بیروڕا

کۆستەکان و کۆسپەکان لە حەسەن بەننا ‌ تا موفتی زادە

نووسینی: ناسیح مەلا کەریم

تێبینی:
قسەکردن دەربارەی کەسایەتیەکان مانای پیاھەڵدان و گەو‌رەکردنیان نیە زیاد لە قەبارەی خۆیان . ھاوکات رەخنەگرتن لە دید و بۆچوونەکانیان ئاماژەی ( تەنقیێ) و کەمکردنەوەی پێگە و قوربانیدانیان نیە.

١/٤ کۆسپەکان:

نەزان ونەشارەزان ئەوانەی وا بزانن گەیاندنی ئاین و ئاشناکردنی مرۆڤایەتی بە پەیامی ناوازەی خودایی، کارێکی ئاسانە و رێگای بانگەوازی ئیسلامی بە گوڵ چێنراوە، کۆسپەکانی بەردەم بڵاوبوونەوەی ئایین زۆرن، لەوانە:

نەزانین لای موسڵمانان بەرامبەر دینەکەیان، بێسەروبەری وپەرتەوازەیی.

دووبەرەکی، فرەمیمبەری وفرە مەرجەعی، دەمارگیری، حساب نەکردن بۆ دوژمن، بێئاگایی لە سوننەتی خوای گەورە و یاساکانی شکست وسەرکەوتن، دەروونبەزیوی، باڵادەستی نەیارانی دین… ھتد.

٢/٤ کۆستەکان

زاڵبوونی کەمایەتیکی خۆسەپێن و وەلانانی شەریعەت، ( دیسان) بێسەروبەری وپەرتەوازەیی، تێرۆری فیکری،غافڵکوژی وتێرۆری جەستەیی، پەراوێزخستنی موسڵمانان، زیندانیکردن، راوەدوونان، ھاوڵاتیبوونی پلەدوو( بۆ موسڵمانان) ، تۆمەتبەخشینەوە، ، رۆژ لەدوای رۆژ زاڵبوونی عەقڵیەتی مادیەگەرایی ، لاوازبوونی بەھاکان، دۆگمایی و خۆدزینەوە لە پیداویستیەکانی سەردەم… ھتد.

٣/٤ حەسەن بەننا
دوای روخاندنی خیلافەتی عوسمانی ( ئیسلامی) شپرزەیی و بێسەروبەری رووی لە جیھانی ئیسلامی کرد و موسڵمانان بێھیواییەکی زۆریان پێوە دیار بوو. یەکێک لەو کەسانەی بەستەڵەکی بێھیوایی شکاند و جارێکی تر ھیوای بۆ موسڵمانان گیڕایەوە ( حەسەن بەننا) بوو، لە کاتێکدا کە نەیارانی نێوخۆی و دەرەکی ئیسلام، لە لوتکەی ھێز و دەسەڵاتیاندا بوون.

(بەننا) توانی لە ماوەی بیست ساڵی تەمەنی بانگەوازدا ( ١٩٢٨- ١٩٤٩) گەورەترین رابوونی سەردەمی نوێ لەسەر بنەمای ھزری دروست رابگەیەنێت، وەک شاعیرێک لە وەسف و کاریگەری بزوتنەوەکەی بەننادا دەلێت:
کام چەکەی زۆر تۆقێنەر بوو لە ڕووی زەمین
یان وەک ئەتۆم ترسێنەر بوو
درابووشە دەست خوێنڕێژی وەک (ستالین)
بڕوات نەبوو کاریگەر بێت لە شەستەکان
وەک یەک پیتی وشەی (ئیخوانولموسلیمین)!

رەوتەکەی بەننا لەو تەمەنە کورتەدا نەیارانی دینی ھێنابوو بە چۆکدا و خەوی لە چاوەکانیان تۆراند بوو بەتایبەت جولەکە.. بۆیە کەوتنە پیلانگێڕی و تا ئەوە ‌بوو (نەقراشی پاشا) لە ژێر فشاری رۆژئاوا و جولەکە لە ٨/١٢/١٩٤٨ بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی ( برایانی موسڵمان)ی راگەیاند.

پاش تەنھا چوار مانگیش لەم بڕیارە گەورترین کارەسات ڕووی لە کۆمەڵەی (برایانی موسڵمان) کرد و پیشەواکەیان (حەسەن بەننا) لە ١٢/٢/١٩٤٩ بە ‌پیلانێکی نێودەوڵەتی و بە شیوەیەکی ناپاکانە شەھید کرا.

شەھیدکردنی (بەننا)، ئەگەرچی کۆستێکی گەورە و گورزێکی گورچک بڕ بوو لە کۆمەڵەی برایان و خەسارەتێکی گەروە بوو لە ئوممەتی ئیسلام، بەڵام نەبوو بە کۆسپ لە بەردەم تەوژمی بانگەوازەکی بەننا، بەڵکو تەرز و لقەکانی بزوتنەکەی بە جیھانی ئیسلامیدا بڵاوبوویەوەو بڕوا ناکەم بزاڤێک و رەوتێکی سیاسی ئیسلامی ھەبێت لە سەر ئەم ھەسارەیە لە ژێر کاریگەری و ھەژموونی فیکری بەننا دا نەبێت یان نەبووبێت – کەم تا زۆر.

