دونیامێژوو

کۆمەڵکوژییەکەی ڕواندا و چیرۆکی مزگەوتێک

هەفتەی یەکەمی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤ بوو، مانگێک دوای دەستپێکی وەرزی بارانبارینێکی درێژخایەن بوو. چیاکان یەکپارچە ڕەنگیان سەوز بوو، کێڵگەکان پڕبوون لە مۆز و زەڕات و دانەوێڵە.

گوندی مابار، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگایەکی ڕوانداوە، ئارامی باڵی بەسەردا کێشابوو، بەڵام لەناکاو نائارامی و مەترسیی ڕوویتێکرد. لە ٦ی نیسانی ئەو ساڵەدا، دەوروبەری کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی ئێوارە، لەکاتێکدا خەڵک خەریکی خۆئامادەکردن بوون بۆ چوونە ناو جێگای نووستن، لە دووریی ٥٠ کیلۆمەترەوە، موشەکێکی زەمین بە ئاسمان نرا بە فڕۆکەیەکەوە، کە جیوڤیناڵ هابیاریمانا سەرۆکی ڕواندای هەڵگردتبوو و دەیویست لە کیگالیی پایتەختی ڕواندا بنیشێتەوە.

هابیاریمانا، لە گەلی هوتو بوو، لەگەڵ سیپریان نتاریامیرا هاوتا بوروندییەکەی، دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ چەکدارانی گەلی توتسی لە تەنزانیا دەگەڕانەوە بۆ پایتەختی ڕواندا.

بەهۆی هێرشە موشەکییەکەوە، سەرجەم ئەوانەی لەناو فڕۆکەکەدا بوون کوژران، ئەوەش بە یەکێک لە خوێناویترین ڕووداوەکانی کۆتایی سەدەی ٢٠ هەژمارکرا. لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژی دوای ئەم ڕووداوەشدا، هێزەکانی سەر بە گەلی هوتوی زۆرینە، زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەسیان لە گەلی توتسی و هەزارانیشیان لە میانڕەوەکانی گەلەکەی خۆیان (هوتوس) کوشت. زۆر لەوانەی کوژران بە تەور و مشار و شمشێر لەلایەن میلیشیاکانی هوتوەوە کوژران، کە گروپە میلیشیاییەکە بە ئینتراهاموی ناسرابوون، کە باڵی سەربازیی حزبی دەسەڵاتدار (ئێم ئاڕ ئێن دی) بوون.

لەم هەفتەیەشدا ڕواندا یادی ٢٥ ساڵەی ئەو جینۆسایدە دەکاتەوە و، سەرکردەکانی جیهان لە ڕواندان بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی و نیگەرانییان بۆ قوربانییەکان.

لە یەکەم ڕۆژەکانی جینۆسایدەکەدا، گوندی مابار، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە گەلی هوتو بوون، وەک ڕۆژانی ئاسایی خەریکی کاری کشتوکاڵیی خۆیان بوون. بەڵام دواتر جەستەی خەڵک، کە هەندێکیان بە گوللـە کون کون کرابوون، بە دەریاچەی موگیسیرا دەهاتنە خوارەوە. هەندێک لەوانە بە سەختی بریندارکرابوون و بە تەور بریندارکرابوون. هەڵمەتە توندوتیژەکەی میلیشیاکانی گەلی هوتو لە کیگالیی پایتەختەوە بە هەموو وڵاتدا بڵاوبووبووەوە، گەیشتنی چەکدارەکانیش بە گوندی مابار و هێرشکردنە سەر گوندەکە تەنیا لەسەر کات وەستابوو.

