دونیا

چیرۆکی موسڵمانبوونی جەی کیم لە زاری خۆیەوە

جەی کیم (داود کیم) بەم شێوەیە چیرۆکی موسڵمانبوونی لە زاری خۆیەوە دەگێڕێتەوە:

تەمەنم ٨ ساڵان بوو کاتێک ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەر ڕوویدا و بەداخەوە دوای ئەو ڕووداوە بۆ یەکەمجار ناوی ئیسلامم بیست، بینیم باڵەخانەیەکی زەبەلاح لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن هەرەس دێنێت، زۆر تووشی شۆک بووم. ئەوکاتەش لە تەلەفزیۆنەوە گوێبیستی وشەی (ئیسلام) بووم.

باش بیرم نییە، بەڵام وام بیردەکردەوە کە ئیسلام شتێکی ترسناکە، چونکە میدیا هەمیشە وێنەیەکی نەرێنی و خراپی لەبارەی ئیسلامەوە دەخستەڕوو. هەر وێنەی جەنگ و زوڵم و تیرۆریزمی (لەبارەی ئیسلامەوە) دەخستەڕوو. بۆیە منیش وام بیرکردەوە کە ئەوان (موسڵمانان) ترسناکن.

ماوەیەکی زۆر تێپەڕی، لەڕاستیدا منیش مەسیحییەکی کاسۆلیکی بووم، بەڵام حەزم لە هیچ دینێک نەبوو، سەرقاڵی ژیانی خۆم بووم، بەڵام ڕۆژێکیان بیرکردنەوەی خراپم لەبارەی ئیسلامەوە بەتەواوی تێکشکا، ئەوەش لە ئیندۆنیزیا ڕوویدا.
بۆ یەکەمجار وەکو گۆرانیبێژێک لە کۆریا دەرکەوتم، بەناوبانگ نەبووم، هێشتایش زۆر بەناوبانگ نیم. خۆشبەختانە لە جاکارتا چانسی دەرکەوتنم بۆ ڕێکەوت، بەڵام ئەوکاتە لەبارەی ئیسلامەوە شارەزا نەبووم و نەمدەزانی، تەنانەت نەمدەزانی کە لە ئیندۆنیزیا ژمارەیەکی زۆر موسڵمان هەن. دوو شت زۆر سەرسامیان کردم، یەکەم ئەوەی کە ئەوان زۆر بەڕێزتر لەوە بوون کە من پێشبینیم دەکرد، دووەمیش ئەوەبوو کە ژمارەیەکی زۆر لە کچان دەموچاویان داپۆشیبوو (پەچەیان کردبوو). تەنانەت وشەی (حیجاب)م نەبیستبوو، وەک دەشزانن ئیندۆنیزیا وڵاتێکی زۆر گەرمە. بۆیە زۆر فزول بووم و پرسیارم لە کچێکی حیجابپۆش کرد، بۆچی سەرپۆشت داوە بەسەرتا؟ کەسێک زۆری لێکردوویت ئەو کارە بکەیت؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی، “من چەشنی ئەڵماسم، زۆر بەنرخم، بۆیە نامەوێت ئەمە نیشانی خەڵکی بدەم، هیچ کەسێک زۆری لێ نەکردووم، ئەمە بژاردەی خۆمە و زۆر شانازیی پێوە دەکەم.” لەوکاتەدا تووشی شۆکێکی زۆر بووم. من وام بیردەکردەوە کە ئەوە زوڵمە، بەڵام ئەوان شانازییان پێوە دەکرد. نەمدەزانی کە ئەوە ئیمانەکەیەتی وایلێکردووە کە شانازی بەوەوە بکات. پێموایە لەوکاتەدا اللە ئاماژەیەکی بۆ ناردم، بەڵام من سەرنجی ئاماژەکەم نەدا.

