كــوردستانمێژوو

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیزە

ناوی تەواوی (عوسمان عەبدولعەزیز محەممەد) لە ساڵى ١٩٢٢ی زاینی بەرامبەر ١٣٤١ی کۆچی لەگوندى پریسى شارى هەڵەبجە لە بنەماڵەیەکى ئیسلامپەروەرو زاناى ناودار لەدایکبووە، شێخ عەبدولعەزیزى باوکى یەکێک بووە لەزانا ناودارەکانى کوردستان و خاوەنى مەدرەسەیەکى شەرعى بووەو دەیان مامۆستاى گەورەى پێگەیاندووە، بەرەچەڵەک دەگەڕێتەوە سەر (پیر خدرى شاهۆ) کە زاناو عارفێکى گەورەى کوردە.

هەر لەمنداڵیەوە شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لاى باوکى دەستى داوەتە خوێندنى زانستە شەرعییەکان و لەسەر دەستى باوکى ئیجازەى مەلایەتى وەرگرتووە، هەروەک خۆى لە تەفسیرەکەیدا ئاماژەى پێ دەکات باوکى کاتێک کە ویستى ئیجازەى مەلایەتى بداتێ هەندێک پرسیارى زۆر قورس و گرانى لێ دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ٢٤ کاتژمێرى مۆڵەت دەداتێ بۆ وەڵامدانەوە بەڵام ئەو هەر زۆر بە خێرایى وەڵامى پرسیارەکان دەداتەوە، ئەمەش باوکى زۆر دڵخۆش و هیوادار دەکات هەربۆیە دەڵێت: “بەڕاستى دەروونت فێنککردمەوە و سەلماندت کە پیاوێکى سەرکەوتوویت و لەوەش دڵنایتکردمەوە”.

هەر لە سەرەتاى وەرگرتنى مۆڵەتى مەلایەتى، مامۆستا لە ناوچەى نەورۆڵى شارى هەڵەبجە هەڵدەستێت بە دروستکردنى مەجلیس – ئەنجومەنێک لەگەڵ گەورە پیاوان و ناودارانى ناوچەکە بۆ (فەرمان بە چاکەو ڕێگری لە خراپە) بۆ ئەو مەبەستەش “دێ بەدێ” لەناوچەکەدا دەگەڕان بۆ بەجێهێنانى ئەو ئەرکە گەورەیە کە لەوکاتەدا کوردستان و ناوچەکەش بەتەواوى کەوتبووە بەردەم هەڕەشەى بیرى شیوعیەت و دژایەتى ئایین.

لەساڵى ١٩٥٤ دواى ئەوەى (امجد الزهاوى) و (شێخ صەواف) کارى تەنزیمى و ئیسلامى دەستپێدەکەن لەعێراق مامۆستاش وەک کەسایەتیەکى کوردى وتارى خوێندەوە بەناوى گەلى کوردەوە قسەى کرد کە دواتر دەقى وتارەکەى لەرۆژنامەى (الحیاە) ژمارە ٨٨ ساڵى ١٩٦٠ بڵاوکرایەوە کە ئەمە بڕگەیەکیەتى دەڵێت: “زۆر بەداخەوە کە موسڵمانان لە ئیسلامەکەیان حاڵى نەبوون بەڕاستى، ئەوەى کە ئەوان لە ئیسلام حاڵى بوون ئەو ئیسلامەیە رۆژئاوا وێناى کردووە کە تەنها بریتییە لە “نوێژو، رۆژو، عەقیدە، چەند کاروبارێکى کەسێتى لەنێوان خواو بەندەکان، ئەمەش بۆخۆى پەیوەندى نییە بەکاروبارى ژیانى دابڕاوی خەڵک لە هەموو بوارەکانى ترى ژیان..!

لەنێوان ساڵانى ١٩٥٨ بۆ ١٩٦٨ مامۆستا وەک “مەرجەعێک”ى گەورەى کوردستان و کەسایەتیەکى ناودار لەسەر ئاستى عێراق بەگشتی و کوردستان و ناوچەکەدا بەتایبەتى درێژەى بەکارى بانگەوازى ئیسلامى داوەو زۆر بەتوندى دژى بیرى شیوعیەت و داگیرکار- ئیستعیمار راوەستاوەتەوەو چەندین فەتواى لەوبارەیەوە دەرکردووە کە زۆر بەهێند وەرگیراون چى لەناوخۆى عێراق و کوردستان و چى لەسەر ئاستى دونیاى دەرەوەش کەئەوکات زۆرێک لە رۆژنامەکانى دەرەوە دەقى ئەو چاوپێکەوتن و فەتوایانەیان بڵاوکردوەتەوە بەتایبەتى رۆژنامەى (ئەلوەتەن).

