بیروڕاجیهانی ئیسلامی

ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م گۆڕانێكی ڕیشه‌ییدایه‌

ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م گۆڕانێكی ڕیشه‌ییدایه‌.. ئیسرائیل به‌و سنووره‌ی ئێستای قایل نییه‌ و داوای زیاتر ده‌كات، ئه‌و خه‌ون به‌ مه‌رزی نێو خه‌یاڵدانی ته‌وراته‌وه‌ ده‌بینێت و ئیسرائیلی گه‌وره‌ی ده‌وێت.

ئالی نه‌هیان و ئالی سعوود، له‌به‌یكی بۆ ده‌كه‌ن و ملیان له‌ موو باریكتره‌ و خۆیان و بیره‌نه‌وته‌كانی كه‌نداویشیان بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ خزتووه‌ته‌ خزمه‌تییه‌وه‌. ئه‌مریكای ترامپ ڕێكخه‌ری كاره‌كه‌یه‌ و گا به‌ هاندان و گا به‌ تێخوڕین هانی وڵاتانی كه‌نداو ده‌دات ده‌ستوبرد بكه‌ن.. سیسیی دوای ئه‌وه‌ی نه‌یاره‌ سه‌رسه‌خت و ترسناكه‌كه‌ی هه‌موو ته‌پاندنه‌ زیندانه‌وه‌، ئێستا ئیتر به‌ئاشكرا خوڵامییه‌تیی خۆی بۆ گه‌وره‌كانی ده‌رده‌بڕیت و به‌ شانازییه‌وه‌ سنگی نۆكه‌رایه‌تی ده‌رده‌په‌ڕینێت. شا عه‌بدوڵڵای ئوردن مل نادات و ده‌ڵێت ڕاسته‌ له‌ژێر فشارێكی زۆردام، وه‌لێ منی هاشمی ناتوانم ده‌ست له‌ قودسی پیرۆز هه‌ڵبگرم.

دوای ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ ورده‌ دڕك پاك كرایه‌وه‌، ئێستا ئیتر كاتی له‌ ڕیشه‌ده‌رهێنانی دره‌خته‌ زله‌كانی سه‌رڕێگایه‌.. ئێران… توركیا… جارێ نۆره‌ نه‌هاتووه‌ته‌ سه‌ر توركیا، چونكه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توركیا، كاتی نه‌هاتووه‌ و سازاندنی كۆده‌نگیی جیهانیی له‌ دژی سانا نییه‌.. لێ ئێران خه‌ریكه‌ له‌ داو ده‌خرێت.

دوای ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ ورده‌ دڕك پاك كرایه‌وه‌، ئێستا ئیتر كاتی له‌ ڕیشه‌ده‌رهێنانی دره‌خته‌ زله‌كانی سه‌رڕێگایه‌.. ئێران… توركیا… جارێ نۆره‌ نه‌هاتووه‌ته‌ سه‌ر توركیا، چونكه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توركیا، كاتی نه‌هاتووه‌ و سازاندنی كۆده‌نگیی جیهانیی له‌ دژی اسانا نییه‌.. لێ ئێران خه‌ریكه‌ له‌ داو ده‌خرێت.

ئه‌مریكا گه‌رووی ئێرانی گرتووه‌ و ده‌یه‌وێت به‌هێواشی بیخنكێنێت، ئێرانیش ڕاسته‌ ده‌ستی به‌ گه‌رووی ئه‌مریكا ناگات، لێ گه‌روویه‌كی دیكه‌ی لێ نزیكه‌، ده‌یه‌وێت دایبخات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بكات، یاریی به‌ كلكی شێر ده‌كات، ئاخر 40%ی نه‌وتی ناوچه‌كه‌ له‌ (گه‌رووی هورمز)ه‌وه‌ به‌ره‌و بازاڕه‌كانی جیهان ده‌ڕۆن، داخستنی هورمز یه‌عنی زۆر شت.. لێ ئێران چیی تری له‌ ده‌ست دێت؟ پشیله‌یه‌كیش له‌ ژوورێكدا گیری بده‌یت و ته‌نگه‌تاوی بكه‌یت، په‌لامارت نادات؟

ئه‌مریكا ئه‌مه‌ ده‌زانێت و خواخوایه‌تی ئێران هه‌نجه‌تێك به‌ ده‌سته‌وه‌ بدات.. كێشه‌كه‌ تا ئێره‌ بۆ ئه‌مریكا و ئیسرائیل و عه‌ره‌به‌كانی گوێله‌مستیان ئاسانه‌ و زه‌ویی به‌رده‌میان نه‌رمانه‌، لێ كێشه‌ له‌وێوه‌ دروست ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ڕووسیا یان چین یان هه‌ردووكیان بێده‌نگ نه‌بن و وه‌ك كێشه‌ی سووریا، بێنه‌ سه‌ر خه‌ت… ڕێی تێ ده‌چێت لای ئێران بگرن؟ تا آیستا هیچ شتێك ڕوون نییه‌.. ئه‌وه‌ی ڕوونه‌ ئه‌م ته‌پوتۆزه‌ی له‌ 2011ه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا هه‌ڵی كردووه‌، ئێستا خه‌ریكه‌ به‌رهه‌م ده‌دات… ده‌سه‌ڵاتدارگه‌لێكی سنگده‌رپه‌ڕێن ده‌رپه‌ڕێنران و هه‌ندێك كوژران، ئه‌وانی دیكه‌یش چاوترسێن كران و خۆبه‌خۆ ته‌سلیم بوون و چوونه‌وه‌ باوه‌شی ئیسرائیل.. ئێستا ئیتر ئه‌وه‌ی دووژمنی عاره‌بانه‌ ئیسرائیل نییه‌، ئێرانه‌.. شه‌ڕی عه‌ره‌ب-جووله‌كه‌ نه‌ما، گۆڕاوه‌ بۆ شه‌ڕی عه‌ره‌بی مسوڵمان-فارسی ئاگرپه‌رست یان ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت- ئیعه‌ی ڕافیزه‌.

