جیهانی ئیسلامی

جەنەراڵێکی لیبیا: حەفتەر بە چەک و پاڵپشتیی میسر و سعودییە و ئیمارات هێرش دەکاتە سەر تەرابلوس

موحەمەد ئەلقەندی عەمید لە سوپای لیبیا و سەرۆکی هەواڵگریی سوپای لیبیای سەربە فایز ئەلسەڕاج سەرۆک وەزیرانی لیبیا ڕایگەیاند، خەلیفە حەفتەر بە چەک و پاڵپشتیی سعودییە، ئیمارات و میسر هێرش دەکاتە سەر تەرابلوس.

ئەلقەندی بە ئاماژەکردن بۆ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر بە ئەلخەلیج ئۆنلاینی ڕاگەیاندووە، “ئەو سێ وڵاتە عەرەبییە (سعودییە، ئیمارات و میسر) پاڵپشتیی میلیشیاکانی حەفتەر دەکەن بۆ دروستکردنی سیسی-یەکی نوێ لە لیبیا.”

ئەو عەمیدە ئاماژەی بەوەش کردووە، “حەفتەر پارە و چەکی تەواوی نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەلبونیان ئەلمەرسوس (کە هاوپەیمانێتییەکە بۆ دەرپەڕاندنی داعش لە ناوەندی شاری سرت لە ٢٠١٦ پێکهاتووە) و سوپای لیبیا لە ڕۆژئاوای ناوچەکە. جوڵەی حەفتەر دوای سەردانی ئەم دواییەی بوو بۆ سعودییە.”

ئەلقەندی ئەوەیشی خستووەتەڕوو، سعودییە گڵۆپی سەوزی بۆ حەفتەر هەڵکردووە بۆ هێرشەکانی و بە پارە پاڵپشتیی دەکات بۆئەوەی دەستبگرێت بەسەر ڕۆژئاوای لیبیادا.

وتووشیەتی، میسر و ئیماراتیش پاڵپشتیی حەفتەر دەکەن بە پێدانی جبەخانە و چەکی قورس. باسی لەوەش کردووە، چەکی ئیماراتی و میسر لەلایەن میلیشیاکانی حەفتەرەوە بەکارهاتووە و، حەفتەر میلیشیای وڵاتی چاد و سودانی بەکاردەهێنێت.

ئەلقەندی وتووشیەتی، حەفتەر پێشنیازی پێدانی پارە و پلە و پۆستی بۆ ئەفسەرانی سەربازیی تەرابلوس کردووە و، بەڵێنی پێداون کە دوای داگیرکردنی شاری تەرابلوس پێیان دەدات.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ئەگەر دەرکەوێت هەر ئەفسەرێکی سەربازیی لەگەڵ حەفتەر هەماهەنگی دەکات ئەوا دەکوژرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close