جیهانی ئیسلامیدونیاكــوردستان

بەهۆی بۆردومانێکی هۆڵەنداوە لە کەرکوک نزیکەی ٧٠ کەس کوژراون

حکومەتی هۆڵەندا دانی ناوە بە کوشتنی نزیکەی ٧٠ کەسدا لە کەرکوک، کە بەهۆی بۆردومانێکی فڕۆکەیەکی ئێف ١٦ی هۆڵەنداوە بووە لە ساڵی ٢٠١٥دا.

حکومەتی هۆڵەندا ڕایگەیاندووە، لە بۆردومانێکیاندا لە ساڵی ٢٠١٥ لە باکوری عێراق و لە شاری کەرکوک ٧٠ کەس کوژراون کە چەکداری داعشیان تێدابووە، میدیاکانی هۆڵەنداش دوای لێکۆڵینەوەیەکیان ئاشکرایانکردووە کە سەرجەمی ئەو ٧٠ کوژراوە هاووڵاتیی مەدەنی بوون و منداڵیش لەناو کوژراوەکاندان.

بەگوێرەی وتەی وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا، لەو هێرشەدا کارگەیەک کراوەتە ئامانج کە گومان هەبووە کارگەی بۆمبی داعش بووبێت و تیایدا نزیکەی ٧٠ کەس کوژراون، وەزارەتەکەی هۆڵەندا دەڵێت “چەکداری داعش و هاووڵاتیی مەدەنیشی تیادابووە.”

ئانا بیجلیڤڵد شۆتن وەزیری بەرگریی هۆڵەندا ڕایگەیاندووە، شەوی ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٥ بۆمبێک لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێف ١٦ی هۆڵەنداوە بۆسەر ناوچەیەکی حەویجە لە نزیک شاری کەرکوک لە باکوری عێراق بەردراوەتەوە، کە ئەو شوێنە لە ناوچەیەکی پیشەسازی بووە و “زانیارییە هەواڵگرییەکانی هۆڵەندا پێشبینیی کوشتنی هاووڵاتیی مەدەنییان نەدەکرد، چونکە هیچ خەڵکێکی مەدەنی لە نزیک ئاوچەی ئامانجەکە نەدەژیان.”

وەزیری بەرگریی هۆڵەندا باسی لەوەش کردووە، “دوای بۆردومانە ئاسمانییەکە، چەند تەقینەوەیەک ڕوویدا و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر باڵەخانەی نیشتەجێبوون خاپووربوون.”

لەلایەکی ترەوە، هەریەکە لە میدیاکانی ئێن ئۆ ئێس و ئێن ئاڕ سی هاندیلسبلادی هۆڵەندی دوای لێکۆڵینەوە، ئەوەیان ئاشکراکردووە کە سەرجەم کوژراوەکان هاووڵاتیی مەدەنی بوون، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ڕەتیکردووەتەوە کە ئەوە پشتڕاستبکاتەوە.

جگە لە کوژرانی ئەو نزیکەی ٧٠ کەسە لە کەرکوک، پێشتریش لە چەندین بۆردومانی هۆڵەندادا هاووڵاتیی مەدەنی لە عێراق کوژراون، بۆ نمونە لە بۆردومانێکدا لە موسڵ چوار هاووڵاتیی مەدەنییان کوشتووە، کاتێک بۆردومانی ماڵێکیان کردووە کە پێیانوابووە بنکەی داعشە. هۆڵەندا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی زانیاریی هەڵەی هەواڵگرییەوە ڕووداوەکە کەوتووەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close