جیهانی ئیسلامیكــوردستان

ماهیر زەین لە کوردستان کۆنسێرتێک سازدەکات

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی میدیایی ڕووداو، بڕیارە ماهیر زەین هونەرمەندی ناوداری جیهانیی بە ڕەچەڵەک لوبنانی، رۆژی ٣٠ی ئاب لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆنسێرتێکی گەورە سازبکات، بەڵام ئەو هونەرمەندە لە ئەکاونت و پەیجە فەرمییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی لەو شێوەیەی بڵاونەکردووەتەوە و ئەو هەواڵەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.

ئەگەر ماهیر زەین بێتە هەرێمی کوردستان، ئەوا بۆ یەکەمجار دەبێت ئەو هونەرمەندە ناودارەی جیهان دێتە هەرێمی کوردستان، کە بەگوێرەی (ڕووداو) رۆژی ٣٠ی ئابی ٢٠١٩ لە یاریگای فەرەنسۆ هەریری کاتژمێر ٦ و ٣٠ خولەک کۆنسێرتێکی گەورە سازدەکات.

ماهیر زەین کێیە؟

ماهیر زەین یەکێکە لەو گۆرانیبێژ و موزیکژەنە جیهانیە ئیسلامیانەی کە بە سرود و گۆرانی و موزیک بانگەواز بۆ دینی ئیسلام دەکات و لەسەر ئاستی جیهان هەوادارێکی زۆری هەیە.

ماهیر زەین ناوی تەواوی (ماهیر موستەفا ماهیر زەین)ە و لە ١٦ی حوزەیرانی ١٩٨١ لە شاری تەرابلوس لە لوبنان لەدایکبووە.

لە تەمەنی ٨ ساڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەی لە لوبنانەوە بۆ سوید کۆچیانکردووە، لە سوید خوێندنی تەواوکردووە و ئەندازیاری فڕۆکەوانییە و بەکالۆریۆسی هەیە. دوای تەواوکردنی زانکۆ چووە ناو بواری موزیک و هونەر لە سوید، لە ساڵی ٢٠٠٥ پەیوەندی بە نادر خەیاتی پرۆدیوسەری سویدییەوە کرد کە بە (ڕێد وەن) ناسراوە، کاتێک ڕێد وەن لە ساڵی ٢٠٠٦ دا چووە نیویۆرک/ئەمریکا، ماهیر زەینیش لەگەڵی چووە ئەوێ.

دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکاوە بۆ سوید ماهیر زەین کە پێشتر زۆر هۆگری ئیسلام نەبوو، زیاتر لە دینەکەیدا ڕۆچوو، بۆیە بڕیاریدا واز لە کارەکەی وەکو پرۆدیوسەری موزیکی بهێنێت و ببێتە گۆرانیبێژ و نوسەری هۆنراوەی گۆرانیەکان و خزمەتی دینی ئیسلام بکات.

لە ساڵی ٢٠٠٩ دا یەکەمین ئەلبومی خۆیی بەناوی (خوایە سوپاس بۆ تۆ) بڵاوکردەوە کە لەلایەن (ئاوکنینگ ڕیکۆردس)ەوە بەرهەمهێنرا و خۆی لە ١٣ گۆرانیدا دەبینییەوە کە لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩ دا بڵاویکردەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەی هەبوو لەسەر ئاستی جیهان و پێشوازییەکی زۆری لێکرا.

لە نیسانی ساڵی ٢٠١٢ش ئەلبومی (بمبەخشە)ی بڵاوکردەوە کە هەمان کۆمپانیای بەرهەمهێنەری یەکەم ئەلبومی بۆی بەرهەمهێنا. لە ساڵی ٢٠١٦شدا سێیەم ئەلبومی بەناوی (وەن) بڵاوکردەوە و هەمان کۆمپانیا کاری بەرهەمهێنانی بۆ کرد.

زەین زیاتر گۆرانی بە زمانی ئینگلیزی دەڵێت بەڵام هەندێک لە گۆرانیە بەناوبانگەکانی بە چەندین زمانی تر وتووە. بۆ نمونە گۆرانی (ان شاء اللە)ی بە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، فەڕەنسی، تورکی و مالای و ئیندۆنیزیش وتووە.

ماهیر زەین پێش تێکەڵبوونی بە کاری هونەری ئیسلامی موزیکی ژەنیوە بۆ لەیدیگاگا.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی وتوویەتی “موزیکەکەم پەیامێکی دینی ئیسلامە”، دەشڵێت “لە ڕۆژئاوا هەموو گۆرانیەکان لەبارەی خۆشەویستی و ئازارچەشتنەوەن، بەڵام کاری زیاتر هەیە پێشکەش بە ژیان بکرێت”.

لەبارەی بەکارهێنانی مۆسیقاشەوە لە گۆرانیەکانیدا ماهیر زەین دەڵێت ترساوە و لەبارەی ترسەکەیەوە بە ڕۆژنامە بەریتانیەکەی وتووە “ترسم لە کاردانەوەکان هەبوو بەرامبەر بەکارهێنانی موزیک، هەربۆیە قسەم لەگەڵ هەندێک کەس کرد و ئەوان بەرچاوڕوونییان دا لەوەی کە ئەو بابەتە بۆچوونی جیاوازی لەسەرە لەناو زانایانی ئیسلامی و ئەگەر بابەتەکە ئەرێنی و ڕوون بێت ئەوە کێشەی نییە. موزیک و هونەرەکەی منیش پەیامێکی ئیسلامە، بەڵام دەمەوێت خەڵک لە مانای ئیسلام تێبگات، ئیسلام پەیامی ئاشتی و برایەتی و مرۆڤایەتی و ڕێز و خۆشەویستییە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close