دونیا

دانیمارک.. نەیارانی ئیسلام و قورئان نەیانتوانی ڕێژەی یاسایی هەڵبژاردن تێپەڕێنن

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی دانیمارک، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان، پارتە چەپڕەوەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و پارتەکەی ڕاسموس پالودانیش، کە پێشبینی دەکرا کورسی بەدەستبهێنێت، نەیتوانی ڕێژەی یاسایی بۆ چوونە پەرلەمان تێپەڕێنێت، کە ٢%ی دەنگی کۆی دەنگدەرانە.

دوای پرۆسەی هەڵبژاردن کە لە دانیماڕک بەڕێوەچوو، بە نزیکەیی سەرجەم دەنگەکان جیاکراونەتەوە و بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان بێت، هەریەک لە پارتی سۆشیال دیموکرات، پارتی سۆشیال لیبڕاڵ، پارتی گەلی سۆسیالیستی و لیستی یەکێتی کە پێکەوە هاوپەیمانێتییەکی چەپیان دروستکردبوو، سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان لە کۆی ١٧٩ کورسیی پەرلەمانی، هاوپەیمانی چەپ ٩١ کورسی و، هاوپەیمانی راستڕەوەکان ٧٥ کورسییان بەدەستهێناوە.

لە تەواوی وڵاتدا ١٧٥ پەرلەمانتار دیاریدەکرێت و، لە هەریەک لە دوورگەکانی فارۆی و گرۆنلاندی سەربە شانشینی دانیمارک، ٢ پەرلەمانتار دیاریدەکەن.

لە کۆی نزیکەی ٥.٨ ملیۆن دانیشتووی دانیمارک، لە ٢٠١٩دا ٤ ملیۆن ٢١٩ هەزار دەنگدەر هەبوون. ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنیشدا لە سەدا ٨٤ بووە.

ڕاسموس پالودان سەرۆکی حزبی سترام کورس، کە بەوە ناسراوە بەردەوام دژایەتی دینی ئیسلام و موسڵمانان دەکات و قورئان دەسوتێنێت، لە ١ی تەمووزی ٢٠١٧ حزبەکەی ڕاگەیاند و خۆی بوو بە سەرۆکی. لە دوایین هەڵبژاردنی دانیمارکیشدا نەیتوانی ڕێژەی یاسایی بۆ چوونە پەرلەمان بەدەستبهێنێت و، تەنیا توانیی ١.٨%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا بەدەستهێنانی ٢%ی دەنگەکان بۆ چوونە پەرلەمان پێویستبووە.

بەو پێیەشی کە دەنگدەرانی دانیمارک چوار ملیۆن و ٢١٩ هەزار دەنگدەرن و ٨٤%ی دەنگدەران بەشدارییان کردووە، بەو شێوەیەش ١.٨%ی دەنگەکانی حزبەکەی پالودان دەکاتە نزیکەی ٦٣ هەزار و ٨٠٠ دەنگدەر، بەو شێوەیەش ئەو ڕێژەیە لە نەیارانی ئیسلام و موسڵمانان لەناو پێنج ملیۆن و ٧٥٠ هەزاری دانیشتووانی دانیمارکدا بەراورد بەو گرنگیدانە زۆرەی میدیا کەمە، بەڵکو ئەوە میدیایە کە قەبارەی حزبەکە و سەرۆکەکەیی گەورەکردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close