جیهانی ئیسلامیدونیا

٢٤ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی موسڵمانانی بۆسنەدا تێپەڕی

ئه‌مڕۆ لە یادی ٢٤ ساڵەی کۆمەڵکوژییەکەی سریبرینیکادا رووفاتی ٣٣ قوربانیی دیكه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ به‌ خاك سپێردران، كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین تراژیدیای مرۆیی داده‌نرێت له‌ دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م له‌ ئه‌وروپا و، تیایدا لانیكه‌م هه‌شت هه‌زار و ٣٧٢ كه‌سی مه‌ده‌نی بۆ‌سنی تیایدا به‌ شێوه‌یه‌كی بێبه‌زه‌ییانه‌ كۆكوژكران.

هه‌موو ساڵێك له‌ ١١ی ته‌مووزدا له‌ مه‌زارگه‌ی یاده‌وه‌ری پۆتۆچاری كه‌ قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی تیادا به‌خاكسپێردراوه‌، رێوڕه‌سمێك بەو بۆنەیەوە رێكده‌خرێت.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ١١ی ته‌مووزی ١٩٩٥دا، شاری سرێبرێنیکای خۆرهه‌ڵاتی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا (بۆسنە و هەرزگ) له‌لایه‌ن یه‌كه‌كانی سربیاوه‌ داگیركرا، كۆمه‌ڵكوژیی تیادا ئه‌نجامدرا، دوای ساڵانێك له‌و رووداوه‌ تراژیدیایه‌ رووفاتی ٣٣ قوربانیی دیكه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ دۆزرایه‌وه‌ و، ئەمڕۆ دوای نوێژی نیوه‌ڕۆ به ‌خاك سپێردران.

هەر لەکاتی کۆمەڵکوژییەکەدا، جگە لە شەهیدکردنی زیاتر لە ٨٠٠٠ موسڵمان، زیاتر لە ٣٠ هەزار ئافرەتی موسڵمانیش دەستدرێژیی سێکسی کرایە سەریان و لاقە کران.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ٢٤هه‌مین ساڵیادی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی له‌ ساڵی ١٩٩٥دا له‌ شاری سرێبرێنیکا لە خۆرهه‌ڵاتی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا (بۆسنە و هەرزگ) روویدا، له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ توڕی کۆمەڵایەتیی تویته‌ر په‌یامێكیشی بڵاوكرده‌وه‌.

سه‌رۆک كۆماری توركیا رایگه‌یاندووە، ”به‌درێژایی مێژوو هه‌رگیز كۆمه‌ڵكوژی سرێبرێنیکا له‌بیرناكرێت، كه‌ به‌ به‌رچاوی ئه‌وروپاوه‌ روویدا و هەشت هەزار و ٣٧٢ كه‌سی بێتاوان تیایدا بوونه‌ قوربانیی. له‌ ٢٤هه‌مین ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی سرێبرێنیکادا داوای لێخۆشبوون له‌ خوا بۆ خوشك و برایانی شه‌هیدی بۆسنی-یم ده‌كه‌م و سه‌ره‌خۆشی له‌ گه‌لی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا (بۆسنە و هەرزگ) ده‌كه‌م.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close