جیهانی ئیسلامی

غەززە.. بزوتنەوەی حەماس فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی خستەخوارەوە

فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی ئیسرائیل له‌ باشووری كه‌رتی غه‌ززه‌ی گه‌مارۆدراو له‌لایه‌ن بزووتنەوەی حه‌ماس-ه‌وه‌ خرایه‌خواره‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یاندنەکانی ناوخۆیی فه‌ڵه‌ستین، یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌ بزووتنه‌وه‌ی به‌رگریی ئیسلامی (حه‌ماس) له‌ خۆرهه‌ڵاتی شاری ره‌فەح باشووری كه‌رتی غه‌ززه‌، فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئیسرائیلی خستووەتەخواره‌وه‌.

له‌ هه‌واڵه‌كاندا باس له‌وه‌ كراوه‌، ئه‌و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌ی کە خراوه‌ته‌خواره‌وه‌ له‌ جۆری “quadcopter”ه‌ و له‌ لایه‌ن حه‌ماس-ه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌.

ئیسرائیل خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌ و ئافیخای ئەدرعی وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاویكردووەتەوە، ئه‌وه‌ی پشتڕاستکردووەتەوە كه‌ فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی وڵاته‌كه‌ی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ خراوه‌ته‌خواره‌وه‌.

ئافیخای ئەدرعی باسی له‌وه ‌كردووە كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ كه‌ شه‌وی رابردوو له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ خراوه‌ته‌خواره‌وه‌.

پێشتر ژمارەیەکی زۆر فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی سوپای ئیسرائیل له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ خراونه‌ته‌خواره‌وه‌، به‌تایبه‌تی ماركه‌ی سكای لارك.

كه‌رتی غه‌ززه‌ كه‌ نزیكه‌ی دوو ملیۆن فه‌ڵه‌ستینی تیادا ده‌ژی له‌ ساڵی ٢٠٠٦ه‌وه‌ تا ئێستا له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ له‌ وشكانی، ئاسمان و ده‌ریاوه‌ گه‌مارۆی خراوه‌ته‌ سه‌ر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close