مێژوو

فەڕەنسا لە جەزائیر زیاتر لە ١.٥ ملیۆن کەسی کۆمەڵکوژکردووە

فەڕەنسا لە ساڵی ١٨٣٠ جەزائیری داگیرکرد، تا ساڵی ١٩٦٢ جەزائیر هەر لەژێر کۆنترۆڵی فەڕەنسادا بوو. لە ١ی ئایاری ساڵی ١٩٤٥ و لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا، گەلی جەزائیر ڕژانە سەر شەقامەکان و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و دروشم و داواکارییان بەرزکردەوە، لەوانە داوای سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەکرد.

فەڕەنسای داگیرکەر (لەکاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا) بەڵێنی بە گەلی جەزائیر دابوو، ئەگەر جەزائیرییەکان لە ڕیزی سوپای فەڕەنسادا بەشداریی جەنگی جیهانیی دووەم بکەن، ئەوا پاش کۆتاییهاتنی جەنگ مافی سەربەخۆیی بە جەزائیر دەدات، بۆ ئەم مەبەستە جەزائیرییەکان نەک هەر بەشداربوون لە جەنگ، بەڵکو لە ڕیزی یەکەمی سوپا (وەک قەڵغان) دانرابوون.

خۆپیشاندان لە چەندین شار بەردەوام بوو، تا ٨ی ئایار، ئەو ڕۆژەی کە هاوپەیمانیی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە سەرکەوتنیان بەسەر ئەڵمانیادا ڕاگەیاند، ئەو شکستەی ئەڵمانیا یەکەم زەنگی کۆتایی جەنگ بوو.

فەڕەنسای داگیرکەر کە خۆی یەکێک بوو لەبراوەکانی جەنگ، بە فەرمی ڕێگەی بە گەلی جەزائیر دا کە وەک خۆشی دەربڕینێک بڕژێنە سەر شەقامەکان، بۆیە هەر لەو ڕۆژەدا (٨ی ئایار) کە جەزائیرییەکان بە هیوای سەربەخۆیی وڵاتەکەیان بوون، وەک بەڵێنیان پێ درابوو، بۆیە لە خۆشیی کۆتاییهاتنی جەنگ ڕژانە سەر شەقامەکان، لەگەڵ ئەوەشدا داوای مافەکانیان دەکرد.

چی ڕوویدا؟

لەکاتێکدا جیهان بەبۆنەی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و گەمارۆدانی ئەڵمانیاوە، خەریکی ئاهەنگگێڕان بوو، هەزاران جەزائیری ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی داگیرکاری فەڕەنسی و لەپێناو سەربەخۆییدا خۆپیشاندانیان دەستپێکرد. سەرەتا لە شەقامەکانی شاری سطیف-ەوە نزیکەی ٤٠٠٠ (چوار هەزار) خۆپیشاندەر ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای سەربەخۆییان کرد.

دواتر ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکان چوونە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە و داواکارییەکانیان بەرزکردەوە، کە “کۆتاییهێنان بە داگیرکاری” و داواکاریی یەکسانی لە داواکارییەکانیان بوون. خۆپیشاندەرێکی ١٤ ساڵ بەناوی سال بوزید ئاڵایەکی کە جەزائیری بەدەستەوە بوو، لەلایەن جەنەراڵی دوڤالی فەڕەنسییەوە فەرمانی تەقەکردن لێی کرا، دواتریش گولـلەی فەڕەنسییەکان بوزید و هەزاران خۆپیشاندەری تری بێ چەکیان شەهیدکرد.

فەڕەنسا دەستی بە هێرشێکی ئاسمانی و زەمینیی چڕ کرد لە چەند شارێکی ڕۆژهەڵاتی جەزائیر، بەتایبەتی لە قالمە و سطیف. سەرۆکی حکومەتی کاتیی فەڕەنساش لەوکاتەدا، کە جەنەراڵ دیگول بوو، فەرمانیکرد بە کوشتنی جووتیاران و گوندنشینانی ئەو گوندانەی گەمارۆدرابوون.

بە هەزاران تەرم لەو شارانەی جەزائیردا کەوتن، بە شێوەیەک کە ناشتنیان مەحاڵ بوو، هەربۆیە بەزۆری فڕێدرانە نێو بیر و کەندەڵانەکانەوە. کۆمەڵکوژییەکەش لە ٨ی ئایارەوە تا ٢٢ی ئایاری خایاند و لە ماوەی ئەو ١٤ ڕۆژەشدا ٤٥ هەزار ژن و پیاو و منداڵی جەزائیری لە هەریەکە لە شارەکانی سطیف، قالمە و خرطە شەهیدکران.

بەپێی هەندێک سەرچاوەی تریش ٤٠ بۆ ٧٠ هەزار کەس کوژراون، لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر و، زۆرێک لە قوربانییەکان تەرمەکانیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا سوتێنرا. ئاماری قوربانییەکان دیاریکراو نییە، چونکە فەڕەنسا نەیهێشت ناوی قوربانییەکان لە تۆماری مردووەکانی جەزائیردا تۆماربکرێن.

دواتر چی ڕوویدا؟

دوای نۆ ساڵ لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٩٤٥ لەسەر دەستی فەڕەنسای داگیرکار و، لە نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٥٤دا، جەنگی سەربەخۆیی دەستیپێکرد، کە بەهۆیەوە تا ساڵی ١٩٦٢ زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار جەزائیری (لەلایەن فەڕەنساوە) کوژران.

٨ی ئایار ساڵڕۆژی ماتەمینییە لە جەزائیر، لە شووباتی ٢٠٠٥دا هوبرێت کۆڵن دوڤێردیر باڵیۆزی فەڕەنسا بۆ جەزائیر بە فەرمی داوایلێبوردنی کرد و بە “تراژیدیایەکی قبوڵنەکراو” ناویبرد. هەر لە ٢٠٠٥دا عەبدولعەزیز بوتەفلیقە سەرۆکی ئەوکاتی جەزائیر کۆمەڵکوژییەکەی سطیف دەستپێکی جینۆسایدێک بوو کە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی فەڕەنساوە ئەنجامدرا، بەڵام فەڕەنسا ئەو وەسفکردنەی بوتەفلیقەی ڕەتکردەوە.

سەرچاوە: گەیت ٢١

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close