شۆڕبوونه‌وه‌ به‌ ڕه‌گوڕیشه‌كانی مێژووی ٩٠-١٠٠ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ردا، پێمان ده‌ڵێت هێنانی عه‌بدولعه‌زیزی ئالی سعوود و به‌خشینی عه‌ره‌بستان پێی، له‌بری به‌خشینی به‌ هاشمییه‌كان، هه‌نگاوی یه‌كه‌می چاندنی تۆوی نه‌وه‌كانی ئیسرائیل بوو له‌ ناو دڵی فه‌ڵه‌ستیندا… ته‌مه‌نی ئه‌و دووانه‌ پێكه‌وه‌یه‌.. یان وردتر بڵێم، بۆ ئه‌وه‌ی ئیسرائیل بمێنێت، پێویسته‌ سعوودییه‌ پارێزراو بێت.. ئێران هچ كات هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ نه‌بووه‌ بۆ سه‌ر ئیسرائیل، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ سعوودییه‌یه‌ كه‌ ئیران به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر خۆی ده‌زانێت و لێی وه‌ته‌نگ هاتووه‌، بۆیه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو شیره‌كه‌ی بدات به‌ ئه‌مریكا، تێچووی شه‌ڕه‌كه‌یش له‌گه‌ڵ هاوبیره‌كانیدا بگرێته‌ ئه‌ستۆ، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ئێران بكه‌وێت…

له‌و لاوه‌ ئێرانیش ددان جێر ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ كه‌ریش نه‌وێرێت، خۆ ده‌ره‌قه‌ی كورتان دێت.. ده‌ستی به‌ ئه‌مریكا نه‌گات، خۆ عه‌ره‌بستان و ئیمارات له‌به‌رچنگیدایه‌.

كورد له‌م نێوه‌نده‌دا چیی به‌سه‌ر دێت؟ ئه‌گه‌ری فووكردنه‌وه‌ به‌ خۆڵه‌مێشی ڕیفراندۆمدا، ئه‌گه‌رێكی زیندووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر عێراق پشت له‌ ئێران هه‌ڵنه‌كات، كه‌ زه‌حمه‌ته‌ بتوانێت هه‌ڵی بكات… لێ له‌ مه‌ترسییش به‌ده‌ر نییه‌، سه‌رانی حوكمڕانی ئێران له‌ 1979ه‌وه‌، له‌ ڕێی به‌كرێگیراوه‌كانیانه‌وه‌، چه‌ندین ماڵوێرانییان به‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ی كوردستاندا هێنا، هه‌ر له‌ ئه‌نفال و كیمیاباران تا 16ی ئۆكتۆبه‌ر.. بۆیه‌ كه‌ بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، سڵ له‌ ده‌ستبردن بۆ هیچ بژارده‌ه‌یه‌ك ناكاته‌وه‌، خوای ده‌كرد هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان له‌ناو ده‌چوون.

بۆ سێ چاره‌گه‌ سه‌ده‌ ده‌چێت جه‌نگی جیهانیی دووه‌م ته‌واو بووه‌، له‌و حه‌فتا ساڵه‌دا جبه‌خانه‌ سه‌ربازییه‌كان پڕ كراون له‌ چه‌كی ئه‌وتۆ كه‌ به‌ ناوهێنانیشیان مرۆ زاره‌تره‌ك ده‌بێت، دنیا لێوانلێو بووه‌ له‌ بێمۆراڵی، شه‌ڕی ساردی ئابووری ڕانه‌گه‌ینراو له‌ ناودایه‌، چاوسووركردنه‌وه‌ی زلهێزان شاراوه‌ نییه‌، شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ت زۆر كرا و هێشتایش به‌رده‌وامه‌، بۆنی باروود و خوێن دنیای گرتووه‌،خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ هه‌موو ده‌ڵێی سه‌رخۆشن و هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌م دۆخه‌ ناجێگیره‌ و نابێ تا هه‌تایه‌ وا بێت.. پێده‌چێت كاتی گه‌ڕێكی دیكه‌ی جه‌نگ هاتبێت.. جه‌نگێك هێزه‌ كۆلؤنیالیزمه‌كان هه‌ڵی ده‌گیرسێنن و تا ئێستا زۆر دیار نییه‌ كێ و كێ ده‌سووتینێت.

نووسینی: هێمن خورشید

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close