جیهانی ئیسلامیكــوردستان

میدیاکانی سعودیە: زیاتر لە ٧٠٠ هەزار حاجی گەیشتوونەتە سعودیە بۆ بەجێهێنانی حەج

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیەی سعودی بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو زیارەتکارانەی کە بەمەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەیشتوونەتە سعودیە گەیشتووتە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەس.

ڕۆژی شەممە ٤ی ئاب بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسپۆرت ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ڕێگەی ئاسمانیی و دەریایی و زەمینییەوە هاتوون تا ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٣ی ئاب ٧١٩ هەزار و ٣٨٥ حاجی بووە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو (بۆ هەمان کات) ٤٤ هەزار و ١٥٧ زیارەتکاری حەج زیادیکردووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایشیگەیاندووە کە ژمارەی زیارەتکارانی حەج لەڕێگەی ئاسمانییەوە ٦٩٨ هەزار و ٨٣٢ کەس و لە ڕێگەی زەمینییەوە ١٢ هەزار و ١٥٩ کەس و لە ڕێگەی دەریاییەوە هەشت هەزار و ٣٩٤ کەس بوون.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە هەموو جیهانەوە بە چەندین شێوە ڕێگریی و بەربەست لەبەردەم موسڵماناندا بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج دروستدەکرا، بۆ نمونە لە هەرێمی کوردستان چەندین دژە حەج و عومرە و دژە ئیسلام و موسڵمانان پەنایان بۆ ئەوە دەبرد کە (حەج پێویست ناکات و ئەو پارەیەی دەیدەن بە حەج بیدەن بە هەژار و نەدارێک یان ماڵە پێشمەرگەیەک).

هەرچەندە موسڵمانانی کوردستان هیچ درێغییان نەکردووە لە هاوکاریکردنی هەژار و نەدارانی هەرێمەکەیان، بەڵام ئەوەی دەبێت لێپرسینەوەی لێبکرێت لەوبارەیەوە ئەو کەسانەن کە ملیاران دۆلاری ئەو میلـلەتە ڕووت و ڕەجاڵەیان دزیوە، تەنانە دەستیان چووەتە قوتی پێشمەرگە و فەرمانبەرانیش، بۆ نمونە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بەپێی ڕاپۆرتی میدیایەکی سعودی سەروەتەکەی ٤٨ ملیار دۆلارە، جا ئیتر خەڵکی چۆن ڕوویان دێت کە ڕێگری لە موسڵمانان بکەن لە چوونیان بۆ حەج و عومرە، لەکاتێکدا بە عەرەقی ناوچاوانی خۆیان پارەی گەشتی حەجیان دەستخستووە.

شیکەرەوانێکی میدیاییش لەوبارەیەوە وتوویەتی “ئەوانەی ئەو قسانە بەرامبەر حاجیان و عومرەکاران دەکەن، بوێرییان نییە کە ئەو دەنگە دلێرەیان لە بەرامبەر دز و مافیاکانی ئەم وڵاتە هەڵبڕن، چونکە خۆیان کۆیلەی دەستی ئەو دز و مافیایانەن و پەروەردەی دەستی ئەوانن، کە هەر ڕۆژە و لە قومارخانەیەکی ئەم جیهانە پارەی میللـەتەکەیان دەدۆڕێنن و بەئاویدا دەدەن”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close