جیهانی ئیسلامی

پۆلیسی ئیسرائیل و جولەکە دەمارگیرەکان هێرشیان کردە سەر مزگەوتی ئەقسا

پۆلیسی ئیسرائیل ده‌ستی وه‌ردایه‌ كاری ئه‌و فه‌ڵه‌ستینیانه‌ی کە له‌ حه‌ره‌می شه‌ریف ده‌یانویست رێگه‌ له‌و جوله‌كه‌ ده‌مارگیرانه‌ بگرن كه‌ هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر مزگه‌وتی ئه‌قسا و، هێرشیان کردە سەر فەڵەستینییەکان، بەو هۆیەشەوە لانیکەم ٣٧ نوێژخوێن لەناو حەرەمی مزگەوتی ئەقسا برینداربوون.

سه‌دان فه‌ڵه‌ستینی به ‌مه‌به‌ستی راگرتنی ئه‌و جوله‌كه‌ ده‌مارگیرانه‌ی هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر مزگه‌وتی ئه‌قسا له‌ قودسی رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو، كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی یه‌ك كاتژمێر له‌ ئه‌نجامدانی نوێژی جه‌ژن دوابكه‌ون له‌ ده‌رگای مه‌غاریبه‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاوای حه‌ره‌می شه‌ریف، گردبوونه‌وه‌ و داوایان له‌ پۆلیسی ئیسرائیل كرد ده‌رگا به‌ رووی جوله‌كه‌ ده‌مارگیره‌كاندا نه‌كه‌نه‌وه‌.

له‌كاتێكدا فه‌ڵه‌ستینییه‌كان به‌ وتنه‌وه‌ی ته‌كبیر و دروشم كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر پۆلیسی ئیسرائیل نیشاندا، سه‌دان جوله‌كه‌ی ده‌مارگیر له ‌لایه‌كانی دیكه‌ی ده‌رگای مه‌غاریبه‌وه‌ له‌ ئاماده‌كاریدابوون بۆ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر حه‌ره‌می شه‌ریف.

به‌رپرسانی وه‌قفه‌ ئیسلامییه‌كانی قودس رایانگه‌یاند، پۆلیسی ئیسرائیل به‌ به‌كارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ، بۆمبی ده‌نگی و گولـله‌ی پلاستیكی ده‌ستیان وه‌ردایه‌ كاری فه‌ڵه‌ستینییه‌كان و به‌مهۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك فه‌ڵه‌ستینی برینداربوون.

ئه‌و به‌رپرسانه‌ كه‌ نه‌یانویست ناویان ئاشكرابكرێت ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردووە، پۆلیسی ئیسرائیل ژماره‌یه‌ك فه‌ڵه‌ستینیی ده‌ستگیركردووه‌ و هه‌وڵیانداوه‌ حه‌ره‌می شه‌ریف چۆڵبكرێت و ده‌رگاكانیان داخستوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close