بیروڕا

دیوە شاراوەکەی یونس ڕاوی

لە ناپیاوی ئەو کەسانە بترسە کە پیاوەتیان لەگەڵدا دەکەیت[علی کوڕی ئەبی تالب]

کەم نین ئەو مرۆڤانەی کە بە دوو سیما، دوو شێوە، دوو مەشهەد، دوو کەسایەتی خۆیان نمایش دەکەن. لە کوردەواریدا بەو جۆرە کەسانە دەوترێت دووڕوو یا دەمامکدار.

ئەم جۆرە کەسانە زۆر مەترسیدارن بۆ سەر کۆمەڵگا، چونکە لەژێر ڕووە دیارەکەیاندا یا ڕووە باوەکەیاندا ڕوویەکی دی خۆی حەشارداوە، کە پێچەوانەی ڕووە دیارەکەیەتی. لێ سیما داپۆشراوەکەی ئەم جۆرە کەسە دەمامکدارانە هەموو کات بەدەرناکەوێت، چونکە تا بۆیان بکرێت هەوڵی شاردنەوەی دەدەن. مەگەر کاتیک ئەو دەربکەوێت کە کەسەکە دەکەوێتە مەوقفێکەوە کە چیتر دەربازبوون لێی ئەستەم دەبێت و ئیتر لەو کاتەدا دەمامکەکەی سەری دەکەوێت و، ڕووە ناشیرینەکەی دەردەکەوێت، وەک [پادشای لێدێت لە بەرگە نوێکەیدا].

یونس ڕاوی یەکێکە لەو کەسە دووڕوو و دەمامکدارانە. ئەم مرۆڤە وەک هزر و زانیاری زۆر زیرەک و بەتوانایە، بەتایبەتی لە ئیسلامناسیدا، کە ئەمە لایەنێکی ئیجابییە.

بەڵام لایەنێکی دیکەی یونس کە زۆر زۆر ناشیرینە و قێزەوەنە و دەشێ زۆر کەس دەرکی پێ نەکردبێت، ئەویش بەکارهێنانی برادەرەکانیەتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی یا دەستبڕینیان، کە ئەمەش سپڵەیی و بێ ئەمەکیی ئەم مرۆڤە دەگەیەنێت. جا ئەم خەسڵەتە ناشیرینەی تەنها ئەو کاتانە دەردەکەون کە بەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا ڕوودەدەن.

من وەک گۆران هەڵەبجەیی دووربەدوور یونس ڕاویم ناسیوە، واتە لە ڕێگەی فەیسبووک و میدیاکانی کوردستانەوە ئاگاداری بۆچوون و هەڵوێستەکانی بووم کە تا ڕادەیەک پێی سەرسام بووم.

هەر لەم ڕوانگەوە ئێمە وەک ناوەندی سیکۆلار لە دانیمارک ویستمان سوود لە تواناکانی وەربگرین. بۆیە دوو ساڵ لەمەوبەر داوەتمان کرد بۆ دانیمارک تا سەمینارێکمان بۆ سازبکات.

بە نامە و تەلەفۆن لەسەر هەموو شت ڕێککەوتبووین، بەر لە وادەی سەمینارەکە بە دوو ڕۆژ لە سوید بوو، لەپڕ تەلەفۆنی کرد کە ناتوانێت سازی بکات، چونکە بڕیاری داخستنی فڕۆکە خانەکانی کوردستان درابوو. تێمگەیاند کە کات لەبەردەستدایە بۆ سازدانی سەمینارەکە و دەتوانێت ڕۆژی سەمینارەکە یا ڕۆژی دوای سەمینارەکە سەفەر بکەیت و، تا ئەو کاتەش فڕۆکەخانەکانی کوردستان داناخرێن. هاوکات گوتم، لە خراپترین حاڵەتدا دەتوانی بە فڕۆکە بچیتە بەغدا و لەوێوە بە سەیارە بگەیتە هەولێر. بەداخەوە هەرچی هەوڵمدا لەگەڵیدا بێهودە بوو. پاشان دەرکەوت ئارەزووی ئەنجامدانی نەبووە، کە تا ئێستاش نەمزانی هۆکارەکەی چیبوو.
پارساڵ لە پایزدا داوەتکرابوو بۆ ئەڵمانیا بۆ بەشداری لە پێشەنگای کتێب لە فرانکفۆرت، کە کوردیش بەشێکی پێ درابوو.

دیسان ڕێککەوتین کە سەمینارێکمان بۆ سازبکات، ئەوەبوو پاش ئەڵمانیا سەفەری چەند وڵاتێکی لەسەر گیرفانی خۆی کرد، بەر لە سێ ڕۆژ لە سەمینارەکە هاتە دانیمارک، خۆم و هاوسەرەکەم ئەو سێ ڕۆژە لە خزمەتیدا بووین. هەرچی ئارەزووی کردبێت بۆمان مەیسەر کرد. لە سەردانی پێشەنگای کتێب تا نانخواردن لە ڕێستورانت و سازکردنی شەوی خواردنەوە، کە گرانترین جۆری ویسکیم دەرخواردی داوە. تا بردنی بۆ سوید و گەڕانەوە بە سەیارەی خۆم بۆ کارێکی ئەو [کە هیچ پێوست نەبوو.]