بە سەرکردایەتیی ئیمامی تاکە مزگەوتەکەی مابار، ڕەشید باگابۆ، خەڵکی گوندەکە بڕیاریاندا هەڵوێستی کرداریی بنوێنن. ئیمامی مزگەوتەکە، بە بەکارهێنانی بەلەمە بچووکەکەی، دەستی بە کۆکردنەوەی جەستەکان لە دەریاچەکەدا کرد، گەنجانی مزگەوتەکەش دەستیان بە دانانی بەربەست لە دوو ڕێگە قیرتاونەکراوەکەی سەر گوندەکە کرد، ئەمەش بەمەبەستی ڕێگریکردن لە هاتنی هێرشکەرەکان بۆ گوندەکە (یانیش خاوکردنەوە و دواخستنیان.)

باگابۆی تەمەن ٥٦ ساڵ بە کەناڵی جەزیرەی وتووە، “دینەکەمان (ئیسلام) فێری ئەوەمان دەکات کە ژیانی خەڵکی ڕزگارکەین نەک ژیانیان لێ تاڵکەین و ژیانیان لێ بسەنینەوە. دینەکەمان فێرماندەکات کە ئەگەر ژیانی یەک کەس ڕزگارکەیت ئەوە چەشنی ئەوەیە کە ژیانی تەواوی مرۆڤایەتیت ڕزگارکردبێت. هەربۆیە بۆ من ئاسان بوو ئەو کارە ئەنجامبدەم.”

وردە وردە مزگەوتەکە پڕبوو، لە گەنج و پیر، ژن و پیاو، موسڵمان و مەسیحی، سەرجەمیان هانایان بۆ مزگەوتەکە هێنابوو بەمەبەستی پەنادانیان. باگابۆ ئیمامی تاکە مزگەوتەکەی گوندەکە دەڵێت، “خەڵک لە هەموو شوێنێک دەکوژران، هەزاران کەس لە کڵێسەکاندا کوژران، هەندێک لە سەرکردەی کڵێسەکان لە کۆمەڵکوژییەکەدا بەشدارییان کرد، لە گوندەکەی ئێمەدا سێ کڵێسا هەبوون، بەڵام خەڵک دەترسان بچنە ئەو کڵێسانەوە، هەربۆیە بە هاتنیان بۆ مزگەوتەکەی ئێمە هەستیان بە سەلامەتیی زیاتر دەکرد.”

موسڵمانان لەو گوندەدا، ڕێژەیان کەمتر لە چارەکێکی دانیشتووان بوو، کە نزیکەی ٥٠٠ کەسێک دەبوون، بەڵام لە لوتکەی بەڕێوەچوونی کۆمەڵکوژییەکەدا، زیاتر لە ٥٠٠ کەس هاتنە مزگەوتەکە، کە خەڵکی ناوچەکانی نزیک گوندەکەش هاتبوون بۆ مزگەوتەکە کە بەدوای شوێنێکی سەلامەتدا دەگەڕان.

ئیمامی مزگەوتەکە لەبارەی دیمەنی ئەوکاتەوە دەڵێت، “شوێن نەمابوو کە تیایدا بوەستیت، هیچ بۆشاییەک نەمابوو لە مزگەوتەکە خەڵکی لێ نەبێت.”

عەبدولکەریم ڕەگویزا، یەکێک بوو لەو گەنجە موسڵمانانەی کە لەلایەن ئیمامی مزگەوتەکەوە ڕاسپێردرابوو بۆئەوەی بەربەست لەسەر ڕێگاکانی گوندەکە دانێت و ڕێگاکان قەتع بکات، لەوبارەیەوە ڕەگویزای تەمەن ٥٩ ساڵ بە جەزیرەی وتووە، “کاری ئێمە دواخستنی پێشڕەوییەکانی میلیشیاکانی ئینتراهاموی بوو، بەو شێوەیەش دەمانتوانی کاتی زیاتر بەدەستبێنین بۆئەوەی خەڵکی هەڵبێن یانیش خۆیان بشارنەوە.”

