جیهانی ئیسلامیدونیا

ترەمپ دەستبەردارى کوردەکانى سوریا دەبێت

ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیریی بڕیاری ئیدارەکەی کرد لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانیان لە باکووری سوریا و ڕایگەیاند، “ھاوکاریکردنی کوردەکان لە سوریا ئەرکێکی دارایی زۆر قورس دەخاتە سەر ئیدارەی وڵاتەکەی، بۆیە بڕیاری کشانەوەیان داوە لە سوریا.”

لە زنجیرەیەک تویتدا ترەمپ دەڵێت، “کوردەکان ھاوشانی ئیمە جەنگاون، بەڵام پارەی زۆر و چەکی زۆریان وەرگرتووە، ئەوان ساڵانێکە شەڕی تورکیا دەکەن.”

ترەمپ دەشڵێت، ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە ئەوان لەو شەڕە “بێ نرخە” بچنە دەرەوە کە زۆربەیان شەڕی خێڵەکی و ناوخۆیین.

ھەروەھا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، لەمەودوا ئەرکی تورکیا و عێراق و سوریا و ئێران و کوردەکانە کێشەکانی ئەو ناوچانە چارەسەر بکەن.

ئەم وتانەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە ھیزەکانی سوپای ئەو وڵاتە دەستیان بە کشانەوە کردووە لە سوریا.

هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی هەسەدە (هێزەکانی سووریای دیموکرات) ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا کشاونەتەوە.

مستەفا بالی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە تویتێکدا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی خۆیان بەجێ نەهێنا و لە سنورەکانمان لەگەڵ تورکیا، کشاونەتەوە.

هەر لەو تویتەدا وتوشییەتی، “هەرچەندە ئێمە بە ڕێککەوتنمانەوە لەگەڵ ئەمریکا پابەند بوین و ئەوەی لەسەر ئێمە بووە کردوومانە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی خۆیان ڕانەپەڕاند و دەستیان بە کشانەوە کردووە لە سنورەکان”.

لە بەیاننامەی فەرمی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)شدا هاتووە، “ئەمریکا هێزەکانی خۆی کشاندۆتەوە تا تورکیا هێرش بکاتە سەرمان و هەرچیمان بە دەست هێناوە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا لە دەستمان بچێت”.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “ئێمە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، بۆ یەک ساتیش لە بەرگریکردن لە خۆمان دوو دڵ نین و داواش لە خەڵکی خۆمان لە عەرەب، کورد، سریانیی و ئاشورییەکان دەکەین هەرچی زووە پەیوەندی بە هێزەکانمانەوە بکەن بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان لە بەرامبەر ئەو دوژمنایەتییەی تورکیا”.

لەلایەکی ترەوە لێندسی گراهام، لە تویتێکدا، ڕایگەیاند، بڕیارەکەی ترەمپ کورد ناچاردەکات، لەگەڵ ئەسەد و ئێران ڕێکبکەون.

گراهام، وتیشی، پەیوەندی تورکیا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تێکدەدات. ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیاری دەستبەرداربوون لە کوردەکان، “دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش بەسەر ئەمەریکا.”

هەروەها سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، “من بۆ دەرچوون لەم جەنگە نەبڕاوە نەگریسانە ھەڵبژێردراوم، کە سوپا مەزنەکەمان تیایدا خزمەتی بە خەڵکانێک دەکرد کە تەنانەت ئەمریکاشیان خۆشنەدەویست”، دەشڵێت ئەگەر تورکیا ھەر کارێک بکات کە لە سنوور دەربچێت، ئەوە بە تەواوی ئابووریی ئەو وڵآتە تێکدەشکێنم.

ترەمپ ئەوەشی خستووەتەڕوو، ” تورکیا لەگەڵ ئەوروپا دەبێت چاودێریی چەکدارانی داعش و خانەوادەکانیان بکەن، ئەمریکا زیاتر لە ھەر لایەنێک کاری بۆ ئەو مەبەستە کردووە، لەناویاندا کۆنترۆڵکردنی ١٠٠%ی خەلافەتی داعش.”

دەشڵێت، ئێستا کاتی ئەوەیە کە لایەنەکانی تر لە ناوچەکەدا، کە ھەندێکیان خاوەنی سامانی زەبەلاحن، “ناوچەکەیان بپارێزن.”

دەربارەی دەرچوونی سوپای ئەمریکا لە سوریا دەڵێت، دوو دڵتەنگترین وڵاتانیش بەم ھەنگاوە چین و ڕووسیایە، چونکە حەزیان لەوەیە ببینن کە ئێمە گیرمانخواردووە..”

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی زانیمان ئەمریکا ڕێگرنابێت، ئەو ھێرشەی خۆمان بۆ ئامادەکردووە دەکرێت لە ھەر کاتێکدا دەستپێبکات.

رەجەب تەییب ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی ھەواڵیدا ڕایگەیاند، وتەیەکمان ھەیە بە بەردەوامی دەیڵێینەوە کە دەڵێین “ھەرکاتێک بمانەوێت دەتوانین بچینە سوریاوە.”

سەرۆکی تورکیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھێزەکانی ئەمریکا لە دوای پەیوەندیکردنی بە تەلەفۆن لەگەڵ ترەمپ، دەستیان بە کشانەوە لە باکووری سوریا کردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close