جیهانی ئیسلامی

ژنانی فەڵەستینی تۆوی پیاوەکانیان لە زیندانەکانی ئیسرائیلەوە بە قاچاغ دەبەن

بە مەبەستی خستنەوەی منداڵ، ژنێکی فەڵەستینی سپێرمی (تۆوی) پیاوەکەیی بە قاچاغ لە زیندانەکانی ئیسرائیلەوە بردووە بەمەبەستی منداڵخستنەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، لە ساڵی ٢٠١٤دا سوعاد عەبدولفاید منداڵێکی کچی چاو کاڵی خستووەتەوە، کاتێکیش بۆ یەکەمین جار لەگەڵ کچەکەیدا سەردانی سەمیر باوکی کچەکەیان کردووە لە زیندان، پاسەوانانی زیندانەکەی ئیسرائیل وتوویانە، “ئەم کچە کێیە؟ چۆن دەکرێت ئەمە کچی تۆ بێت لەکاتێکدا مێردەکەت لێرەیە لە زینداندا؟”

سوعاد لە وەڵامی پاسەوانانی ئەو زیندانەی ئیسرائیلدا وتوویەتی، “پێم وابووە کە ناتوانم چیتر منداڵم ببێت، بەڵام سامپڵم لە هاوسەرەکەم گلداوەتەوە بەرلەوەی کە زیندانی بکرێت و کاتێکیش چارەسەرم وەرگرتووە ئەو سامپڵانەم بەکارهێناوە بۆ دووگیانبوون.”

بەڵام لەڕاستیدا سوعاد تۆوی پیاوەکەیی لە زیندانەوە بە قاچاغ بردووە و لەڕێگەیەوە دووگیان بووە. سوعاد بە ئاماژەکردن بە شۆڕشەکانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٥ بە میدڵ ئیست مۆنیتەری وتووە، “هاوسەرەکەم سەربە کەتیبەی شوهەداء ئەلئەقسا بووە کاتێک دووەم ئینتیفازە دەستیپێکردووە. هاوسەرەکەم لەلایەن ئیسرائیلییە داگیرکەرەکانەوە لەسەر چالاکییەکانی لە ساڵی ٢٠٠٢دا دەستگیرکراوە و ماوەی ١٨ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە.”

سوعاد دەشڵێت، “کاتێک سەمیری هاوسەری زیندانی کراوە ئەو خاوەنی سێ منداڵ بووە، کە بریتی بوون لە نەبیلی چوار ساڵ و نیبالی سێ ساڵ و مەناری پێنج مانگ.”

دەشڵێت، “لە سەردانیکردنی هاوسەرەکەم قەدەغەکرام و بە دەگمەن مۆڵەتم دەدرا کە بچمە لای، لەوانەیە ساڵی جارێک ڕێگەیان بدایە،” باسی لەوەش کردووە کە یەکەمجار سەمیر ئەو بیرۆکەیەی لا دروستبووە کە لە ڕێگەی بەقاچاغبردنی تۆوەوە منداڵ بخەنەوە.

سوعاد دەشڵێت، “یەکەمین منداڵ موهەنەد بوو کە بەو ڕێگەیە لەدایکبووە، کە کوڕی عەبدولکەریم ئەلڕیماوی بووە و بە ٢٥ ساڵ زیندانیکردن حوکم دراوە. هاوسەرەکەی منیش ئەوەی بیستبوو، بۆ منیشی گێڕایەوە، وتیشی هیوادارە کە بەو ڕێگەیە منداڵک بخەنەوە.”

سوعاد لەبارەی هەستی خۆیەوە سەبارەت بە بیرۆکەی هاوسەرەکەی وتوویەتی، “هەرگیز هیچ دایکێکم نەبینیبوو ئەو کارە بکات، سەرەڕای ئەوەش حەزم لە بیرۆکەکە بوو و پێشوازیم لە بیرۆکەکە کرد، حەزم لە خستنەوەی منداڵە، ئەوەش بەشێکە لە بوونی من. سوپاس بۆ خودایش کە بە بەخشینی منداڵێکی تر (بەو شێوەیە) بەسەریکردینەوە.”

سوعاد منداڵەکەی ناوناوە حوڕییە، کە بەمانای ئازادی دێت، ئێستا تەمەنی چوار ساڵە. سوعاد دەڵێت، “سبحان اللە، کاتێک حوڕییە لە سکمدا بوو، منی گۆڕی. حوڕییە باوەڕبەخۆبوونی پێ بەخشیم، پێشتریش بۆ ماوەیەکی زۆریش خۆمم پشتگوێخستبوو. منداڵەکانم لەپێشینەترین شتن لەلام، ماوەی ١٢ ساڵ ئاگالەخۆبوونم لەبیرچووبوویەوە، بەڵام لەگەڵ نووری حوڕییەت ئەوە گۆڕا.”

دەشڵێت، منداڵەکانی زیاتر لە هەر شتێکی تر ئەویان خۆشدەوێت و “بە دڵنیاییشەوە حوڕییەت ژیانیانی گۆڕیوە، کچێکی ترم کە ئێستا تەمەنی ١٧ ساڵە، هەمیشە خۆشەویستترینی ناومان بوو، بەڵام ئێستا حوڕییەت جێگای ئەوی گرتووەتەوە، (چونکە بچووکترین منداڵی ماڵە و بچووکترینیش زۆربەی کات خۆشەویستترینە). هەموو ئەندامانی خێزانەکەمان دەیانەوێت حوڕییە ببینن و کاتی لەگەڵدا بەسەرببەن.”

سوعاد پێیوایە کە ژنانی تری فەڵەستینییش (کە مێردەکانیان لە زینداندان) دەبێت وەکو ئەو بکەن، واتە تۆوی مێردەکانیان بە قاچاغ ببەن و سکپڕبن لێیان و منداڵ بخەنەوە. سوعاد لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەو کارەی کردووە، وتوویەتی، “ئەوە لەپێناو فەڵەستیندا بوو، لەپێناو زیندانیکراوێکدا بوو کە لەپێناو فەڵەستیندا ئازادیی لەدەستداوە، ئەوە وەکو گەڕاندنەوەی ژیانە بۆ ڕۆحێکی مردوو.”

سوعاد دەڵێت، لەکاتێکدا هاوسەرەکەی لە زینداندا بووە دایک و باوکی هاوسەرەکەی کۆچی دواییان کردووە، “دایک و باوکی هاوسەرەکەم خۆزگە و هیوایان ئەوەبوو کە لە ئازادبوونی کوڕەکەیاندا ئاهەنگ بگێڕن، هەمیشە باسی چۆنێتی ئاهەنگگێڕانەکەیان دەکرد. پێم وایە تەنانەت لە ڕۆژی ئازادبوونی هاوسەرەکەمدا، هەندێک هەستی تاڵ و دڵتەزێن دەبن.”

سوعاد دەڵێت، “داواکارم لە خودا کە بتوانم جارێکی تر دووگیان ببمەوە بە کوڕێک بۆئەوەی ببێتە برای کوڕەکەی ترم. کاتێکیش هاوسەرەکەم ئازاد دەکرێت (ماوەی زیندانییەکەی کۆتایی دێت) من تەمەنم ٤٠ ساڵ و هەشت ڕۆژ دەبێت، بەڵام حەزم لە خستنەوەی منداڵە! ئەمەش لەناو ژنانی فەڵەستینیدا باوە، بۆیە منیش هیوادارم کە منداڵێکی تر بخەمەوە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close