بیروڕا

شەڕی هەسەدە و تورکیا یان شەڕی ئیسلام و کورد؟

ئەوانەی بەبۆنەی ئەم شەڕەوە هێرش دەکەنە سەر ئیسلام زۆر باش دەزانن ئەمە شەڕی کورد و ئیسلام نییە، بەڵام لە ئەنقەست وای وێنا ئەکەن بۆئەوەی بیقۆزنە بۆ زیاتر دوورخستنەوەی میللەت لە ئیسلام، ئەگینا ئەوەتا دەوڵەتێکی وەکو سعودییە و کوەیت و میسر و بەحرەین و ئیمارات ئیدانەی ئەو هێرشەیان کردووە، باشە ئۆردوگانیش هەر ئەوەندەی ئەوان لافی ئیسلامەتی لێدەدا، ئەی بۆ هەڵوێستەکەی ئەوان لە بەرژەوەندی ئیسلام لێکنادەنەوە؟

هەر وڵاتێکی ئیسلامی کەمترین شت بکات بەرامبەر کورد کە پەیوەندی بە ئیسلامیشەوە نەبێت، ئەیپێچنەوە بە ئیسلامەوە تەنها بۆ ئەو مەبەستە ناڕەوایەی خۆیان. بۆچی هەڵوێستی زۆربەی موسوڵمانانی کوردستان لەبەرچاوناگرن کە ئیدانەی ئەو هێرشەیان کردووە و بۆ ئیسلامی حیساب ناکەن لەگەڵ جیاوازی قووڵی ئایدیۆلۆژییان لەگەڵ پەکەکە، لەکاتێکدا ئەگەر پەیەدەو هەسەدە ئیسلامی بوونایە ئەمان زۆر بە ڕاشکاوی و بەبێ کەمترین سڵەمینەوە ئیدانەیان ئەکرد و پشتی تورکیایان دەگرت و ئەوانیان بە تیرۆرست لە قەڵەم دەدا.

ئەگەر ئەشڵێن تورکیا بۆچی ئیسلام ئەهێنێتە ناو هاوکێشەکەوە، ئەوە لەبەرئەوەیە کە کوردەکان هەڵوێست و مومارەسەی دژ بە ئیسلامی خۆیان ڕاگەیاندووە و ئۆردوگانیش بەکاریدێنێ وەکو وەرەقەیەک لەم شەڕەدا بۆ هاندانی میللەتی تورکیا لێیان.

یەپەگە و هەسەدە هەمان هەڵەی جەبهەی نوسرە و ئەو لایەنە ئیسلامییانە دووبارەدەکەنەوە کە لەگەڵ ئەوەی دەیانزانی دونیا هەمووی دوژمنی قاعیدەیە ئەچوون قاعیدەبوونی خۆیان ڕائەگەیاند و بەیعەتیان پێ دەدا و پاساویان دەدایە دەست ڕژێم و ڕوسیا و ئەمریکا لێیاندەن، ئەمانیش لەگەڵ ئەوەی دەزانن تورکیا دوژمنی پەکەکەیە، کەچی پەکەکە بوونی خۆیان ڕادەگەیاند، دەبوایە ئەوان تورکیایان دڵنیابکردایەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ پەکەکە نییە و تەنها بۆ بەدەستهێنانی مافی کوردەکانی سوریا هەوڵدەدەن.

ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیبینین لە ڕشانەوە بەرامبەر بە ئیسلام دەریدەخات کە چەپەکان چەند ئیشیان لەسەر خەڵکی کردووە لە ناشیرینکردنی ئیسلام و دژایەتیکردنی، بە ڕادەیەک کە لە هەر شوێنێکی دونیا موسڵمانێک هەڵەیەک بکات، ئەوان دەیقۆزنەوە بۆ ناشیرینکردنی ئیسلام و هێرشکردنە سەر موسوڵمانان.

دکتۆر کەریم ئەحمەد

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close