جیهانی ئیسلامی

دامەزرێنەرێکی بزوتنەوەی حەماس کۆچی دوایی کرد

دوێنێ دوو شەممە ٥ی ئابی ٢٠١٩ بزوتنەوەی حەماس کۆچی دوایی ئەحمەد نەمر حەمدان یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەکەیی لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە ڕاگەیاند.

بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە، حەمدان تەمەنی ٨٠ ساڵ بووە و دوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ شێرپەنجە کۆچی دوایی کردووە و، تا دوا ڕۆژی ژیانی پابەندی بنەماکانی بزوتنەوەی حەماس بووە.

ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی بزوتنەوەکە لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی حەمداندا وتی، “هەموو ژیانی حەمدان سومبولی بوێری و ئازایەتی و سەرکردەی بەرپرسیار بووە.”

بزوتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوەکەیدا لەبارەی کۆچی دوایی حەمدانەوە ڕایگەیاندووە، “ئەو بە هەستێکی بەرپرسیارێتیی بەرزەوە ڕووبەڕووی هەموو قورسی و ئاستەنگەکان بوەوە و، چەندین ساڵی تەمەنی لە زینداندا بەسەربردووە و لە ساڵی ١٩٩٢دا لەگەڵ زیاتر لە ٤٠٠ سەرکردە و ئەندامی تری بزوتنەوەی حەماس و نزیکەی ١٥ بەرپرسی جیهادی ئیسلامیدا بۆ لوبنان دوورخراونەتەوە.”

حەمدان لە ساڵی ٢٠٠٦دا و لە شەڕی نێوان فەتح و بزوتنەوەی حەماسدا یەکێک لە کوڕەکانی لەدەستداوە، ئەو شەڕەش دوای ئەوە هات کە بزوتنەوەی حەماس توانیی لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەستبێنێت، بەڵام فەتح ڕەتیکردەوە کە دەسەڵات ڕادەستی بزوتنەوەی حەماس بکات.

کەتیبەکانی قەسامیش حەمدانی وەکو “جەنگاوەری ئازادی” ناوبردووە، کە سەرکردە و ئەندامانی بزوتنەوەکەی فێرکردووە و ئاراستەیکردوون دژی داگیرکاریی نایاسایی ئیسرائیل. هاوکات حەمدان باوکی یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی کەتیبەکانی قەسامە لە خان یونس.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close