شەوێک بەر لە سازدانی سەمینارەکە بەهانەیەکی دۆزییەوە کە دەبێ هەر ئیمشەو بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، چونکە کێشەیەکی خێزانیی کوتوپڕی بۆ هاتووەتە پێش، وە بۆ بەدواچوونی ئەو کێشەیە، سبەی کاتژمێر ١١ مەوعیدی لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەیە.

بێ ئەوەی هیچ حساب بۆ ئێمە بکات، کە خۆمان ئامادە کردووە، خەڵک لە باژێڕ و وڵاتانی دیکەوە دێن بۆ ئەو سەمینارە. هەرچیم گوت لەگەڵید کە دوای سەمینارەکە سەفەر بکات، بەداخەوە بێهودەبوو، چونکە سووربوو لەسەر گەڕانەوە.

هێندە بە زیرەکانە و لێهاتووانە خۆی سەغڵەت کردبوو، منیش تا ڕادەیەک بڕوام پێهێنا و بە خۆمم گوت، [ژیانی خێزانەکەی لە سەمینار گرنگترە، با لێگەڕیم سەفەر بکات.]

بەهانەکەی بۆ گەڕانەوە بەو کوتوپڕیە دوو شت بوو، یەکەم گوایە هاوسەرەکەی کە پزیشکی چاوە لە نەخۆشخانەی کۆماری لە هەولێر لە کارەکەی دەرکراوە، گوایە ئەم دەرکردنەش کەسێکی سەربە یەکگرتووی ئیسلامی کردوویەتی، کە بە حساب بەڕێوەبەری خەستەخانەکەیە و غیابی یونسی بە فرسەت زانیوە بۆ دەرکردنی هاوسەرەکەی لە کار. بەهانەی دووەم ئەوەبوو گوایە ڕەوتە ئیسلامییەکان لە باخچەی ساوایان فیشەکیان لە گیرفانی کیژە گچکەکەی ناوە وەک هەڕەشەیەک بۆ باوکی.
هەر ئەو شەوە بە پەلەپەل بە [ئۆنلاین] هەرچۆن بوو من و هاوسەرەکەم بلیتی گەڕانەوەمان بۆ بڕی بە ڕێگەی دوبەیدا، کە بڕێک گران بوو. پاش ئەوەی چەند پێکێک ویسکیی نۆش کرد، ئیدی بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێکەوتین.

بەر لە سەفەر لە فڕۆکەخانە چاوەڕێم دەکرد، کە هەم سوپاسم بکات و هەم باسی گەڕانەوەی پارەی بلیتەکە بکات، لێ مەخابن هیچی لەوبارەوە نەگوت، بۆیە ئەز ناچاربووم بە هێمنی و جوانی و بڕێک بە شەرمیشەوە دام بە گوێیدا؛ ئەویش هەر هێندەی گوت کە گەشتمەوە هەولێر پارەکەت بۆ دەگەڕێنمەوە.

کە گەڕایەوە تا چەند ڕۆژێک دەنگی نەبوو، ئەوجا من تەلەفۆنم کرد بۆی، نەک بۆ باسی پارەکەم بەڵکو بۆ هەواڵی بارودۆخی خێزانەکەی، هاوکات گلەییم کرد کە بۆ پەیوەندیی نەکردووە تا هەواڵی کێشەکەیم پێ بدات، پاساوی ئەوە بوو کە سەرقاڵە، بەڵام سەیر لەوەدا بوو هەموو شەو لەسەر خەت بوو لە فەیسبووک و پۆستی دادەگرت. ئەوجارە هیچ باسی پارەکەم نەکرد بەو هیوایەی خۆی باسی بکات، لێ ئەویش باسی نەکرد، تەنانەت باسی مەسەلەی دەرکردنی هاوسەرەکەشی نەکرد، کە بە حساب بۆ بەدواچوونی ئەو کەیسە، ئەو بەو خێراییە گەڕاوەتەوە، چونکە سیناریۆیەکی دروستکراو بوو، بۆیە بیری چووبوو.

پاش چەند ڕۆژێکی تر پەیوەندیم کرد پێیەوە، دەرکەوت بە هیچ جۆرێک باسی گەڕانەوەی پارەکەم ناکات. تا جارێک من باسم کرد، لە وەڵامدا گوتی، با مانگی یەک بێمە سوید لە خزمەتدا دەبم. منیش گوتم برا ئێستا پێویستم پێیەتی و تۆ بەڵێنتدا کە گەڕایتەوە بە خێرایی بیگەڕێنیتەوە.

