دونیا

کەنەدا.. دوو مامۆستا لەسەر حیجاب لە کارەکانیان دوورخرانەوە

لە کەنەدا، دوو ئافرەتی موسڵمان لەسەر ئەوەی ڕەتیانکردەوە سەرپۆشەکانیان لابەن لە کارەکانیان دوورخرانەوە.

میدیاکانی کەنەدا باسیان لەوە کردووە، دوو مامۆستای موسڵمان، لە شاری مۆنتریاڵ، لەسەر ئەوەی ڕەتیانکردووەتەوە سەرپۆشەکانیان لەسەر کار لاببەن، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا باسی قەدەغەکردنی سومبولە دینییەکان، لەناویاندا حیجاب و سەرپۆشی ئافرەتانی موسڵمان، گەرمە.

پێشنیازی قەدەغەکردنی سومبولە ئاینییەکان لە هەرێمی کیوبێک لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ناسێنرا و بەگوێرەی پێشنیازەکە، کارگوزار، مامۆستا، پەرستار و پزیشک، شۆفێری پاس، پارێزەر و خەڵکانی تر لە شوێنە گشتییەکان ڕێگەیان پێ نادرێت لەکاتی کارکردندا سومبولی ئاینی بپۆشن، هەرچەندە پێشنیازەکە بۆ هەموو ئاینەکانە، بەڵام زیاتر تەرکیزەکەی لەسەر ئافرەتانی موسڵمانی باڵاپۆشە.

کاسرین بیوڤایس نوێنەری مامۆستایانی شاری مۆنتریاڵ لەبارەی دوورخستنەوەی ئەو دوو ئافرەتە باڵاپۆشە وتوویەتی، بۆردی قوتابخانەکە پێیوتوون کە سەرپۆشەکانیان لاببەن “سەریان ڕووتکەن.”

ناوبراو وتووشیەتی: “دەبیستین کە هەندێک لە مامۆستاکانمان لە دۆخێکی خراپی کارکردندان و پرسیاری زۆر شەخسییان لێ دەکرێت لەبارەی بیروباوەڕیانەوە.” بیوڤایس وتووشیەتی: “پێشنیازەکە (کە لە ئێستادا بووە بە یاسا) دەرگای بەڕووی ئەم جۆرە ڕەفتار و پرسیارانەدا کردووەتەوە.”

لەلایەکی ترەوە، جان فرانسۆ ڕۆبێرگ وەزیری پەروەردەی هەرێمی کیوبێک لەبارەی ڕووداوەکانی دەرکردنی مامۆستایان وتوویەتی، ئەوە جێگای سەرسوڕمان نییە چونکە پێشنیازەکە بووە بە یاسا و ئەوانیش بە کردەیی جێبەجێی دەکەن.

ڕۆبێرگ وتوویەتی: “هەموو بۆردێکی قوتابخانە فەرزکراوە لەسەری کە یاسا جێبەجێ بکات، ئەوانەی جێبەجێی ناکەن، ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. ئەوانەشی نایانەوێت ڕووبەڕووی سزا ببنەوە، لەسەر کارەکانیان هیچ بژاردەیەکیان جگە لە لابردنی سەرپۆش و حیجابەکەیان نییە.”

یاساکە کە بە پرۆژەیاسای ٢١ ناسراوە، دیبەیتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە هەزاران کەسیش خۆپیشاندانی ناڕەزاییان دژی ڕێکخست و، دروشمی “هیچ کەسێک بۆی نییە بە ئافرەتان بڵێت چی بپۆشن” و “ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لە مێشکمدایە نەک بەسەر سەرمەوەیە” بەرزکرایەوە.

نێلسۆن وایزمان پڕۆفیسۆرێکی زانستی سیاسی لە زانکۆی تۆرۆنتۆ پێشتر وتبووی: “شەرعییەتدان بەو پێشنیازە زیاتر کاریگەریی لەسەر موسڵمانان دەبێت وەک لە هەر گروپ و دەستە و تاقمێکی تر، چونکە دینی موسڵمانان لە گەشەکردندا خێراترین دینە.” هەرێمی کیوبێک لە کۆی ٨.٣ ملیۆن دانیشتووانەکەی ڕێژەی ٣%یان موسڵمانن.

ئەنجومەنی نیشتمانیی موسڵمانانی کیوبێک، کە هەر لە سەرەتاوە کاردانەوەی دژ بە پرۆژەیاساکە هەبووە، سکاڵای دژی یاساکە تۆمارکردووە و هێشتاش پرۆسەکە لە دادگا بەردەوامیی هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close