جیهانی ئیسلامی

سەرۆک وەزیرانی مالیزیا داوای دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ گەلی ڕۆهینگیا دەکات

دوای ئەوەی مەهاتیر موحەمەد سەرۆک وەزیرانی مالیزیا داوای دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ گەلی چەوساوەی ڕۆهینگیا کرد، حکومەتی میانمار ئیدانەی لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی مالیزیای کرد و بە پێشێلکردنی پرنسیپەکانی “دامەزراوەی گەلانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا” لەقەڵەمی داوە.

مەهاتیر موحەمەد ڕۆژی ٢٦ی مانگی تەموزی ٢٠١٩ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵو ڕایگەیاندووە، گەلی ڕۆهینگیا ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە لەکاتی هێرشە سەربازییەکانی ساڵی ٢٠١٧ لە ویلایەتی ڕاخین و، ئەوانەی کە نیشتمانەکەیانیان جێهێشتووە پێویستە مافی هاووڵاتیبوون یاخود مافی خۆبەڕێوەبەری (دەوڵەتی سەربەخۆ)یان پێ بدرێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، لە هێرشە سەربازییەکانی ساڵی ٢٠١٧دا بۆسەر گەلی ڕۆهینگیا، بە هەزاران هاووڵاتی گەلی موسڵمانی ڕۆهینگیا شەهیدکراون و هەزارانی تر بریندار و سەدان هەزاری تریش (کە دەوترێت زیاتر لە ٧٥٠ هەزار دەبن) ئاوارە و دەربەدەر بوون.

زاو هتای وتەبێژی حکومەتی بۆرما لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، پێشنیارەکەی مەهاتیر موحەمەد پاڵپشت نابێت بۆ دۆخەکە.

وتەبێژەکەی حکومەتی بۆرما وتووشیەتی، لێدوانەکانی مەهاتیر موحەمەد لەجیاتی ئەوەی هاوکاری دۆخەکە بێت، هەماهەنگی و هاوکارییەکان لاواز دەکات و لەوانەیە کاریگەریی لەسەر هەماهەنگییەکانی نێوان حکومەتی بەنگلادیش و بۆرما هەبێت لەسەر پرۆگرامی ئاوارەکان کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ لەسەری ڕێککەوتوون. ئەو وتانەی وتەبێژەکەی حکومەتی بۆرماش لەکاتێکدایە کە تا ئێستا موسڵمانانی ڕۆهینگی خاوەنی ڕەگەزنامەی هیچ وڵاتێک نین و گەلێکی بێ نیشتمان و چەوساوەی جیهانن.

هاوکات بەرپرسان و ڕێکخراوەکانی مالیزیا پاڵپشتیی خۆیان بۆ پێشنیارەکەی مەهاتیر موحەمەد دەربڕیوە. ئەحمەد فەهمی موەحەد شەمسەدین جێگری سەرۆکی بزوتنەوەی گەنجانی موسڵمانی مالیزیا ڕایگەیاندووە، مومکینە هەرێمێکی جیا و مافی هاووڵاتیبوون بدرێت بە ئاوارە ڕۆهینگییەکان. ناوبراو وتووشیەتی، “دەکرێت بە فشار و کرداری بەهێزی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو کارە بکرێت، بەتایبەتی وڵاتان و کۆمەڵگاکانی سەربە دامەزراوەی گەلانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (کە لە ١٠ وڵاتی باشووری ئاسیا پێکدێن).

سەید حەمید ئەلبار وەزیری دەرەوەی پێشووی مالیزیا و نێردەی تایبەتی پێشووی ڕێکخراوی هەماهەنگیی ئیسلامی بۆ بۆرما لەسەر هەمان پرس لێدوانی داوە و ڕایگەیاندووە، “پێشوازی لەو ڕاگەیەندراوەی دکتۆر مەهاتیر دەکەین کە داوای مافی هاووڵاتیبوون و دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ کردوون.”

ئەو وەزیرەی پێشووی مالیزیا وتووشیەتی، “ئەو داوایەی کە لەلایەن سەرکردەیەکی دامەزراوەی گەلانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە کراوە، پێویستە بە تەواوی پاڵپشتیی لێ بکرێت بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی بەردەوامی مرۆیی و دادوەری.”

لەلایەکی ترەوە حکومەتی بەنگلادیش پاڵپشتیکردنی پێشنیارەکەی مەهاتیر موحەمەدی ڕەتکردووەتەوە و حەسەن مەحمود وەزیری زانیاریی بەنگلادیش ڕایگەیاندووە، “سەرۆک وەزیرانمان بە ڕوونی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە بەنگلادیش نایەوێت زیان بە سەروەری بۆرما بگەیەنێت، ئەمەش هەڵوێستی فەرمیی ئێمەیە.”

بەرپرسێکی حکومەتی بەنگلادیشیش لە وەزارەتی دەرەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەیان پاڵپشتیی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ گەلی ڕۆهینگیا ناکات. ئەو بەرپرسە لە وەزارەتی دەرەوەی بەنگلادیش وتووشیەتی، “گەلی ڕۆهینگیا سەربە بۆرمان، ئەوەی بەنگلادیش دەیەوێت گەڕانەوەی ئەو گەلەیە (بۆ بۆرما) بە سەلامەتی.” وتووشیەتی، “ئەوە پرسێکی ناوخۆی بۆرمایە کە ئەو هاووڵاتییە ڕۆهینگییانە مافی هاووڵاتیبوونیان پێ دەدرێت یاخود نا.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close