دواى ئەوەى چەند جارێک لەلایەن دەسەڵاتى ئەو کاتەوە دەستگیردەکرێت و رەوانەى زیندان دەکرێت زۆرێک لەدۆستانى پێشنیاردەکەن کە مامۆستا بچێتە دەرەوەى وڵات تا لەدەستى حکومەتى ئەوکات رزگارى ببێت بەڵام مامۆستا ئامادەنابێت وڵات بەجێبهێڵێت و لەوەڵامدا دەڵێت:” چوونە دەرەوە ڕاکردنە لەرۆژى (زەحف)داو خواى گەورە غەزەب و قینمان لێدەگرێت”.

لەساڵى ١٩٧٤دا بەسەرۆکایەتى وەفدێکى زانایانى کوردستان سەردانى وڵاتى سعودیە دەکات و چاوى بە (ملیک فیێل)ى پاشاى وڵاتى سعودیە دەکەوێت.

لەساڵى ١٩٧٧ دواى ئەوەی بەعسییەکان دێنە دەستەڵات جارێکى دیکە دەستگیردەکرێت و هەر لەوێش بیرى نوسینى تەفسیرێکى (حەرەکى) دەکەوێتە سەر وەک سەید قوتبى شەهید، هەر بۆیەش بۆ نوسینى تەفسیرەکەى دەستپێدەکات و هەر لەوێ چەند “جوزئێک”ى ئەو تەفسیرە دەنوسێت دواتر بۆ ماوەى ١٠ مانگ دەمێنێتەوە و پاشان ئازاد دەکرێت، مامۆستا بەردەوام ئیمامى مزگەوت و وتارخوێن بووەو ماڵ و مزگەوتى بە بەردەوامی جمەى هاتووە لەئاپۆراى جەماوەرو کۆکردنەوەى خەڵکى و بەتایبەتى گەنجان بۆ ئامۆژگارى و وانە شەرعیەکان، مامۆستا بەردەوام لەمزگەوتەکەیدا بەناوی مزگەوتی (شافیعی) لە شاری هەڵەبجە وانەو موحازەرەی داوەو خاوەنی “حوجرەو فەقێ” و وانەی تایبەت بووە بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی ئاینی ، بەردەوام کۆرو کۆبوونەوەکانی بە گەنج دەورەدراوە، هۆی ئەو لەخۆبوردنو سادەیی و دڵە پرشەوقو خۆشەویستیەی بۆ خۆشەویستی خواو ئاینی پیرۆزی ئیسلام جێگەی رێزو خۆشەویستی سەرجەم خەڵکی ناوچەکەو کوردستان بەگشتی بوەو، لە ئاستی جیهانیش کەسێکی ناسراوو خۆشەویست بووەو وەک گەورەزانایەکی سەردەمی نوێ ناسراوە، لەزۆربەی کۆرو کۆبونەوەو کۆنگرە جیهانیەکان بانگهێشتکراوەو وتاری خوێندوەتەوە، بەردەوام لە کۆنگرە جیهانیەکاندا توانیویەتی دەنگی مەزڵومیەتی گەلی کورد بگەیەنێتە جیهانی ئیسلامی و خاوەنی پرۆژەی یەکگرتنوبرایەتی ئیسلامی بووە.

لەساڵى ١٩٨٧ دواى ئەوەى رژێمى بەعس فشارێکى زیاتر دێنێت بۆ ناوچەکە مامۆستا مەلا عوسمان لەگەڵ مامۆستایانى براى مامۆستا مەلا عومەرو مامۆستا مەلا عەلى و مامۆستا مەلا ێدیق و کۆمەڵێک لەمامۆستایان و زانایان و گەنجانى ئەو شارەدا هیجرەت دەکەن بۆ ئێران و ئەو بیرەى کە دەمێک بوو لەهزریدا بوو بووە خولیایەک کردیە پراکتیک – عمل -ى ئەوە بوو “بزووتنەوەى ئیسلامى” راگەیاند تا وەک بزاڤێکى ئیسلامى رەسەنى “کوردى” ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە لەناو بزافی کوردی بۆ روبەڕوبوونەوەى دوژمنە بەعسییەکان و هەموو ئەو زۆرو ستەمەى کە لەگەلى کورد دەکران.. دواتریش وەک باڵیۆز-سفیر- و قسەکەرێکى کوردى و ئیسلامى لەزۆربەى بۆنەکاندا داوەتکراوە چى لەوڵاتانى عەرەبى و چى لەئاستى جیهانیشدا توانیویەتی لە پێگەی خۆیەوە دەنگى مەزڵومیەتى گەلى کورد بگەیەنێتە ناوەندە جیهانیەکان و رەسەنایەتى گەلى کوردى بۆ ئیسلام روونکردوەتەوە کە لەوکاتەدا رژێمی عێراق هەوڵى دەدا ناسنامەى “ئیسلامى گەلى کورد” لەدەرەوەى عێراق بشێوێنێت بۆ ئەوەى بتوانێ سەرنجى جیهانى ئیسلامى بەلاى خۆیدا رابکێشێت و پشتیوانى لە حکومەتەکەى بکەن دژ بە گەلى کورد، مامۆستا وەک موجاهیدێکى ماندوونەناس درێژەى بەخەباتى دا دژ بە حکومەت و دەستەڵاتى بەعس.