ئەوەی جێی تێڕامان و ھەڵویستە لەسەرکردنە ئەو پرسیارەیە کە : داخۆ بزوتنەوەکەی ( بەننا ) پاش خۆی ئاراستەی فیکری بەرەو کوێ رۆشت؟

وەڵامی پرسیارێکی لەم جۆرە سەنەھی نیە و دەیان توێژینەوە ھەڵدەگرێت ( چ بە رەخنە وە چ بە پاسا و پیاھەڵدان) … بەڵام وەک شاعیرێک لە وێناکردنی حاڵی ئیستای دەستنەمامەکەی بەننا دەڵێت:
بەڵام ئەمڕۆ ھو‌تافی ( الجھاد)ەکەش
وا بووەتە مایەی پێکەنین!
چونکە ( جیھازە شێرەکەی ) ئیمام بەننا
ھەر لە دوای خۆی مۆمیا کرا و
نینۆک و دانی ھەڵوەرین!

٤/٤ موفتی زادە
ئەگەر (بەننا) لە رۆژئاوای ئیسلامی سومبولی بوێری و بەرخۆدان و خزمەت بێت، ئەوا (موفتی زادە) لە رۆژھەڵاتی ئیسلامیەوە نموونەی بۆ خوا سوڵحان و نەتەوەپەروەر و بانگخوازی بە ئارام و دەرچوی قوتابخانەکەی ( ئیبنوحەنبەلە)!

موفتی زادە شانبەشانی زانایانی تری ئەھلی سوننەت لە نەتەوە جیاوازەکانی تری ئیران، وێڕای نەگونجانی ژینگەی سیاسی و مەزھبی، بەڵام ئەو بە کۆڵنەدان و خۆگری و دڵسۆزی توانی نەوەیەک پەورەدە بکات و ھەمیشە لە خەمی نەتەوەکەی و لە ‌پێشەوەی داکۆکیکارانی میللەتە مافخوراوەکەیدا بێت.

ئەگەرچی – وەک ھەندێک باسی لێوە دەکەن – لەسەرەتای سەرھەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئیران دژ بە نیزامی پەھلەوەی لە ساڵی ١٩٧٩، موفتی زادە بەڵینی ( خودموختاری – حوکمی خۆجێی ) پێدرابوو بۆ کوردان، ھەندێکیش دروشمی ( کاک ئەحمەد و خومەینی رابەری شیعە و سوننی)یان بەرز کردبوویەوە، بەڵام ئەفسوس کاربەدەستانی ئێران خاوەن بەڵێنی خۆیان نەبوون و سەرجەم نەیارەکانی خۆیان لە ‌ناوبرد بە ئیسلامی و چەپ و لیبرال و ھتد.. لەناویشیاندا موفتی زادە کە نزیکەی ١٠ ساڵ لە زیندان بوو، و ە بەھۆی کاریگەر‌ی رەوشی زیندان لە سەر تەندروستی، لە ٩/٢/١٩٩٣ گیانی پاکی سپارد و بەمەش ھەم شاگردەکانی ھەتیو کەوتن ،ھەم ئەھلی سوننەت کۆستیکی گەورەیان لێکەوت و سەرکردەیەکی دەگمەنیان لەدەستدا، کە ئەستەمە بە ئاسانی جێی پڕ بکرێتەوە.

موفتی زادە سەرباری ئەوەی کەسێکی رۆحانی بوو وە لەخەمی مرۆڤەکاندا بوو ، بەڵام ئەو ھەمیشە دەیووت: نەتەوەکەم سێ ستەمی لەسەرە؛ ستەمێکی ( مەزھەبی) ستەمێکی ( نەتەوەیی) ستەمیکی ( عیمرانی – ئاوەدانی).

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا شاگردەکانی ( موفتی زادە ) تا چەندە توانیویانە پرنسیپ و بنەما ھزریەکانی رێبەرەکەیان پیادە بکەن و لانی کەم لە ناوچە کوردنشینەکاندا بەرجەستەی بکەن ( سەرباری رێوشوێنە ئەمنیەکان )؟

ماوەتەوە بلێین: ( بەننا و موفتی زادە ) کۆتایی بە ‌ژیانیان ھات، بەڵام کاروانی بانگخوازان و موجاھیدان و دلسۆزانی ئەم دینە بەردەوام دەبێت، سەرباری کۆستەکان و کۆسپەکان و لەدەستدانی دەیان و سەدان لە قوتابیانی قوتابخانەکەی ( ئەرقەمی کوڕی ئەبی ئەرقەم ) کە موحەممەدی پێغەمبەرمان – درود و سەلامی خوای لەسەر بێت- مامۆستایەتی و سەرقافڵەی ئەو کاروانە موبارەکەیە.

ھەروەھا جێی خۆیەتی ڕووی دەممان لە ھاوڕایان و ھاوبیرانی ( بەننا و موفتی زادە) بکەین و بڵێین: گەورەترین ڕێزلێنان و دڵسۆزی بۆ رابەرەکانتان، ( ژیانکردنە ) بەو شێوەی ئەوان کردیان لە ( برایەتی ) و ( خاکدۆستی ) و( مرۆڤدۆستی) و ( رۆشنفیکری) و( رۆحانیبوونی ) ئاوێتە بە خۆشەویستی خوای گەورە، دوور لە دەمارگیری و شەخێەنە و مرۆڤپەرستی.

نووسینی: ناسیح مەلا کەریم

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close