جیهانی ئیسلامی

هەفتەی ڕابردوو لە کۆنفرانسەکەی بەحرەین چی ڕوویدا؟

کاتێک تێوەدۆر هێرزل چووە لای سوڵتان عەبدولحەمید و داوایکرد فەڵەستینی پێ بفرۆشێت بۆئەوەی جولەکەکانی هەموو دونیا بێنێتە سەر ئەو خاکە، بەڵام ابە توندترین شێوە داواکەی ڕەتکرایەوە. کەچی هەفتەی ڕابردوو، جارید کوشنەری هەڵگری ئایدۆلۆژیای هێرزل چووە بەحرەین و داوای لە عەرەبەکان کرد کە فەڵەستینی پێ بفرۆشن بۆئەوەی فەڵەستینییەکان دابەشکات بەسەر ئوردن، سینا، لوبنان، سوریا و تەواوی جیهاندا، وە عەرەبەکانیش ئەو داوایەیان قبوڵکرد کە پێشتر عوسمانییەکان ڕەتیانکردەوە، تەنانەت عەرەبەکان ڕازیبوون بە فرۆشتنی فەڵەستین بە هەرزان و هەڕاجیانکرد بە ٥٠ ملیار دۆلار.

فرۆشتنی فەڵەستین بە یەک سەردانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سعودییە جێبەجێ بوو، واتە نرخی فەڵەستین یەک سەردانی دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ سعودییە. لە کۆنفرانسەکەی بەحرەین، عەرەبەکان چەشنی کۆیلە و بەندە دانیشتبوون، لەکاتێکدا گوێیان لە کوشنەری مامۆستایان دەگرت و کوشنەر خەریکی دەرس دادانیان بوو.

لەڕاستیدا کۆنفرانسەکەی بەحرەین بازاڕێک بوو بۆ فرۆشتنی خاک، شەرەف و فەخر و شانازی بە چەند درهەمێک. لە کۆنفرانسەکەدا گەندەڵی و بێشەرمی گەیشتە بەرزترین ئاست کاتێک وەزیری دەرەوەی بەحرەین وتی، فەڵەستینییەکان مافی ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنەکەیان نییە و، خۆی (وەزیری دەرەوەی بەحرەین) و هاوڕێکانی فشار لە فەڵەستینییەکان دەکەن بۆ قبوڵکردنی.

مەبەست لە ڕێککەوتنی سەدە کۆتاییهێنانە بە پێکدادانەکانی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، بەبێ ئەوەی ڕێککەوتنەکە لەلایەن فەڵەستینییەکانەوە قبوڵکراوبێت، چونکە گەورەترین باج لەو ڕێککەوتنە فەڵەستینییەکان دەیدەن. بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکانی نێوان عەرەب و ئیسرائیل و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبەکان و ئیسرائیل، بەرتیل دەدرێت لە شێوەی وەبەرهێنان و ڕێککەوتنی ئابووریدا ئەوەش لەژێر ناوی چارەسەرکردنی دۆخی خراپی ئابووریی غەززە و کەناری ڕۆژئاوادا، کە هەردووکیان گیرۆدەی دەستی ئیسرائیلن، بەتایبەتی غەززە کە زیاتر لە ١٠ ساڵە لەژێر گەمارۆی توندی ئیسرائیل و هاوپەیمانە عەرەبەکانیدایە.

عەرەبەکان و ئیسرائیل جێگای پرسە سیاسییەکەی فەڵەستین بۆ پرسێکی ئابووری کەمدەکەنەوە و سیاسەت بە پارەی حازر و گەشەی ئابووری جێدەگرنەوە، ئەوەش ئامانجێکی سەرەکیی پلانەکەی ئەمریکایە، یاخود ڕاستتر بڵێین، پلانەکەی ترەمپە. ئەوان پێیانوایە کە ئەو پارەیە، کە لەڕاستیدا وڵاتانی کەنداو دەیدەن، فەڵەستینییەکان کوێردەکات و وایانلێدەکات کە پرسە سەرەکییەکە و پرۆژە نیشتمانییەکە لەبیردەکەن، کە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە. ئەوان هەوڵدەدەن ئاوارە فەڵەستینییەکان بۆ هەمیشە لەو وڵاتانە جێگیربکەن کە لەخۆیانیان گرتوون و مافی شەرعیی گەڕانەوەشیان هەڵوەشێننەوە.