لە ساڵى ١٩٩١ تا ئەوکاتەی کەوەفاتى کرد لە ساڵی ١٩٩٨ بەردەوام گەڵاڵەى پڕۆژەى کارى ئیسلامى و “یەکگرتنى” بۆ کارى ئیسلامى کردوە لەنێو هێزە ئیسلامى و رێکخراوە ئیسلامیەکاندا لەکوردستان و چەند جارێک بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنەکاندا قسەى کردوەو پڕۆژەى بۆ ئەو مەبەستە پێشکەشکردوە لەرۆژى (٢ی ئایاری ١٩٩٩) ١٤٢٠ک دواى ئەوە ماوەیەک بوو چووبووە سوریا بۆ چارەسەرى نەخۆشى هەر لە سووریا و لە ١٢ی ئایاری ١٩٩٩ کۆچی دوایى دەکات و پاشان تەرمەکەى دەگێڕدرێتەوە بۆ هەرێمى کوردستان و، لە گۆڕستانى گوڵان لە شارى هەڵەبجە بە خاک دەسپێردرێت.

گەرچى مامۆستا لەو دواییانەى تەمەنیدا خۆى تەرخانکردبوو بۆ نوسینەوەو کۆمەڵێک بەرهەمى زۆرى لا گەڵاڵە ببوو بەڵام مەرگ رێگەى پێنەداو نەیتوانی زۆریان تەواوبکات گیانى پیرۆزو پاکى گەڕایەوە بۆلاى پەروەردگار.

پێشبینییەکەی مامۆستا مەلا عوسمان بۆ کیمیابارانی هەڵەبجە

تەنها سێ ڕۆژ بەر لە کیمیابارانی هەڵەبجە، مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز ڕابەری گشتیی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە ئێرانەوە نامەیەک دەنێرێت بۆ مامۆستا مەلا عەلیی برای، کە ئەو کاتە بەرپرسی هێزەکانی بزوتنەوە بووە و دەنووسێت:

“برا گیان، داوات لێ دەکەم بە هیچ جۆرێک بەشدارنەبن لە هێرشی سەر هەڵەبجە، چونکە سەدام زاڵمە و ئەمانی نییە. سیلاحی کیمیایی بەکارئەهێنێ . ئێوە خەمی ئێرانتان نەبێت و ئەگەر گلەییان کرد ئەوە من خۆم وەڵامیان دەدەمەوە.”

بەڵێ مامۆستا پێشبینی دڕندەیی سەدامی کردبوو، بەڵام بەداخەوە هێزەکانی ئێران دەڕۆنە ناو هەڵەبجە بە هاوکاریی هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دواتریش هێزەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی بەگوێی فەرمانی مامۆستا مەلا عوسمان ناکەن و ئەوانیش دەڕۆنە هەڵەبجەوە.

ئەگەرچی لە دوای تاوانەکە قسەکردن لە پێش تاوانەکە مانایەکی نییە، بەڵام ئەگەر بەگوێی پیاوێکی ژیری وەک مامۆستا مەلا عوسمانیان بکردایە، ئەکرا ئێستا ئەو پێنج هەزار شەهیدە خاوەنی نەوە و منداڵی خۆیان بونایە.

یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانی مامۆستای کۆچکردووە ئەوە بوو کە هەمیشە دەیوت، “بە تەنیاش بم ئەم جیهادە ئیعلان دەکەم.”

لە بەرهەمەکانى مامۆستا:

  • تەفسیرى قورئانى پیرۆز بە زمانى کوردى.
  • شەرحى سەحیحى بوخارى و موسلیم بە زمانى کوردى کە تەواونەبووە.
  • ئەمەو جگە لەچەندین فەتواو وتارى هەمە چەشن کە بەداخەوە زۆربەیان نەپارێزراون.

سەرچاوەکان:
رۆژنامەی باسک ژمارەی تایبەت ٢٠١٣.
ژیانی مامۆستا مەلا عوسمان نامەی ماستەری م .عبدالرحمان محمد.
ژیانی ماموستای رابەر – تەلەفزیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close