جیهانی ئیسلامیدونیا

ترەمپ: پشت لە کورد ناکەین و پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا زۆر باشە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێکی دیکە هوشداری دا بە تورکیا کە هێرشکردنە سەر ناوچە کوردیـیەکانی سوریا بەبێ هیچ هۆکارێک ئاکامی خراپی دەبێت بۆ سەر ئابوری تورکیا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە تویتەر بڵاویکردەوە، “ڕەنگە لە پـرۆسەی جێهێشتنی سوریادا بین، بەڵام بە هەر حاڵ پـشت لە کورد ناکەین کە خەڵکێکی تایبەتن و جەنگاوەرێکی زۆر باشن.”

هاوکات ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، “بە هەمان شێوە پەیوەندیـیەکانمان لەگەڵ تورکیا، کە هاوبەشێکی ناتۆ و بازرگانی بووە، زۆر باشە. تورکیا بۆ خۆی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی کوردی هەیە و باش دەزانێت تەنیا ٥٠ سەربازمان لەو بەشەی سوریا هەبوو و لەوێ لابران، هەرچ شەڕێکی بەبێ هۆکار و ناپـێویست لەلایەن تورکیاوە ئەوا بۆ ئابوریـیەکەی وێرانکەر دەبێت، کە لە ئێستادا پارە بێ بەهاکەی شکاوە. ئێمە یارمەتی کوردەکان دەدەین بە پارە و چەک.”

ترەمپ پاش ئەوەی بڕیاری کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکای لەسەر سنووری تورکیا و سوریا دا، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بوەوە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات. ژمارەیەک لە سیناتۆرەکان بڕیارەکەیان بە هەڵەیەکی گەورە ناوبردووە.

لەلایەکی ترەوە، ترەمپ ئاشکرایکردووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ١٣ی تشرینی دووەمدا سەردانی ئەمریکا دەکات.

دۆناڵد ترەمپ هەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، “زۆرێکیان بیریان دەچێت کە تورکیا هاوبەشێکی گەورەی بازرگانی ئەمریکایە. تورکیا بەشی پۆڵاینی F-35 دروستدەکات. هاوکات لە ئیدلب یارمەتی منیان دا لە رزگارکردنی ژمارەیەکی زۆر کەس.”

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، لەسەر تکای خۆی قەشە کرایگ برونسۆن بە ساغ و سەلامەتی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و دەڵێت، “لەبیرتان بێت لە هەمووی گرنگتر، تورکیا ئەندامێکی گرنگی هەژموونداری ناتۆیە. ئەو (ئەردۆغان) لە ١٣ی تشرینی دووەمدا، وەک میوانی من دێتە ئەمریکا”.

لەبارەی لێدوانە توندەکانی دوێنێی ترەمپەوە، فائیق ئۆزتراك وته‌بێژ و جێگری سه‌رۆكی گشتی جه‌هه‌په‌ رایگه‌یاندووە، “كۆماری توركیا هه‌رگیز چۆكی به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ دانه‌داوه‌ و چۆكیش دانادات. توركیا وه‌ك وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆ له‌ هه‌ر بابه‌تێكدا، خۆی بڕیاری خۆی ده‌دات.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close