تەنیا پیاوانی موسڵمان نەبوون کە هەوڵی ڕاگرتنی ئەو خوێنڕشتنەیان لەو گوندەدا دەدا، بەڵکو ئافرەتانیش لە هەمان مزگەوت بڕیاریاندا بە تیمارکردنی ئەو بریندارانەی هێنرابوونە مزگەوتەکە، دەستی یارمەتی درێژبکەن.

یەكێک لە ژنە ڕزگاربووەکانی کۆمەڵکوژییەکە، بە ناوی موانایدی کامپیر، بە جەزیرەی وتووە، ئەوان ٢٠ ئافرەت دەبوون کە بەو کارە هەستابوون و تەواوی هەوڵی خۆیانیان دەدا بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان، وتووشیەتی، “ئێمە پێش کۆمەڵکوژییەکە جوتیار و ژنی ماڵەوە بووین، بەڵام لەوکاتەدا ئەرکی ئێمە گۆڕا (بۆ پەرستاری).”

ئەو ژنە ڕزگاربووە وتیشی، “لە هەموو لایەکەوە خەڵکیان (خەڵکی برینداریان) بۆ دەهێناین. نەمانتوانی یارمەتیی هەمووان بدەین، چونکە هەندێک لە بریندارەکان برینەکانیان زۆر قورس بوو، ئێمەش نەماندەتوانی تیماریان بکەین و چارەسەریان بکەین.”

دوای ٢٥ ساڵ هێشتا کامپیر وەک شاهیدێکی ئەو ڕووداوە شۆکە. کامپیر وتووشیەتی، “خەڵک، منداڵ و ژنی پیرمان دەبینی کە بە تەور و مشار لەلایەن خەڵکی ناوچەکانیانەوە بریندارکرابوون و لە جەستەیان بڕابوو. ئەوان هیچیان بەرامبەر ئەو جۆرە خەڵکانە نەکردبوو، هێشتاش ناتوانم لەوە تێبگەم کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت کارێکی لەو شێوەیە بکات.”

لە ١٣ی نیسان، یەک هەفتە دوای دەستپێکردنی کۆمەڵکوژییەکە، گروپێکی چەکداری پڕچەککراوی سەربە میلیشیاکانی ئینتراهاموی، کە لە نزیکەی ١٠٠ کەس پێکدەهاتن، هێرشیانکردە سەر گوندەکە. گەنجانی گوندەکە لە خاڵی پشکنینی گوندەکەدا هەوڵیاندا ڕێگریی لە پێشڕەوییەکانیان بکەن.

ڕەگویزا لەوبارەیەوە وتی، “هیچمان پێنەبوو، تەنیا بەرد و کوتەک و هەندێکیشمان ڕممان پێبوو. چەکدارانی ئینتراهاموی دەمانچە و قومبەلە و بۆمبی بچووکیان پێبوو. بە هیچ شێوەیەک نەمانتوانی ئەوان ڕاگرین.”

ڕەگویزا وتیشی، “ئێمە بەردمان تێدەگرتن و ئەوانیش قومبەلە و بۆمبی بچووکیان دەگرتە ئێمە. هەندێک لە هاوڕێکانم لەکاتێکدا هەوڵی وەستاندنی ئەو چەکدارانەیان دەدا کوژران، دواتریش ڕامانکردەوە بۆ مزگەوتەکە و بە هەمووانمان وت کە ڕاکەن.”

هەندێک لەوانەی لەناو مزگەوتەکە بوون هەڵهاتن و هەندێکی تریشیان، کە لە هێرشەکانی تری گوندەکانی تر ڕزگاریان بووبوو، بە شێوەی فیزیکی و سایکۆلۆژی تووشی سەدمە بووبوون و بڕیاریاندا کە لەناو مزگەوتەکەدا بمێننەوە و دەرگا و ڕێگاکانی چوونە ناو مزگەوتەکە داخەن. نزیکەی ٣٠٠ کەس، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، بڕیاری مانەوەیان لە مزگەوتەکە دا.

