جیهانی ئیسلامی

دەیان هاووڵاتی میسر لە هەرکاتێکدا ئەگەری لەسێدارەدانیان هەیە

ڕۆژی شەممە ٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩ ئەحمەد سەدومە، کە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەستگیرکراوە و تۆمەتی تیرۆر و هەوڵدان بۆ کوشتنی دادوەری فیدراڵی خراوەتەپاڵ، سزاکەی لە لەسێدارەدانەوە بۆ ١٥ ساڵ زیندانی کەمکرایەوە.

لەلایەکی ترەوە دادگای باڵای میسر سزای لەسێدارەدانی بەکر ئەبوغالبی ٣٧ ساڵیشی هەڵپەسارد، کە هەمان کەیسی ئەحمەد سەدومەی هەیە.

ئەبوغالب لە زیندانی وادی نەترون لە نزیک ئەلیکساندەریە زیندانی کراوە، کە تیایدا تەندروستیی بەرەو خراپی چوو و چارەسەرکردنی پزیشکیی پشتگوێخرابوو.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ٨٣ هاووڵاتیی میسری ئەگەری ئەوەیان هەیە کە لە هەر کاتێکدا لەسێدارە بدرێن و کۆتایی بە ژیانیان بهێنرێت.

سەرچاوە میدیاییەکان، بە پشتبەستن بە سەرچاوەی تایبەت باسیان لەوە کردووە، لەوەتەی عەبدولفەتاح سیسی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ١٤٤ کەسی لەسێدارە داوە و فەرمانی لەسێدارەدانیشی بۆ زیاتر لە دوو هەزار و ٤٠٠ کەس دەرکردووە، کە دەیانیان منداڵن.

بەو پێیەش بێت، میسر، هاوتا لەگەڵ ئێران و سعودییە، یەکێکە لەو ١٠ وڵاتەی کە زۆرترین ژمارەی هاووڵاتی تیایدا ەلسێدارەدراوە.

لە مانگی شووباتدا عەبدولفەتاح سیسی لە وەڵامی وڵاتانی ئەوروپادا بۆ کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدان ڕایگەیاند، “ئێوە (ئەوروپییەکان) ناتوانن مرۆڤایەتی فێری ئێمە بکەن.”

سیسی هەر لە وەڵامی وڵاتانی ئەوروپیشدا وتی، “لێرە، لە وڵاتەکانی ئێمەدا، لە هەرێمە عەرەبییەکەماندا، کاتێک کەسێک لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا دەکوژرێت، خانەوادەکانیان دێن و پێم دەڵێن کە دەیانەوێت تۆڵەی کوڕەکانیان و خوێنی کوڕەکانیان بکەنەوە و، ئەمەش ئەو کولتورەیە کە لە هەرێمەکەدا بوونی هەیە.”

چەندین ڕاپۆرتی حکومەتی میسریش هەن کە تیایدا نەیارانی حکومەت نەک بە تیرۆریست ناودەبەن، بەڵکو نەیاریی نەیارانی حکومەت بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەکاردەهێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close