دونیا

گەورەترین مزگەوتی ئەڵمانیا هەڕەشەی لێکرا

میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، گەورەترین مزگەوتی ئەڵمانیا کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری کۆڵن دوای ئەوەی هەڕەشەی لەسەربوو بەوەی بۆمبی ئاراستە دەکرێت چۆڵکراوە.

ڕاگەیاندنەکان باس لەوە دەکەن، لەڕێگەی ئیمەیڵێکەوە هەڕەشەکە کراوە و دواتر پۆلیس دەستبەجێ هاتووەتە سەر خەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو بابەتە.

بەگوێرەی میدیاکان، مزگەوتەکە لەلایەن گروپێکی موسڵمانی تورکییەوە بەناوی (یەکێتیی ئیسلامیی کاروباری ئاینی تورکی) سەرپەرشتی دەکرێت، وتەبێژێکی پۆلیسیش هەڕەشەکەی بە هەڕەشەیەکی گەورە ناوبردووە و ڕایگەیاندووە، “ناوەڕۆکی هەڕەشەیەکی وا گەورە وایکرد کە دەستبەجێ دەستوەردان بکەین.”

بەرپرسانی مزگەوتەکە ڕایانگەیاندووە، هەڕەشەکە بە ئیمەیڵ لەلایەن گروپێکی ڕاستڕەوی توندڕەوەوە نێردراوە و لە بەرامبەردا پۆلیس کاردانەوەی هەبووە و، مزگەوتەکەش بۆ سەلامەتیی نوێژخوێنان داوای چۆڵکردنی کراوە.

وتەبێژەکەی پۆلیس وتوویەتی، لە بەرەبەیانیشەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی پۆلیس دەستیان بە پشکنینی مزگەوتەکە کردووە، بەڵام هیچ شتێکیان نەدۆزیوەتەوە کە هۆکاری مەترسی بێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئەڵمانیا هێرشی دژ بە موسڵمانان ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ئەوەش زیاتر لەلایەن حزب و گروپە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت و ئەنجامدەدرێت و، کۆچبەران و قەیرانی کۆچ و تیرۆریان کردووەتە بیانوو.

لە ساڵی ٢٠١٨دا پۆلیس ٨١٣ تاوانی ڕق و کینەی دژ بە موسڵمانانی تۆمارکردووە و ئیسلامۆفۆبیا ڕووی لە هەڵکشان کردووە، هەر لەو ساڵەدا ٥٤ موسڵمان بەهۆی هێرشەکانی دژ بە موسڵمانانەوە برینداربوون، کە زۆرینەیان لەلایەن توندڕەوە ڕاستڕەوەکانەوە ئەنجامدراون.

ئەڵمانیا وڵاتێکی ئەوروپییە، ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ٨١ ملیۆن کەسە، دوای فەڕەنسا دووەم وڵاتی ئەوروپییە کە زۆرترین ڕێژەی موسڵمان تیایدا دەژین. لە ئەڵمانیا نزیکەی ٤.٧ ملیۆن موسڵمان دەژین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close