جیهانی ئیسلامی

ئیسرائیل مزگەوتێکیی مێژوویی کرد بە باڕ

کەناڵی (ئەلقودس ئەلعەرەبی) و میدڵ ئیست مۆنیتەر بڵاویانکردووەتەوە، شارەوانیی شاری صەفد مزگەوتی ئەلئەحمەری لەو شارە کردووە بە باڕ و هۆڵی بۆنەکان.

ئەو شارە کە لە ساڵی ١٩٤٨دا لەلایەن زایۆنییەکانەوە داگیرکراوە، مزگەوتی ئەلئەحمەر تیایدا یەکێکە لە مزگەوتە هەرە مێژووییەکانی شارە عەرەبییەکە.

باڵەخانەی مزگەوتەکە یەکەمجار کراوە بە قوتابخانەیەکی جوولەکە و دواتریش کراوە بە ناوەندێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنی حزبی لیکود (کە نەتەنیاهو سەرۆکایەتیی دەکات) و پاشان پێش کردنی بە مەلها و باڕ کراوە بە کۆگای پۆشاک.

کەناڵی (ئەلقودس ئەلعەرەبی)ی لەندەنی لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە، ئەو مزگەوتە لەلایەن شارەوانیی شارەکەوە کراوە بە باڕ و مەلها و هۆڵی ئاهەنگی هاوسەرگیری و بۆنەکان و ناوەکەی لە مزگەوتی ئەلئەحمەرەوە گۆڕاوە بۆ خان ئەلئەحمەر.

خەیر تەبەری سکرتێری دامەزراوەیەکی ئیسلامی بۆ هاوکاریی ماددی لە شاری صەفد ڕایگەیاندووە، چاوەڕێی بڕیاری دادگا بووە دوای ئەوەی سکاڵای تۆمارکردووە و، بەڵگەی پێویستی خستووەتەڕوو لەبارەی خاوەندارێتیی ئیسلامیی مزگەوتەکەوە.

تەبەری داوای لە کەس و لایەنە جیاوازە سیاسییەکان کردووە بۆئەوەی هەماهەنگی و هاوکاریی لەگەڵ بکەن بۆ ڕزگارکردنی مزگەوتەکە لە پێشێلکاری.

شاری صەفد لە ساڵی ١٩٤٨دا ١٢ هەزار فەڵەستینیی تیادا دەژیا و بەزۆر لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیلەوە ناچار بە چۆڵکردن و جێهێشتنی ماڵەکانیان کران.

باسی لەوەش کردووە، باڵەخانەی مزگەوتەکە لە ئێستادا کراوەیە بەڕووی هەموواندا بۆ هەموو شتێک بێجگە لە نوێژ و ئەرکە ئاینییە ئیسلامییەکانی موسڵمانان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close