جیهانی ئیسلامی

نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە سووریا بێسەروشوێنن

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە ماوەی ٨ ساڵی جەنگی ناوخۆی سووریادا و لە ساڵی ٢٠١١وە، کە بەندکراون یاخود فڕێندراون، بێسەروشوێنن.

ڕۆزیماری دیکارلۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەنەکانی سووریا کردووە، سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەبێ هۆکار و تۆمەت دەستگیرکراون ئازادبکرێن و زانیاری لەبارەیانەوە بدرێت بە خێزانەکانیان.

دیکارلۆ وتووشیەتی، بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە دەستیان بە شوێنی بەندکراوەکان بگات نەیانتوانیوە ژمارەی تەواوی بیسەروشوێنەکان ئاشکرابکەن و ئەو ژمارەیەش کە ئاماژەیانپێکردووە (زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس) تەنیا قەبڵاندنە.

ئامینە خولانی یەکێک لەو ئافرەتانە بوو کە لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو گەواهیدەر ئامادەبوو و ڕایگەیاند، هەشت ساڵ بەر لە ئێستا سێ برای لەلایەن ڕژێمی سووریاوە ڕفێندراون و لە بەندیخانەدا گیانیان لەدەستداوە و، هاوسەرەکەشی دوو ساڵ و نیو بەندکراوە و خۆیشی شەش مانگ زیندانی کراوە.

خولانی بە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕاگەیاندووە، “ئەوە بەرپرسیارێتیی ئێوەیە کە سوورییەکان لە سیستمێک بپارێزن کە دەکوژێت، ئەشکەنجە دەدات و بە شێوەیەکی نایاسایی هاووڵاتییەکانی دەستبەسەردەکات و، یاسای نێودەوڵەتی بە شێوەی سیستماتیکی پێشێل دەکات.”

مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، زیاتر لە ١٤ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی سووریا لەلایەن ڕژێمی ئەسەد و هێزەکانی سەربە ڕژێمەوە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.

هەفتەی ڕابردووش ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد، تەنیا لە مانگی تەموزدا ٥٩٨ هاووڵاتیی مەدەنی دەستگیرکراون و زۆرینەشیان لەلایەن ڕژێمی سووریاوە دەستگیرکراون.

بەپێی ئامارە کۆنەکان، بەهۆی جەنگی ناوخۆی سووریاوە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە سووریا کوژراون، جگە لە برینداربوونی سەدان هەزار و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتیی تری سووریا. تا ئێستاش ئامارێکی ڕوون و شەفاف لەبارەی وێرانکاری و ژمارەی قوربانیانی جەنگی ناوخۆی سووریاوە لەبەردەستدا نین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close