جیهانی ئیسلامیكــوردستان

بەرپرسێکی کورد لە سوریا: دۆخی کورد لەڕێگەی چەکەوە چارەسەر ناکرێت

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا رایدەگەیەنێت کە کێشەکانی سووریا دەتوانرێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات کە چەند جارێک لەگەڵ پەیەدە پەیمانیان واژوو کردووە، بەڵام ئەوان پابەند نەبوون و رایانکردووە لە بەڵێنەکەیان.

شەلال گەدۆ ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و ئەندامی دەستەی گشتی هاوپەیمانی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، وتی، “بێگومان کێشەی ئێمە لە سووریا دەتوانرێت بە گفتوگۆی سیاسی چارەسەر بکرێت، باوەڕی ئێمە وەکو ئەنەکەسە ئەوەیە، دۆزی کورد بابەتێکی سیاسییە و بە چەکداری چارەسەر نابێت، لە کۆنیشەوە هەر داوای بابەتی سیاسیمان کردووە و دژی شەڕی چەکدارین.”

شەلال گەدۆ وتیشی، “بەرپرسانی تورکیا زیاتر لە جارێک گوتوویانە کێشەمان لەگەڵ کوردەکان نییە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ پەیەدەیە، پێویستی ئێمە ئەوەیە کە وەکو دراوسێ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا باش بێت و پەیوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەر وایە، کوردی سووریاش بە بۆچوونی من دەبێت وەکو دراوسێیەکی گەورە پەیوەندییەکەمان لەگەڵ تورکیا بازرگانی و مرۆڤایەتی بێت.”

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە وتیشی، “لەکاتی دەستپێکی شۆڕشی سووریاوە تا ئێستا سێ پەیمانمان لەگەڵ پەیەدە واژوو کردووە، کە بریتیی بوون لە پەیمانی هەولێری یەک، پەیمانی هەولێری دوو و پەیمانی دهۆک، کە هەمووی لەژێر چاودێریی جەنابی بارزانی بووە، بەڵام پەیەدە هیچ پابەند نەبوو، رایکرد لە پەیمانەکان، ئێمە ناترسین لە پەیمانی کوردی لەگەڵ کوردی و هیچ جارێک ترس و نیگەرانیمان نەبووە.”

سەبارەت بە دەستپێشخەری و نزیکبوونەوەی ئەنەکەسە لەگەڵ پەیەدە، شەلال گەدۆ وتی، “هیچ متمانەیەک لەنێوان پەیەدە و هەسەدە و ئەنەکەسە نەماوە، پێویستە ئەوان مومارەساتی خۆیان راگرن و متمانەیەک دروست ببێت و دواتر هەوڵی گفتوگۆ بدرێت، چونکە پێش شەش مانگ دەستپێشخەرییەکی فەڕەنسا هەبوو بۆ گفتوگۆ، تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام پەیەدە ئامادە نییە بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، جگە لەوە تا ئێستاش سەرکردایەتیی ئەنەکەسە لە زیندانەکانن، پێویستە ئەوانە هەموو ئاسایی بکرێنەوە.”

ناوبراو داواشی کرد کە خەڵکی سڤیل لە ململانییەکاندا پارێزراو بن و وتی، “پێویستە هەموو پێکهاتەکان ببن بە یەک و پەیامێک بنێرن بۆ وڵاتان، بەتایبەت تورکیا، بۆئەوەی خەڵکی سڤیل پارێزراوبێت، چونکە لە ئەنجامی بارودۆخی ئەم دواییە، بە هەزاران کەس هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بوونەتە پەنابەر، کە تەنیا کوردیش نییە، بەڵکو کورد و عەرەب و مەسیحییشی تێدایە.”

شەلال گەدۆ راشیگەیاند، پەیامیان ئەوەیە کێشەکان بە سیاسی چارەسەر بکەن و جەختیشی لەوە کردەوە کە شەڕی چەکداری هیچ شتێک چارەسەر ناکات جگە لە گفتوگۆی سیاسییانە کە دەتوانرێت ئاشتی دەستەبەر بکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close