جیهانی ئیسلامیكــوردستان

ئەسەد: پەیەدە و ئەمریکا نەوتی سووریا بەتاڵان دەبەن

سەرۆکی سووریا پەیەدە بەهاوکاریی ئەمریکا بە تاڵانکردنی نەوتی سووریا تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، دووژمنی ئێمە ئەردۆغان و سیاسەتەکەیەتی نەک گەلی تورکیا.

بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی سپووتینکی رووسی رایگەیاند: “لەوەتەی داعش دەستی بە بەقاچاخبردن و بەتاڵانبردنی نەوتی سووریا کرد لە ساڵی 2014 دوو هاوپەیمانیان هەبوو، کە ئەوانیش ئەردۆغان و گرووپەکانی سەر بە تورکیا بوون لەگەڵ ئەمریکییەکان، ئیتر لەڕێگەی سی ئای ئەیەوە بووبێت یان گرووپەکانی دیکەوە.”

سەرۆکی سووریا قسەکانی ترەمپ بۆ پاراستنی نەوت لە سووریا بە راست ناودەبات و دەڵێت شتێکی تازە نییە، گوتیشی “تەنانەت کاتێک هەندێک لە کوردەکان دەستیان بە بەتاڵانبردنی نەوتی سووریا کرد، ئەمریکییەکان هاوپەیمانیان بوون، بۆیە پرسەکە نەوت و پارەیە، کە ترەمپ بەم دواییانە باسیکردووە. ئەمریکییەکان هەمیشە و بەڕێگەی جیاواز هەوڵی بەتاڵانبردنی وڵاتانی دیکەدەدەن، تاڵانکارییەکەش تەنیا نەوت یان پارە یان سەرچاوە داراییەکان نییە، بەڵکو مافە سیاسییەکانیان و هەموو مافەکانی دیکەیشیان بەتاڵان دەبەن، ئەوەش ڕۆڵی مێژووییانە، لانیکەم لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە”.

ئەسەد رەخنەی تووند لە ئەردۆغان دەگرێت و دەڵێت: “گەلی تورکیا دراوسێمانن و مێژوویەکی هاوبەشمان پێکەوە هەیە و ناتوانیان بیانکەینە دووژمنی خۆمان. دووژمنەکە ئەردۆغان و سیاسەتەکەی ئەردۆغان و گرووپەکانی سەربە تورکیان”.

لەبارەی رێککەوتنیان لەگەڵ هەسەدە، سەرۆکی سووریا گوتوویەتی، رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی “سەروەریی تەواوی خاکی سووریایە بۆ پێش ئەو کاتەی کە هێزە کوردییەکان دەستیان بەسەر ناوچەکانی ئێستادا گرتبوو.سوپاش بانگهێشتی هەسەدەی کردووە بۆ چوونە ڕێزی هێزەکانی حکومەتی سووریاوە، هەندێکیان بە گرنگییەوە لێیان روانیوە و هەندێکیشیان لەگەڵی نەبوون”.

سەرۆکی سووریا لە هەڤپەیڤینەکەیدا باس لە پەیوەندی کورد لەگەڵ حکومەتەکەی دەکات و دەڵێت: “کوردەکان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ حکومەتدا هەیە و زۆرینەیان پاڵپشتیی حکومەتی سووریا دەکەن، بەڵام ئەو بەشەیان کە ناویان پەیەدەیە، ئەوانەن کە لەلایەن ئەمریکاوە بە ئاشکرا پاڵپشتی دەکرێن، بە چەک و بە پارە و، پێکەوە نەوت بە قاچاخ دەبەن”.

بەشار ئەسەد هەروەها دەڵێت: “سیاسەتی چەند ساڵی رابردووی پەیەدە بۆ بانگهێشتکردنی ئەمریکییەکان بووە بەمەبەستی مانەوە، توڕەبوون ئەوکاتەی ئەمریکییەکان دەیانەوێت سووریا جێبێڵن و دەڵێن، ئێمە نامانەوێت بچینە ریزی سوپای سووریاوە”.

پێشتر ئیلهام ئەحمەد لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەتی لەندەنی وتوویەتی، ئەمریکا هانیداون گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی سووریا بکەن.

(ڕووداو)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close