جیهانی ئیسلامی

ئێران.. ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان هەیە دەتوانن ئەندامەکانی جەستەیان بفرۆشن

حکومەتی ئێران یاسایەکی نوێی بۆ ئەو زیندانیانە دەرکردووە کە سزای لەسێدارەدانیان هەیە و بەپێی یاساکەش، ئەو زیندانیانە دەتوانن ئەندامەکانی جەستەیان بە کڕیاران بفرۆشن، ئەوەش لە حاڵێکدا کە ئەو زیندانییانە ڕازیبن بەو کارە پێش لەسێدارەدانیان.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، یاساکە لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دادوەریی ئێرانەوە دەرکراوە و تیایدا هاتووە، ئەگەر ئەو زیندانیانەی کە فەرمانی لەسێدارەدانیان هەیە بیانەوێت ئەندامەکانی جەستەیان پێش یان پاش لەسێدارەدانیان بفرۆشن و هیچ بەربەستێکی پزیشکی نەبێت، ئەوا دادوەر دەتوانێت لەگەڵ وەزارەتی داد ئەوە قبوڵ بکات.

یاساکە لەلایەن دەستەی پزیشکانی نەشتەرگەرییەوە ئیدانە و دژایەتی کراوە و ئەو هەنگاوەیان بە هەنگاوێکی “زۆر نیگەرانکەر” ناوبردووە و باس لەوەش دەکەن کە ئەوە زیان بە کاری پزیشکی و هەیبەتی ئێران لە چاوی جیهانی شارستانیدا دەگەیەنێت.

پڕۆفیسۆر عەلی جەعفەریان، شارەزا لە بواری گواستنەوەی جگەردا لە نەخۆشخانەی خومەینی لە تاران ڕایگەیاندووە، ئەو یاسایە هیچ نەشتەرگەرێکی نەشتەرگەریی تایبەتی وڵات پاڵپشتیی لێ ناکات لە وڵاتەکەدا و دەشڵێت، “ئەوە شتێکی نائەخلاقییە و دژی بەهاکانی کارکردنمانە.”

بەگوێرەی سەرچاوەکان، لە ئێران فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە ڕێگەپێدراوە و لە وڵاتانی دراوسێوە کڕیاریان هەیە. سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن، لە ئێستادا زیاتر لە ٢٥ هەزار نەخۆش لە ئێراندا لە چاوەڕوانیی بەدەستهێنانی ئەندامێکی جەستەیاندان و تەنیا ٩٢٦ ئەندامیش بۆ نەخۆشان لە ساڵی ڕابردوودا دەستکەوتووە. بەهۆی هەژاریشەوە لە ئێران خەڵکانێک ناچاربوون بە فرۆشتنی گورچیلەیان تەنیا بە ٢٥٠ دۆلار.

جگە لە ئێران لە وڵاتی چینیش ئەندامەکانی جەستەی ئەو کەسانەی لە زیندانەکاندا دەکوژرێن بەکاردەهێنرێن و لە ئێستاشدا زیاتر لە ٢ ملیۆن موسڵمانی ئویغور لە زیندانەکانی چیندان و، باس لەوە دەکرێت کە بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەندامەکانی جەستەیان دەفرۆشرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close