بیروڕا

شەماڵ موفتی: شایەتومان مرۆڤ لە وڵاتی کوفرەوە بۆ سنووری ئیمان دەگوازێتەوە

مامۆستا شەماڵ موفتی هەر لەبارەی ئەو کەسانەی کە کۆمەڵگا کافر دەکەن دەڵێت:

بە چ حەقێک و بە چ بەڵگەیەک میلـلەتێکی گەورە، کۆمەڵگەیەکی گەورە کافر دەکەیت؟! ئیمان شتێکە لە دڵدایە و تەنها خوای گەورە پێی دەزانێت، ئێمە ڕووی دەرەوەمان لەسەرە. هەزاران کەس هەن لە کەسوکارمان و لەم میللـەتە ئەرکەکانی ئیسلام بەجێ ناهێنن، بۆمان نییە پێیان بڵێین (کافرن)، کە وتی (لا الە الا اللە محمد رسول اللە) ئیتر ئەو مرۆڤە موسڵمانە، بەڵام بەجێهێنانی فەرزەکان کە لە دیندا پێی دەوترێت (ما معلوم من الدین بالضرورة) ئەکەوێتە دوو حاڵەتەوە:

١- بەجێی ناهێنێت لەبەرئەوەی کاتی نییە، لەبەرئەوەی کەمتەرخەمی ئەکات، یاخود لەبەر تەمبەڵی، ئەوە زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی کە بەجێی ناهێنێت چونکە باوەڕی پێی نییە. بۆ نمونە لە کەسێک ئەپرسن بۆ نوێژ ناکەیت؟ ئەڵێ، بۆم ناکرێ و کاتم نییە و باوەی هەیە بە نوێژ، بەڵام نایکات، ئەوە پێی ئەوترێت (عاصی)، واتە یاخی.. یان پێی دەوترێت (فاسق) و پێی ناوترێت (کافر).

٢- بەڵام ئەوەی نکۆڵی لە نوێژ و فەرزەکانی تری ئیسلام ئەکات و ئەوەی پێی ئەوترێت (ما معلوم من الدین بالضرورة)، ئەوە خۆی خۆی کافر دەکات. جا ئەو جۆرە کەسانە کە بە ڕەشبین سەیری کۆمەڵگا دەکەن، فەرموودەیەکیان بیردەخەینەوە کە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) ئەفەرموێت (ئەو موسڵمانە کە نەعلەت ئەنێرێت بۆ موسڵمانێک ، ئەبێت ئەو لەعنەتە ساغ ببێتەوە بەسەر یەکێکیاندا) یان ئەوەی کە قسەکەی کردووە یان ئەوەی کە قسەکەی پێ وتراوە، ئەم لەعنەتە بەرزئەبێتەوە بۆ بارەگای خوای گەورە، لە ڕێگەی ئەو چاودێرانەوە کە خوای گەورە دایناون لەسەر شانمان، ئەگەر لە (لوح المحفوظ)دا ئەوەی کە قسەکەی پێ وتراوە نووسرابوو کافر، لەوانەیە ئەو کەسە تووشی هیچ گرفتێک نەبێت، بەڵام ئەگەر نەنووسرابوو؟! ئەوا ئەو لەعنەتە دێتە خوارەوە بۆ سەر ئەو کەسەی کە قسەکەی کردووە و پێی کافر ئەبێت، ئەگەر تەوبە نەکات و بمرێت ئەوا بە کافری دەمرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close