جیهانی ئیسلامی

چیرۆکی وێنەیەک لە ئیدلیبەوە

میدیاکان دەتوانن حەقیقەتەکان وەک خۆی بگوازنەوە و دەتوانن حەقیقەتەکانیش بشاردنەوە، لە ماوەی ڕابردوودا لە سوریا و یەمەن و زۆرینەی وڵاتە ئیسلامییەکان حەقیقەتگەلێکی زۆر هەبوون کە میدیاکان لەئاستیدا کەمتەرخەم و بێ هەست بوون، بگرە هەوڵی شاردنەوەی زۆر لە حەقیقەتەکانیان داوە و هاوکاربوون لە بچووککردنەوەی حەقیقەتەکاندا.

ئەو وێنەیەی کە بەم دوواییانە بووە جێی سەرنجی هەندێک لە میدیاکان، ئەوەش دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، وێنەیەک بوو لە ئیدلیبەوە، تیایدا پیاوێک و دوو منداڵ دەردەکەون، کە دوای هێرشێکی ڕژێمی سووریا بۆسەر ناوچەیەکی ئیدلیب لە دۆخێکی سەختدان.

ئەو پیاوەی لە وێنەکەدا دەرکەوتووە مامی ئەو دوو منداڵەیە و ناوی عەبدولهالیک حەسونە و لەبارەی ساتی ڕووداوەکەوە دەڵێت، “کاتێک چوومە ناو خانووەکە، ڕیحامی پێنج ساڵان و ڕێڤانی سێ ساڵانم بینی (دوو برازاکەی) کە لەناو داروپەردووی خانووەکەدا گیریانخواردبوو. کراسەکەی توکا (توکا برازایەکی تریەتی کە تەمەنی ١٨ مانگ بووە) بە پارچە ئاسنێکەوە گیربووبوو، ڕیهامیش هەوڵیدەدا لەڕێگەی دەستگرتنی خوشکەکەیەوە ڕزگاریبکات.

ئەو فۆتۆگرافەرەی وێنەکەی گرتووە، لە ٢٦ی تەموز وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە لە وێنەکەدا حەسون بانگی دوو کچە بچووکەکە (ی برازای) دەکات.

لەکاتێکدا حەسون هەوڵیداوە توکا ڕزگاربکات، ڕیهام و ڕێڤان و دایکیی گیانیان لەدەستداوە دوایئەوەی کۆنکرێت کەوتووە بەسەریاندا.

حەسون یەکەمجار ئامینە، خوشکە گەورەکەیانی، ڕزگارکردووە، کە ئامینە بە مامیی وتووە خوشکەکانی لەسەر بالکۆنەکەن و هەوڵی زیندوومانەوە و ڕزگاربوونی خۆیان دەدەن، دواتریش حەسون چووەتە ناو باڵەخانەکەوە و شاهیدی دیمەنەکە بووە.

حەسون وتووشیەتی، “بەهۆی ڕیهامەوە، توانیمان توکا ڕزگاربکەین. بەهەرحاڵ، نەمانتوانی ڕیهام و ڕێڤان لەو شوێنە ڕزگاربکەین کە تیایدا گیریانخواردبوو، دوای ماوەیەکی کەم کۆنکرێتێک داڕما بەسەریاندا، منداڵەکان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا، هاوسەری براکەشم ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکەی ڕژێمی ئەسەد شەهیدبوو.”

دوای ئەو ڕووداوەش براکەی حەسون لەگەڵ منداڵەکانیدا ئیدلیبیان جێهێشتووە، بەڵام حەسون دەڵێت هێشتا لە ئیدلیب دەژی و هیچ شوێنێکی نییە بۆی بچێت.

براکەی حەسون کە ناوی ئەمجەد عەبدوڵایە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی ڕاگەیاندووە، لەکاتی هێرشەکەدا لە بازاڕ بووە و کە بیستوویەتی هێرش کراوە ڕاستەوخۆ چووەتە ماڵەوە و دوای ئەوەش هەرگیز نەگەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی.

ئەمجەد وتوویەتی، “ئامینە (کچە گەورەکەی) ڕاستەوخۆ لە نەخۆشخانە دەرچووە، توکاش تەندروستیی باشە. نەمتوانی پێیان بڵێم کە خوشکەکانیان و دایکیانیان لەدەستداوە.”

ئەمجەد وتووشیەتی، ئەگەر جیهان بەرژەوەندی و هاوسۆزییەکی تایبەتییان نەبوایە بۆ هاوارەکانیان لە ئیدلیب، ئەوا ئەمڕۆ ڕیهام و ڕێڤانیش زیندوو دەبوون.

باوکی منداڵەکان باسی لەوەش کردووە، “هەموو ڕۆژێک بۆمباران دەکرێین، هەموو ڕۆژێ دەمرین، تەواوی جیهانیش تەنیا سەیردەکەن.”

حەسون وتووشیەتی، “پێشتر لە حەلەبەوە هاتینە ئێرە (ئیدلیب). ژیان لەم دۆخانەدا بۆ هەموو دانیشتووانی ئیدلیب زۆر قورسە. هەموو ڕۆژێک بە ترسی مردنەوە دەژین.” حەسون دەشپرسێت، “ئایا ئێمە دەتوانین بگەڕێینەوە کاتێک چووینە دەرەوە یاخود ئایا کە گەڕاینەوە دەتوانین ئەوانە بە زیندوویی بدۆزینەوە و ببینینەوە کە بە زیندوویی جێمانهێشتن؟”

حەسون پرسیویشیەتی، “ئایا ئێوە لە ژیانێک تێدەگەن کە هەموو ڕۆژێک لە ترسی مردن تیایدا دەژین؟” حەسون وتووشیەتی، جگە لە تورکیا لە ناوچەکەدا هیچ هاوڕێیەکی تریان نییە، “جگە لە تورکیاش هیچ هیوایەکی ترمان نییە، ئێرە (ئیدلیب) نیشتمانی ئێمەیە، ناتوانین ئێرە جێبهێڵین، هیوادارم تورکیا و گەلی تورکیا پاڵپشتییەکانیان بەردەوامبێت.”

لە ئیدلیب زیاتر لە ملیۆن و نیوێک هاووڵاتیی مەدەنی دەژین، دواین پێگەی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close