر ئه‌ندامی كۆنگرێس له‌سه‌ر لیستی دیموكراته‌كان له‌ ویلایه‌تی مینه‌سۆتای كرده‌ ئامانج، كاردانه‌وه‌ی ئێجگار زۆر به‌ره‌و ڕووی تره‌مپ كرانه‌وه‌.

له‌میانی چالاكییه‌كدا به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌ ئیسلامییه‌كانی ئه‌مریكا، ئیلهان عومه‌ر له‌ وتارێكدا ڕایگه‌یاندبوو، “ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له ‌دوای ١١ی سێپته‌مبه‌ر دامه‌زرێنرا. چونكه‌ ئه‌وان هه‌ستیان به‌وه‌ كرد كه‌ كاتێك كه‌سانێك شتێكیان ئه‌نجامدا، ئه‌وا ڕێگری له‌ ده‌ستڕاگه‌یشتنی ئێمه‌ به‌ ئازادییه‌ سڤیله‌كان ده‌كرێت” و مشتومڕه‌كان له‌باره‌ی ئه‌و وتانه‌وه‌ تا دێت گه‌رمتر ده‌بن.

ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك پۆست بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد مه‌به‌ستی ئیلهان عومه‌ر له‌وه‌ی “كه‌سانێك شتێكیان ئه‌نجامدا” هێرشه‌كانی ١١ی سێپته‌مبه‌ر بووه‌ و وێنه‌ی ساتی كردنه‌ئامانجی دوو تاوه‌ره‌كه‌ی دانا و به‌ مانشێتی “فه‌رموون ئێوه‌ و ئه‌و شته‌ی كه‌ كه‌سانێك ئه‌نجامیاندا” بڵاویكرده‌وه‌.

دۆناڵد تره‌مپ به‌شداریی له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا كرد كه‌ ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك پۆست ده‌ستیپێكردووه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌یه‌كه‌ به‌ هێڵی ڕاستڕه‌وی توندئاژۆ، ناسراوه‌.

له ‌ڕێگه‌ی هه‌ژماری خۆیه‌وه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر، تره‌مپ به‌ گوزارشتی “هه‌رگیز له‌بیری ناكه‌ین!” ئه‌و بڕگه‌یه‌ی له‌ گوته‌كانی ئیلهان عومه‌ر كه‌ له‌گه‌ڵ ساتی كردنه‌ ئامانجی تاوه‌ره‌كان مۆنتاژكرابوو، بڵاوكرده‌وه‌.

ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌سایه‌تییه‌ به‌ناوبانگه‌كان كاردانه‌وه‌یان دژی ئه‌م تویته‌ی تره‌مپ نیشانداوه‌.

سیناتۆری مه‌سه‌شوتس له‌ پارتی دیموكرات كه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ ده‌بێته‌ كاندیدی سه‌رۆكایه‌تیی له‌ ٢٠٢٠دا، ئێلیزابێس وارن، له ‌ڕێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، “سه‌رۆك هانی توندوتیژی دژی ئه‌ندامێكی كۆنگرێس و به‌هۆی ئایینه‌كه‌یانه‌وه‌ دژی گرووپێكی ئه‌مریكی، ده‌دات. مایه‌ی شه‌رمه‌”.

هاوكات سیناتۆری ڤێرمۆنت، بێرنی سانده‌رز، كه‌ كاندیدبوونی خۆی له‌سه‌ر پارتی دیموكرات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٢٠ ڕاگه‌یاندووه‌، له‌ تویته‌ره‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، “ئیلهان عومه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی ئازا و به‌هێزه‌. نه‌ژادپه‌رستی و ڕقی تره‌مپ قبوڵ ناكات و ئێمه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌. پێویسته‌ هێرشه‌كان بۆ سه‌ر ناوبراو كه‌ دڵ تێكه‌ڵ ده‌هێنن و مه‌ترسیدارن، بوه‌ستێنرێن”.

لای خۆشییه‌وه‌ ئه‌ندامی دیموكراتی كۆنگرێس له‌ نیویۆرك، ئه‌لێكساندرا ئۆكاسیۆ-كۆرتێز ئاشكرایكرد ژیانی ئیلهان عومه‌ر له‌ مه‌ترسیدایه‌.

هاوكات سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، نانسی پێلۆسی، له‌ لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌وانان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد هێشتا قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئیلهان عومه‌ر نه‌كردووه‌.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ به‌كارهێنه‌رانی تویته‌ر كاردانه‌وه‌یان دژی تره‌مپ نیشانداوه‌ به‌هۆی به‌ئامانجگرتنی ئیلهان عومه‌ر.

هەندێک لە بەکارهێنەرانیش بە هاشتاگی (ئیلهانۆفۆبیا) دژی وتەکانی ترەمپ و نیویۆرک پۆست و هاوشێوەکانیان نوسین و پۆستیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close