جیهانی ئیسلامیدونیا

جارید کوشنەر: ئەمریکا هەنگاوی نوێ لەبارەی ڕێککەوتنی سەدەوە ڕادەگەیەنێت

جارید کوشنەر ڕاوێژکار و زاوای دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ئەمریکا هەنگاوی نوێ لەبارەی ڕێککەوتنی ئاشتییەوە ڕادەگەیەنێت، کە بە ڕێککەوتنی سەدە ناسراوە.

هەفتەی ڕابردوو کوشنەر لە بەحرەین وۆرکشۆپێکی لەبارەی پلانی ئابوورییەوە پێشکەشکرد، کە تیایدا هەریەکە لە ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودییە و ئیمارات بەشدارییان کرد، بەڵام هیچ لایەنێکی فەڵەستین لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا بەشدارنەبوون.

مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٤ گفتوگۆکانی فەڵەستین و ئیسرائیل شکستیانهێنا، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕەتیکردەوە کە نیشتەجێکردنی نایاسایی جولەکەکان لەسەر خاکی فەڵەستین ڕاگرێت و، ئازادکردنی زیندانییە فەڵەستینییەکان و چارەسەری دوو دەوڵەتییشی لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ ڕەتکردەوە.

ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاندووە، تا مانگی ١١ی ئەمساڵ چاوەڕێدەکات بۆ ئاشکراکردنی تەواوی پلانەکە، کە لەوکاتەدا حکومەتی نوێی ئیسرائیل پێکهاتووە.

لە کۆنفرانسەکەی مەنامەی پایتەختی بەحرەیندا کۆشکی سپیی ئەمریکا داوای ٥٠ ملیار دۆلاری کرد بۆ وەبەرهێنان بۆ فەڵەستین و دەوڵەتە عەرەبییە دراوسێکانی و داوایکرد کە پرۆژەی زیاتری بونیادنان لە غەزسە و کەناری ڕۆژئاوا بکرێت، بەڵام ئەمانەش لەلایەن چاودێرانی سیاسی و سیاسییەکانەوە بە بچووککردنەوەی پرسی سیاسیی فەڵەستین لێکدراوەتەوە و پێیانوایە کە پرسی ئابووری بۆ ئەو مەبەستەیە.

کوشنەریش پێشتر ڕایگەیاند کە فەڵەستین بە بەشدارینەکردنی لە کۆنفرانسەکەدا (وۆرکشۆپەکەدا) “هەڵەیەکی ستراتیژیی” کردووە، وتیشی، ترەمپ مەحمود عەباسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی خۆشدەوێت و حەزدەکات بە شێوەیەکی شەخسی کاری لەگەڵ بکات و پەیوەندیی لەگەڵ ببەستێت.

کوشنەر وتیشی، “دەرگا هەمیشە بۆ سەرکردایەتیی فەڵەستین کراوەیە. ئێمە ڕێز لە مەحمود عەباس دەگرین و باوەڕمان وایە کە ئەو ئاشتیی دەوێت و ئێمەش دەمانەوێت دەرفەتی پێبدەین تا هەوڵبدات ئەو کارە بکات.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close