جیهانی ئیسلامی

موبارەک: ئەگەر سوریا دانی بە ئیسرائیلدا بنایە بەرزاییەکانی جۆلانی بەدەستدەهێنایەوە

حوسنی موبارەک سەرۆکی پێشووی میسر بە پێشکەشکارێکی کەناڵی (قاهیرە ٢٤)ی ڕاگەیاندووە، ئەگەر سوریا دانی بە ئیسرائیلدا بنایە ئەوا بەرزاییەکانی جۆلانی بەدەستدەهێنایەوە و لەدەستی نەدەدا.

ئەحمەد ئەلسەید پێشکەشکاری کەناڵی (قاهیرە ٢٤) لە چاوپێکەوتنێکیدا وتوویەتی، حوسنی موبارەک سەرۆکی پێشووی میسر پێیوتووە، “پێشتر پەیوەندیم بە ئیسرائیلییەکانەوە کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی بەرزاییەکانی جۆلان، بەڵام ئەوان داوای کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلیان لە دیمەشق و، کردنەوەی باڵیۆزخانەی سوریایان لە ئیسرائیل کردووە.”

ئەلسەید لە زاری موبارەکەوە وتووشیەتی، ئیسرائیل ویستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا ئاسایی بکاتەوە و پەیوەندیی دیپلۆماتیی لەگەڵیدا هەبێت و لە بەرامبەردا بەرزاییەکانی جۆلانی پێبداتەوە.

باسی لەوەش کردووە، حافز ئەسەد سەرۆکی پێشووی سووریا ئەو پێشنیازەی ئیسرائیلی لەوکاتەدا ڕەتکردووەتەوە و بە ئاماژەکردن بۆ بڕیارەکەی ئەمریکا لەبارەی ناساندنی وەکو خاکی ئیسرائیل موبارەک وتوویەتی، “ئەوەش دەرەنجامەکەی بوو.”

کەناڵی ئەلحەیات بڕیاریدابوو کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان ئەلسەید و موبارەک پەخشبکات، بەڵام دواتر ڕەتیکردەوە کە ئەو گفتوگۆ تەلەفۆنییە پەخش بکات بەهۆی “بارودۆخی چاوەڕواننەکراوەوە.”

ڕۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠١٩، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەرزاییەکانی جۆلانی وەکو خاکی ئیسرائیل ناساند. بڕیارەکەی ترەمپ لەلایەن چالاک و سیاسییە عەرەبەکانەوە ئیدانە کرا و، سەرکردە عەرەبەکان ڕایانگەیاند کە داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بڕیار لەسەر بڕیارەکەی ترەمپ بدات.

ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئیسرائیلی کردووە، لە مێژوودا هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیلی نەکردووە. ساڵی ڕابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس گواستەوە و بە فەرمی ناساندی، ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەسەر داوای ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندەوە، ٢٥ی ئازاری ٢٠١٩ بەرزاییەکانی جۆلانی وەکو خاکی ئیسرائیل ناساند و لە ١٥ی ئایاریشدا بڕیارە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی سەدە ئاشکرابکات، کە پوختەی ڕێککەوتنی سەدە گۆڕینی نەخشەی ناوچەکەیە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close