جیهانی ئیسلامیدونیا

دوایین قسەکانی جەمال خاشقچی ١٠ خولەک بەر لە کوشتنی

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی کوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودی، ڕۆژنامەی سەباحی تورکی دوایین قسەکانی خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە، قسەکان ١٠ خولەک بەر لە کوشتنی خاشقچییە.

دەقی قسەکانی خاشقچی لەگەڵ تیمەکەی سعودییە بەر لە کوشتنی:

موتریب: نامەیەک بۆ کوڕەکەت بنێرە
خاشقچی: چی پێ بڵێم؟
موتریب: نامەیەکی بۆ بنووسە و با منیش بیبینم.
خاشقچی: چی بۆ بنووسم؟ بنووسم بەم زوانە یەکتری دەبینین؟
ئەندامێکی تیمەکەی سعودییە: با کۆتایی بەمە بێنین.
موتریب بۆ خاشقچی: ئەمە بۆ کوڕەکەت بنووسە، “من لە ئیستانبوڵم، ئەگەر ناتوانیت بێیتە لام، نیگەران مەبە.” ئاوا بنووسە.
خاشقچی: ناتوانم ئەوە بڵێم، ئەمە ڕفاندنە.
ئەندامێکی تیمەکەی سعودییە: چاکەتەکەت داکەنە
خاشقچی: چۆن ئەمە لە کونسوڵخانەدا ڕوودەدات؟ من هیچ نانووسم.
ئەندامێکی تیمەکەی سعودییە: با کۆتایی بەمە بێنین.
خاشقچی: من هیچ نانووسم.
موتریب: بەڕێز جەمال، بنووسە.. خێراکە. هاوکاریمان بکە و ئێمەش دەتوانین هاوکاریت بکەین، چونکە ئێمە دواجار دەگەڕێینەوە بۆ سعودییە، ئەگەر تۆش هاوکاریمان نەکەیت، ئەوە چاک دەزانیت چی ڕوودەدات لە کۆتاییدا.
خاشقچی (کە وادیارە سەیری سەر مێزەکەی کردووە لەکاتی ئەم قسانەدا): لێرە خاولییەک هەیە، ئایا ئێوە دەرمانم پێ دەدەن؟
موتریب: بێهۆشت دەکەین.

دوای ئەوەی دەرمانیان داوە بە خاشقچی و پێش ئەوەی خاشقچی لەهۆش خۆی بچێت، خاشقچی هاواریکردووە: ڕەبۆم لەگەڵە، وامەکەن، ئێوە من دەخنکێنن.

ئەمانە دوایین وتەکانی خاشقچی بوون، دواتریش بکوژەکانی تورەکەیەکیان کردووەتە سەری و خنکاندوویانە.

بەگوێرەی تۆمارە دەنگییەکان، دوای کوشتنەکەشی (کە لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بوو) تیمە سعودییەکە باسیان لەوە کردووە کە ئایا دەکرێت تەرمەکەی لە جانتادا جێگابکرێتەوە، دواجاریش ئەوەبوو کە تەرمی خاشقچی پارچەپارچە کرا و تا ئێستاش هیچ پارچەیەکی تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close