دونیا

لە نەرویج گەنجێک هێرشی کردە سەر مزگەوتێک

پۆلیسی نەرویج ڕایگەیاند، گەنجێکی نەرویجی تۆمەتبارە بە کوشتنی خوشکەکەی و تەقەکردن لە مزگەوتێک لە نزیکی ئۆسلۆ و تۆمەتەکانیشی ڕەتکردووەتەوە.

ئەو گەنجە تەمەنی ٢١ ساڵە و لەلایەن میدیاکانەوە بە “فیلیپ مانشاوس” ناسراوە و، بە فەرمی تۆمەتبارکراوە بە کوشتنی خوشکە ١٧ ساڵەکەی (کە لە دایک یان باوکەوە خوشکی بووە) و، تۆمەتبارە بە “کردەوەی تیرۆریستی” و ڕۆژێک بەر لە جەژنی قوربان ١٠ی ئابی ٢٠١٩ لە ئۆسلۆ تەقەی لە مزگەوتی ئەلنوور کردووە.

لە دادگاییکردنێکدا کە درەنگانێکی ئەمڕۆ دوو شەممە ١٢ی ئابی ٢٠١٩ لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەچووە، پۆلیس داوای لە دادگا کردووە تۆمەتبارەکە بۆ ماوەی چوار هەفتە بخاتە زیندانی تاکەکەسییەوە.

یونی فریس پارێزەری تۆمەتبارەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، تۆمەتبار سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو گەنجە ٢١ ساڵە تۆمەتبارە بە چوونە ناو مزگەوتی ئەلنوور لە ئۆسلۆ، کە لەکاتی چوونە ناو مزگەوتەکەدا لانیکەم دوو دەمانچەی پێبووە و تەقەیشی کردووە، دواتر لەلایەن پیاوێکی بەتەمەنی ٦٥ ساڵانەوە ڕاگیراوە، بەڵام ئەو پیاوە بەتەمەنە بە سووکی بریندار بووە.

چەند کاتژمێرێکیش دوای هێرشەکردنە سەر مزگەوتەکە، تەرمی کچێکی گەنج لە ماڵێکدا لە ناوچەی بایروم-ی سەربە ئۆسلۆ دۆزراوەتەوە و پۆلیس ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کە خوشکە ١٧ ساڵانەکەی ئەو تۆمەتبارەیە کە هێرشی کردووەتە سەر مزگەوتەکە.

دوای ڕووداوەکەش ئێرنا سۆلبێرگ سەرۆک وەزیرانی نەرویج دڵنیایی دایە کۆمەڵگای موسڵمانان لە پاڵپشتیی حکومەت بۆیان.

لەلایەکی ترەوە، تاکە وڵاتی ئیسلامی کە لەسەر ڕووداوەکە هاتووەتە دەنگ، تورکیا بووە و نیگەرانیی خۆی لەو هێرشە چەکدارییە بۆسەر مزگەوتەکە دەربڕیوە.

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە، “زۆر دڵگران و نیگەرانین لەبارەی هێرشی سەر مزگەوتەکەی نەرویج.” چاوشئۆغڵو سوپاسی سەرۆک وەزیرانی نەرویجیشی کردووە بۆ “پەیامی ڕاستگۆیی و بوێریی دژ بە هەڵکشانی نەژادپەرستی و ئیسلامۆفۆبیا لە جیهاندا.” وەزیرەکەی تورکیا وتووشیەتی، “دەتوانین تەنیا پێکەوە بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵ ببین.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close