جیهانی ئیسلامیكــوردستان

ئامەد.. چەند دایکێک لەبەردەم بارەگای هەدەپە ناڕەزاییان دژی ڕفاندنی منداڵەکانیان دەربڕی

ناڕەزایەتی کەسوکاری ئەو منداڵانەی بۆ شاخ رفێنراون لەبەردەم بارەگای هەدەپە لە دیاربەکر (ئامەد) بەردەوامی هەیە.

هەریەک لە فەوزیە چەتین کایا، رەمزیە ئاککۆیون و ئایشەگول بیچەر کە ئاماژە بەوە دەکەن منداڵەکانیان لە لایەن هەدەپەوە بەرەو شاخ رفێنراون، لەبەردەم بارەگای هەدەپە بەردەوامن لە دەربرینی ناڕەزایەتییەکانیان ئەویش بە دانیشتن لە بەردەم بارەگای ئەو پارتە، کەسانی نزیکیشیان پشتگیرییان دەکەن.

ئایسەل بۆزکورت کە کەسوکاری س.چەتین کایای ١٧ ساڵە و ئاماژە بەوە دەکرێت بەرەو شاخ رفێندراوە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو خوازیارە س.چەتین کایا رادەست بکرێتەوە بە کەسوکارەکەی بۆ ئەو مەبەستە پشتگیری لەو جۆرە ناڕەزایەتییە دەکات.

بۆزکورت باس لەوە دەکات کە هەتاکو ئەنجامێکیان دەست دەکەوێت بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکانیان و دەڵێت، “دەمانەوێت تەرمی منداڵان لە پزیشکی دادوەریی بهێننەوە و باوەش بکەین بە کێلەکانیاندا. بۆیە بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتی دانیشتین”.

بۆزکورت دەڵێت “با چیتر خێزانەکانی تر بێ دەنگ نەبن و منداڵەکانیان نەکەنە قوربانی کەسانی تر، مەبنە مەقاشی دەستی کەسانی تر. جەرگمان دەسووتێت، خێزانێکین دڵمان سووتاوە. بێگومان کە ئێمە دێین. چونکە هەدەپە منداڵەکەیان بردووین. کوڕەمامەکەم ئەندامی باڵی گەنجانی پارتەکەبوو. ئەو کوڕە هەموو رۆژێک لە خۆپیشاندان بوو، بۆیە ئەوان بردوویانە مامم خۆی کەسێکی بێ ئیش و کارە. وایدەزانی منداڵەکەی بۆ کارکردن چۆتە دیاربەکر بەمیوانی، بەڵام منداڵەکە شەو و رۆژ لێرەبوو لەنێو پارتەکەدابوو”.

بۆزکورت ئاماژەی بەوەدا کە هۆشداری داوەتە کوڕە مامەکەی ئەو کاتەی بەشداری کردووە لە خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەکانی هەدەپە دوای لابردنی سەرۆک شارەوانییەکان و گوتی:

“لێرە هەموو کەسێک ئەوی دەناسی بەڵام وەها خۆیان نیشان دەدەن کە نایناسن، کاتێک کوڕە دەنێرنە چالاکییەکان دەیناسن، بەڵام کە بێ سەروشوێن دەبێت ئینجا نایناسن؟ ئەوەی بەلای ئێمەوە قورسە ئەمەیە. بە ئێمە دەڵێن بۆ هاوار دەکەن و ناڕەزایەتی لە شێوەی دانیشتن ئەنجام دەدەن”.

ئەمە دوای ئەوە دێت کە رۆژی رابردوو دایکێک كه‌ بەناوی فەوزیە چ. لە دیاربەکر ئاماژە بەوە دەکات کوڕە ١٧ ساڵانەکەی بەناوی س. چ بۆ شاخ رفێنراوە و دەستیکردووە بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەشێوەی دانیشتن لەبەردەم بارەگایەکی هەدەپەدا و سێ خێزانی دیكه‌ پشتگیریی دەکەن.

فەوزیە لەگەڵ هاوسەرەکەی بەناوی عومەر و چوار منداڵیدا هاتنە بارەگای لقی باغڵار-ی هەدەپە و لەبەردەم بیناکەدا ناڕەزاییەتی خۆیان لە شێوەی دانیشتن دەستپێکرد.

دواتر باوکێکی دیكه‌ بەناوی عومەر ئاماژەی بەوەدا منداڵەکانی لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەوە رفێنراون و لەگەڵ ژنێكی دیكه‌ بەناوی رەمزیە هاتنە بەردەم بیناکە و پاڵپشتی خۆیان بۆ فەوزیە دووپاتکردەوە.

لەدوای ئەمانە دایکێک بەناوی ئایشەگول ب. کە رۆڵه‌یه‌كی ١٧ ساڵانی ١١ مانگ لەمەوبەر رفێنرابوو، چووە نێو ریزی ناڕەزایەتییەکەوە.

دایکە هاجیرە بوویە نموونە

دایکە هاجیرە ئاکار لە دیاربەکر لە ٢٢ی ئابدا لەبەردەم بارەگای هەدەپە لە دیاربەکر، دەستی دایە ناڕەزایەتی لە شێوەی دانیشتن بە پاساوی ئەوەی ئەندامانی هەدەپە کوڕەکەیان بەناوی مەهمەت ئاکار رفاندووە. لەدوای ئەم ناڕەزایەتییەوە ناوبراو لە ٢٤ی ئابدا بە کوڕەکەی شاد بوویەوە و بەمەیش بوویە نموونەیەک بۆ ئەو دایکانەی دیكه‌ کە کوڕەکانیان بۆ شاخ رفێندراون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close