کاتێک چەکدارانی ئینتراهاموی گەیشتنە سەر مزگەوتەکە، کە دەکەوتە کۆتایی گوندەکە و نزیکی دەریاچەکە بوو، فیشەکیان پێ نەما و، دەستیان بە هاویشتنی قومبەلە و بۆمبی بچووک کرد، لەو ٣٠٠ کەسەی ناو مزگەوتەکە، تەنیا ٨ کەس ڕزگاریان بوو.

پیر نگارامبی، مەسیحییەکی ناوچەکەیە، پەنای بۆ مزگەوتەکە بردبوو، یەکێک بوو لەو ٨ کەسەی کە لە کۆمەڵکوژیی مزگەوتەکە ڕزگاریان بوو، تەمەنی ئێستا ٦٥ ساڵە و دەڵێت، “من ڕزگارم بوو، بەڵام ژنەکەم و حەوت منداڵەکەمم لەو کۆمەڵکوژییەدا لەدەستدا. برا موسڵمانەکانمان هەموو کارێکیان بۆ ڕزگارکردنمان کرد، ناتوانم قەرەبووی ئەوەیان بۆ بکەمەوە، هەتا دوا ساتیش هەوڵی ڕزگارکردن و دەربازکردنی ئێمەیان دا.”

ئیمامی مزگەوتەکەش یەکێک بوو لەوانەی لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاری بوو، بەڵام کەسە نزیکەکانی و لەناویاندا برازا و خوشکەزاکانی کۆمەڵکوژکران. ئیمامەکە لەوبارەیەوە دەڵێت، “من لە گوندەکەوە دووربووم و هەندێک لە بەساڵاچووەکانم برد بۆئەوەی ڕزگاریانکەم کاتێک ئەمە ڕوویدا. نزیکەی ٣ کیلۆمەتر لە گوندەکەوە دووربووم لەکاتێکدا ئەو کۆمەڵکوژییە ڕوویدا. جێگرەکەم، سەعید نداگیرا لەکاتێکدا خەڵکی لەناو مزگەوتەکەدا پاراستبوو کوژرا.”

ئەمڕۆش گوندەکە مزگەوتێکی نوێی هەیە، لە دوورییەکی کەم لە مزگەوتەکەی پێشووەوە دروستکراوە. ڕزگاربووان و دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، ڕووداوە ترسناکەکانی چارەکە سەدەیەک لەمەوبەر، کۆمەڵگای زیاتر یەکخستووە و بووەتە هۆی یەکگرتووییان.

سەعید ساهینکوی ئیمامی نوێی مزگەوتی گوندەکە بە جەزیرەی وتووە، “ئێمە (ئەهلی گوندەکە) زۆر لەیەکەوە نزیکین. ئێمە ئێستا دەستمان بە بونیادنانی دیوارێک کردووە لە مزگەوتەکەدا، بۆئەوەی ناوی هەموو ئەوانەی لەسەر بنووسین کە تیایدا کوژران. ئەوان لێرە لەگەڵماندا نین، بەڵام ئێمە ئەوان و ئەوەی ڕوویدا لەبیری ناکەین.”

باگابۆ، ئیمامی پێشووی مزگەوتەکەش لەلایەن حکومەتەوە وەکو پاڵەوان ناسێنراوە و شەرەفمەندکراوە، ئەوەش بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لە ڕزگارکردنی ژیانی دانیشتووانی گوندەکەدا گێڕاویەتی لەکاتی کۆمەڵکوژییەکەدا.

باگابۆ وتوویەتی، “من تەنیا ئەوەم کرد کە دینەکەم فەرمانی پێکردووم. پێم وانییە کە من پاڵەوانێک بم، پاڵەوانەکان ئەوانەن کە ئەمڕۆ لەگەڵماندا نیین.”

ڕواندا وڵاتێکی زۆرینە مەسیحییە و نزیکەی ٥%ی دانیشتووانەکەی موسڵمانن.

(سەرچاوە: جەزیرە)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close