جیهانی ئیسلامیدونیا

ئەردۆغان: تورکیا ژنەکەی ئەبوبەکر بەغدادیی دەستگیرکرد

سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، تورکیا ژنەکەی سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی لە سووریا دەستگیرکردووە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی لە هێرشێکی سەربازیی ئەمریکادا ڕایگەیاندووە، دوای ئۆپراسیۆنەکە واشنتن ڕاستەوخۆ هەڵمەتێکی میدیایی ئەنجامداوە.

ئەردۆغان وتووشیەتی، “ئێمە ژنەکەی بەغدادیمان دەستگیرکردووە، بەڵام ئێمە نایکەین بە هاتوهاوار، جگە لەوە خوشک و زاواکەی بەغدادیشمان لە سووریا دەستگیرکردووە. ئێمە درێژە بە کارەکەمان دەدەین لەم ڕوەوە.”

پێشتر و لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەرپرسان ڕایانگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا خوشکە گەورەکەی ئەبوبەکر بەغدادی و هاوسەرەکەی و بوکێکی بەغدادی و پێنج منداڵیانیان دەستگیرکردووە.

میدیاکانی تورکیا باسیان لەوە کردووە، ڕەسمیە عەواد ٦٥ ساڵ ڕۆژی دوو شەممە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە شارۆچکەیەکی سەربە حەڵەب دەستگیرکراوە.

پێشتر میدیاکانی جیهان لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە باسیان لەوە کرد کە ئەبوبەکر بەغدادی لە هێرشێکی ئەمریکادا لە ئیدلب لە باکوری سوریا کوژراوە، دواتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە و ڕایگەیاند کە بە هاوکاری و پاڵپشتیی تورکیا و سوریا و عێراق و ڕووسیا بووە، بەڵام چەند خولەکێک دوای لێدوانەکانی ترەمپ ڕووسیا ڕەتیکردەوە کە هێرشی ئاسمانی لە ئیدلیب لەو ڕۆژە و چەند ڕۆژی ڕابردووی پێش ڕۆژی کوژرانی بەغدادی ئەنجامدرابێت.

بەشار ئەسەدیش لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی سوری باسی لەوە کرد کە بەغدادی لە سووریا نەکوژراوە و لە عێراق کوژراوە.

Abu Bakr al-Baghdadi's daughter-in-law (L), sister (R) and her husband
بوکەکەی ئەبوبەکر بەغدادی (دەستە چەپ) و خوشکەکەی و زاواکەیشی (دەستە ڕاست)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close