هەر دوای ئەم داوایەی من ئیتر نە وەڵامی تەلەفۆنی دەدامەوە نە وەڵامی پەیامەکانم لە مەسنجەر. چەند بەڕێزێکم لە ئەوروپا، کە برادەری ئەون، لەو کارە ئاگادارکردەوە، وێڕای ئەوەی ئەو ڕەفتارەی یونسیان زۆر پێ ناخۆش بوو هاوکات هەوڵیاندا چارەسەری بکەن. لە ئاکامدا بەڵێنی درۆی بەوانیش دابوو، لە کۆتاییدا وەڵامی ئەوانیشی نەدەدایەوە.

بۆ چەند جارێکی تر بە مەسنجەر لەوبارەوە نووسیم بۆی، هەر وەڵامی نەبوو، تا جارێک نووسیم، گەر وەڵام نەدەیتەوە کارێک دەکەم لەسەرت دەکەویت و، ئەم ڕەفتارە ناشیرینەت زۆر تووڕەی کردووم. تەنها وەڵامی ئەوەبوو کە سەیارەکەی داناوە بۆ فرۆشتن، کە هەمان شتی بۆ یەکێک لەو برادەرانەی ئەوروپای نووسیبوو. دەمێک نووسیم بۆی، ناوی ئەو مەعرەزەم بۆ بنووسە کە سەیارەکەتت بۆ فرۆشتن لێ داناوە، وەڵامی نەبوو تا ئێستاش هەر وەڵامی نییە، چونکە دەرکەوت ئەوەش ڕاست نەبوو.

تا ئێستاش وەڵامی تەلەفۆن و مەسجەکانم ناداتەوە. تەنانەت لە فەیسبووک و مەسنجەر بلۆکی کردم. بۆیە ناچاربووم یەک دوو برادەرم کە لە هەولێر دەژین ڕامسپاردن کە داوای پارەکەی لێ بکەن، لەئاکامدا ئەو هەوڵانەش بێ ئەنجام بوون.

لە هەمووی سەیرتر، پاش ئەوەی برادەرێکم بەدواچوونی بۆ مەسەلەی دەرکردنی هاوسەرەکەی و فیشەکی ناو گیرفانی منداڵەکەی کرد، دەرکەوت ئەوانەش دوو سیناریۆی هەڵبەستراو بوون.

کە لێرە بوو لای من بڕێک خۆی هەڵکێشا و گوتی، نووسینگەی محاماتم هەیە ٧ محامی لەژێر دەستمدا کاردەکەن، من تەنها ئیشراف دەکەم، هاوسەرەکەم دکتۆری چاوە، خانووەکەمان ١٠٠٠مەتر چوارگۆشەیە، سەیارەی گرانبەهامان هەیە و هیچ کێشەیەکی داراییمان نییە.

دەی دەپرسم گەر کەسێک ژیانی بەم جۆرە بێت، بۆ دەبێ تەماح بکاتە ٨٠٠ دۆلاری من، کە تەنها نرخی بلیتی فڕۆکەیە؟ ئەمەیە پاداشتەکەی بۆم؟ ئەو سێ ڕۆژە لامان بوو دەتوانم بڵێم، نیوەی ئەو مەبلەغەم لە گەڕان و خواردن و خواردنەوە و سەفەری سویددا بۆ خەرج کرد. گەر مەردانە و ڕاستگۆیانە بهاتایەتە پێشەوە و بیگوتایە لە ئێستادا نیمە، بێگومان قەبوڵم دەکرد، بەڵام دەمێک بەم شێوە ناشیرین و ناشارستانی و بێ منەتانە ڕەفتار دەکات و، دەیەوێت پارەکە نەداتەوە، دیارە منیش دەبێ بە جۆرێکی تر ڕەفتاری لەگەڵدا بکەم.

جا هیوادارم پاش خوێندنەوەی ئەم باسە، ئەم کەسە بەو شێوەیە پێناسە بکەن کە من باسیم کردووە، نەک بەو جۆرەی کە لە میدیاکانەوە خۆی دەردەخات. ڕووی حەقیقەتی ئینسان هەر دەردەکەوێت، وەک ئەوەی ئێستا ڕووی حەقیقەتی یونستان بۆ دەرکەوت. هەر کەسێکیش ئیدیعای مەدەنیەت و ئینساندۆستی و خۆشەویستی نیشتمانی کرد بڕوای پێ مەکەن، چونکە زۆرێک لەم جۆرە مرۆڤانە بۆ خۆ خۆشەویستکردن و خۆدەرخستن ئەو جۆرە دیعایانە دەکەن.

لە کۆتاییدا دەڵێم هەر مرۆڤێک با چەند بەتوانا زرنگ و ڕووناکبیر و فەیلەسوف بێت، گەر ئەخلاقی لەگەڵدا نەبوو، هیچ نرخێکی نییە.

بەڵی ئەمە دیوە شاراوەکەی یونس ڕاوییە و باش بیناسن.

نوسینی: گۆران هەڵەبجەیی

Image may contain: 1 person, eyeglasses, outdoor and closeup

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close