گەڕامەوە بۆ کۆریا، بەڵام لەناکاو باوکم کارەکەیی لەدەستدا، بۆیە منیش وازم لە کاری موزیک هێنا و دەستم بە کارکردن کرد، حەزم لە کارەکەم هەبوو، بەڵام ئاسان نەبوو، چونکە من دەمویست زیاتر شتی داهێنەرانە بکەم، هەربۆیە لە یوتیوب دەستمپێکرد، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی باسی یادەوەرییەکانمم دەکرد لەبارەی موسڵمانانی ئیندۆنیزیاوە، لەناکاو خەڵکێکی زۆر سەیری ئەو ڤیدیۆیەیان کرد، ئەوەش دووەمین بەرکەوتنم بوو لەگەڵ ئیسلام. سەرنجی یەکەم ئاماژەم نەدا، بەڵام ئەمجارە جیاوازبوو، چونکە پەیوەندیی بە دۆخەکەمەوە هەبوو، نەمدەتوانی لەگەڵ هیچ کەس قسە بکەم، بەڵام لە ڕاستیدا بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕیم، چونکە ئامانجی من لە ژیان موزیک بوو، بەڵام دەبێت وازبێنم، هەربۆیە هاندەری ژیانمم لەدەستدا، دەمویست بچمە قۆناغی دواترەوە، بەڵام نەمدەزانی چۆن. بەتەواوی شکستمهێنا، هیچ هەستم بە ئارامی نەدەکرد، بەڵام بە شێوەیەکی سوپرایز، لەوکاتەدا یوتیوب چانسی ئەوەی پێدام کە بەرکەوتنم هەبێت لەگەڵ دینی ئیسلامدا. لەڕێگەی یوتیوبەوە توانیم موسڵمانێکی زۆر ببینم، موسڵمانانی حەقیقی نەک ئەوانەی لە میدیاکانەوە وێنا دەکرێن. لەگەڵیان تێکەڵبووم و تێگەیشتم لەوەی کە لەبارەی ئیسلامەوە نەمدەزانی. بۆچی ئەوان باوەڕیان بە اللە-یە؟ بۆچی نوێژ دەکەن؟ بۆچی گۆشتی بەراز ناخۆن؟ بۆچی عەرەق ناخۆنەوە؟ حەڵاڵ چییە و حەرام چییە؟ ئەی پێغەمبەر موحەمەد کێیە؟ زۆر شتی تریش.. یەک بە یەک لەبارەی هەموویانەوە فێربووم، وە شتێکی زۆر تایبەتم دۆزییەوە کە هەرگیز پێشتر هەستم پێ نەکردبوو. ڕوونکردنەوەی ئەو شتە زۆر قورسە، بەڵام هەستمکرد کە ئەوان خاوەنی شتێکن کە من ونمکردووە. چونکە شێوازی مامەڵەکردنی ئەوان لە ژیاندا زۆر لە هی من جیاوازتربوو. پێموابوو کە ژیان بریتییە لە کێبڕکێ و تەنیا ئەوانەی کە لە کێبڕکێکە زیندوو دەمێننەوە سەرکەوتوو دەبن. پێموابوو کە دەبێت بجەنگم و سەرکەوتووبم، بەڵام ئەوان جیاوازبوون و هەمیشە یارمەتیی خەڵکیان دەدا و هەمیشە سوپاسگوزاربوون لەوەی کە لەدەستیشیان دەچوو. ئەوەش زۆر منی سەرسامکرد، ڕەفتاری ژیانیان.

