جیهانی ئیسلامی

کوڕە بچووکەکەی مورسی بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد

عەبدوڵڵا کوڕی محەمەد مورسی سەرۆک کۆماری پێشووی میسر، دوێنێ ٤ی ئەیلولی ٢٠١٩ بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

کوڕە گەورەی محەمەد مورسی، ئەحمەد مورسی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا کە براکەی بەهۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە.

لای خۆیەوە پارێزەری خێزانی مورسی، عەبدولمونعیم عەبدولمەقسود هەواڵی کۆچی دوایی عەبدوڵڵا مورسی پشتڕاستکردەوە.

محەمەد مورسی سەرکۆماری پێشووی میسر، کە بە شێوەیەکی ناڕەوا و بە کودەتا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، مانگی حوزەیرانی رابردوو لە هۆڵی دادگا لە ئەنجامی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردبوو.

محەمەد مورسی لەگەڵ خانمێک بە ناوی نەجلا مەحمود هاوسەرگیریی کردووە و پێنج منداڵیان هەبوو بە ناوەکانی ئەحمەد، شەیما، ئوسامە، عومەر و عەبدوڵڵا.

هێزە ئەمنییەکانی میسر لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا هەڵیانکوتابوویە سەر ماڵی خێزانی مورسی لە ناوچەی شێخ زاید لە رۆژئاوای شاری قاهیرەی پایتەخت و عەبدوڵڵا-یان دەستگیرکردبوو، بەڵام دواتر هەمان رۆژ ئازاد کرا.

عەبدوڵڵا و هاوڕێیەکی بە ناوی محەمەد عیماد عەبدولموئمین لە مانگی ئاداری ٢٠١٤دا و لە خاڵێکی پشکنیندا ئۆتۆمبێلەکەیان رادەوەستێنن و بە بیانووی دۆزینەوەی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن و دواتر دادگای سزای بەنها، سزای یەک ساڵ زیندانی و ١٠ هەزار جونەیهی میسری بەسەردا دەسەپێنێت.

عەبدوڵڵا مورسی لە ٢٢ی تەمووزی ٢٠١٥ ئازاد دەکرێت، خێزانی مورسی ئاماژەیان بەوەدا، کوڕەکانیان ماددەی هۆشبەر بەکارناهێنن، هاوکات ئاماژە بەوە کرابوو کە ئەو دەستگیرکردنە سیاسییە.

عەبدوڵڵا مورسی دوای لەدەستدانی باوکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژەی بەوەدابوو کە عەبدولفەتاح سیسی و بەرپرسانی دیکەی میسر باوکی ئەویان کوشتووە.

بەگوێرەی میدیاکان ڕۆژی ١٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩ موحەمەد مورسی سەرۆکی لەکارلابراوی میسر لەناو دادگادا جەڵتە لێیدا و کۆچی دوایی کرد، بەڵام سەرجەم ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە مورسی شەهیدکراوە و بە شێوەیەکی سروشتی کۆچی دوایی نەکردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close