یەکێک لە هاوڕێ موسڵمانەکانم پێیوتم، “ژیان گەشتێکە، نەک کێبڕکێ. مەبەستی ئەم گەشتەش بەردەوامبوونە لەسەر ڕێگای حەق، بەو شێوەیەی خودا دەیەوێت.” ئەگەر شوێن فەرمانی خودا بکەویت، لە کۆتایی گەشتەکەدا دیارییەکی مەزن چاوەڕێت دەکات، کە ئەویش بەهەشتی نەبڕاوەیە. کاتێک گوێم لەوە بوو، هەستمدەکرد کە کەسێک بە توندی چەپۆک دەکێشێت بە ڕووخسارمدا. باوەڕهێنان بەوەی کە دەچیتە سەر ڕێگای حەق، ئەمە دای لە دڵم و دڵمی جوڵاند. لە کۆتایی هەموو ئەم شتانەدا اللە هەیە. ئەمە ئەو شتە بوو کە من بەدوایدا دەگەڕام. بۆ زانینی ئەوەش دەستم بە پراکتیزەکردنی ئەو ئەرکانە کرد کە ئەوان دەیانکرد. قورئان خوێندەوە، لەبارەی پێغەمبەر موحەمەدەوە خوێندمەوە، مانگێکی ڕەمەزان ڕۆژووم گرت، چوومە مزگەوت و نوێژم کرد، ئەمانەشم لە چەند مانگێکدا کرد. لەکاتێکدا کەم کەم ئەزموونی ئەرکە ئاینییەکانی موسڵمانانم دەکرد، لەگەڵیدا ئیمانیشم زیادیکرد. ئیمان بە اللە کە منی خەلقکردووە و ڕێنوێنیم دەکات. ئەمانەش هەرگیز بە یەکجار ڕوویان نەدا. کەم کەم ئەمانەم دۆزییەوە و بەمانەم زانی، گرنگترین شتیش ئەوەبوو کە خۆمم دۆزییەوە. هـــــــــــیـــــچ کەسێک زۆری لێ نەکردم. لەکاتێکدا بەڕۆژوو دەبووم، بە سوپاسگوزاریکردنی اللە-م پێزانی. بۆیشم دەرکەوت کە نوێژکردن بۆ اللە ئارامی و سەلامەتیم پێ دەبەخشێت. دواجاریش دڵنیابوومەوە لە بیروباوەڕم و بیرم لە بوون بە موسڵمان کردەوە. لەگەڵ ئەمەشدا ماوەیەکی زۆربوو قەلەق بووم. بۆ ئەوەش هۆکارم هەبوو، چونکە خەڵکێکی بەرچاو لەبارەی گۆشتی بەراز و عەرەقەوە قسەیان بۆ دەکردم، بەڵام پێموانەبوو کە ئەوە قورسبێت ئەگەر من خاوەنی ئیمان بم. هۆکاری تریش هەبوو، بۆ نمونە، ئەوەی کە ئایا دەتوانم وەک موسڵمانێک بەسەر ئەو بڕیاردانە خراپانەی خەڵکدا زاڵبم بۆسەر موسڵمانان؟ هەروەها، ئایا من بە تەواوی ئامادەی موسڵمانبوونم؟ هەروەها دژایەتیکردنی خانەوادەکەشم، کە ئەوە بۆ من کێشە و فشارێکی گەورە بوو. زۆر فشارم لە خۆم کرد، بەڵام دواتر وام بیرکردەوە کە بۆچی من فشار لە خۆم دەکەم؟ ئیسلام دینێکە کە پەیوەندی لەنێوان من و اللە-دا دروستدەکات، نەک خەڵکی تر. ئەگەر اللە پلانی بۆ من دانابێت، ئەوە تەنیا اللە دەتوانێت وەڵامم بداتەوە. هەربۆیە سەردانی مزگەوتێکم کرد و داوام لە خودا کرد، “دەبێت چی بکەم؟” وە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بیرکردنەوەکانم تەنزیم بوون و گەشتم بە بڕیاری کۆتایی. من ئیمان و ویستی پراکتیزەکردن (ی دینی ئیسلام)م هەیە. بۆیە چیتر پێویست بە قەلەقی و دوودڵی ناکات. پێویست ناکات بیروبۆچوونی خەڵک بۆم گرنگ بن، چونکە ژیانم ژیانی خۆمە و پەیوەندیی بە خەڵکەوە نییە. پەیوەندیی من لەگەڵ اللە تەنیا هی خۆمە. خەڵک ناتوانن بەرپرسیارێتیی ژیانم ببەن. تەنانەت دایک و باوکیشم ناتوانن، بەڵام بێگومان دایک و باوکمم خۆشدەوێت.

شتێکی تریش لەبارەی ئامادەبوونی تەواوەتییەوە بڵێم، ئەویش ئەوەیە کە هیچ مرۆڤێک بێ عەیب و عار نییە، هیچ شتێکی بێ عەیب و عار نییە جگە لە اللە. بەڵام ئایا “ناتوانم ببمە موسڵمان.” لەبەرئەوەی دەترسم لەو هەڵانەی کە لە داهاتوودا دەیانکەم؟ پێموایە ئەمە بەهانە هێنانەوەیە. بە دڵنیاییەوە من هەڵە دەکەم، چونکە من بێ عەیب و عار نیم. پێشتر هەڵەم زۆر بووە، بەڵام باوەڕم وایە کە خودا دەمگێڕێتەوە سەر ڕێگا ڕاستەکە. هەروەک چۆن ڕێنوێنی کردم تا ئێرە و من لەناو پلانەکانی خودادام، دەشزانم کە خودا یارمەتیم دەدات، هەر لەبەر ئەوەش بوو کە بڕیارمدا بێمە سەر دینی ئیسلام.

ئێستاش من داودم و زۆر شانازی بەوەوە دەکەم.. من بە تەنیا لەسەر بەلەمێکی بچووک و لە دەریایەکی گەورەدا و لە تاریکیدا گەشتم دەکرد، خەریکبوو نووقم دەبووم بەبێ ئەوەی بزانم بەرەو کوێ دەڕۆم. بەڵام اللە-ی بەخشندە ئاماژەی پێدام، خۆشبەختانە منیش سەرنجی ئاماژەکەم دا و گرتمەوە. دواجاریش زانیم کە شوێنکەوتنی اللە مەبەستی ئەم گەشتەیە. ئێستاش دەزانم بەرەو کوێ دەڕۆم و ئاراستەم ڕوونە.. خودا نووری پێ بەخشیم و پێم وایە ئەوە گەورەترین بەخشش و دیارییە لە ژیانمدا. ئێستاش وەکو منداڵێکی موسڵمان وام کە هێشتا هیچ نازانێت، بەڵام هەوڵدەدەم وردە وردە ببمە موسڵمانێکی باش.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close