ساڵی ڕابردوو ترەمپ هاوکارییە داراییەکانی بۆ فەڵەستینییەکان ڕاگرت، کە لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA)یەوە پێیان دەدرا، هەروەها داوای لە وڵاتانی تریش کرد کە هاوکارییەکانیان بۆ فەڵەستین ڕاگرن. بۆئەوەی لەوە تێبگەین کە بۆچی ترەمپ هاوکارییەکانی لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاگرت، پێویستە لە گرنگیی ڕۆڵی (UNRWA) تێبگەین. ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزراوە، ئەمەش دوای ساڵێک لە ڕوودانی نەکبە کە بەهۆیەوە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار فەڵەستینی ئاوارە و بێلانە بوون. لەوکاتەشەوە تا ئێستا ژمارەی ئەو فەڵەستینیانە بەگوێرەی UNRWA گەیشتووەتە نزیکەی ٥.٤ ملیۆن کەس (واتە ٥.٤ ملیۆن فەڵەستینیی ئاوارە بە منداڵ و منداڵی منداڵەکانیانەوە). ئەمریکاش ئەوە بە یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکان دەبینێت کە بەهۆیەوە ئیسرائیل و فەڵەستین ناتوانن بگەنە ئاشتی.

بڕینی هاوکاریی دارایی یەکەم هەنگاو بوو بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی ئاوارەکان، کە یەکێکبوو لە ئاڵۆزترین پرسەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ، دواتریش بەوهۆیەوە مافی گەڕانەوەی فەڵەستینییەکان بۆسەر خاکی داگیرکراویان هەڵدەوەشێنرێتەوە. جارید کوشنەر ڕاوێژکار و زاوا زایۆنییەکەی ترەمپە، هەوڵی داخستنی UNRWA و لابردنی ناسنامەی ئاوارەی کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستینییەکان دەدات، بەو شێوەیەش ئەمریکییەکان دەتوانن بڵێن تەنیا ٥٠٠ هەزار ئاوارە بوونیان هەیە لەجیاتی ئەوەی بڵێن ٥.٤ ملیۆن ئاوارە بوونیان هەیە. ئەمەش ڕێک بیرۆکەی جێگیرکردنی ئاوارە فەڵەستینییەکان لە وڵاتە عەرەبییە دراوسێکان پشتڕاستدەکاتەوە، وەکو میسر و ئوردن و هەتا عێراقیش. ئەم بیرۆکەیەش زۆر کۆنە و هی ساڵانی ١٩٥٠یە، کە ئەوکات حکومەتە عەرەبییەکان ڕەتیانکردەوە.

ناتوانین ئەوەش نادیدە بگرین لەگەڵ یاسای دەوڵەتی نیشتمانی کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە دەرکرا، کە تیایدا نەژادپەرستییەکی قێزەون نمایشکراوە. یاساکە وا لە فەڵەستین دەکات کە تەنیا بۆ جولەکەکان بێت و زمانی عیبریش زمانی فەرمی بێت. هەر بەپێی ئەو یاسایە عەرەبەکان وەکو کەمینەیەکی فەرمی ناسێنراون و فەڵەستینییەکان دەخاتە نێوان دوو بژاردەوە بەوەی دەوڵەت و وڵاتەکە جێبهێڵن یانیش بەوە ڕازیبن کە ببنە هاووڵاتیی پلە دوو، وە مافی داواکردنی هەمان مافە یەکسانەکانی جولەکەیان نابێت. ئەمەش ڕێک پشتڕاستی درۆ و دەلەسە هەڵبەستراوەکانی زایۆنییەکان دەکاتەوە کە سەدەیەکە دەڵێن فەڵەستین بە تەنیا خاکی جولەکەیە و خاکی بەڵێندراوە بۆ جولەکە لەلایەن خوداوە و بوونی فەڵەستینییەکان لەسەری داگیرکارییە و جەنگی ساڵی ١٩٤٨یش جەنگی ڕزگارکردنی ئەو خاکە بوو لە فەڵەستینییە داگیرکارەکان.

زایۆنییەکان بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە نیشتەجێبوونیان لە قودس و کەناری ڕۆژئاوا داگیرکاری نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی سادە فراوانبوونی نیشتمانی جولەکەیە. هەر لەبەر ئەمەیە کە لە یاسای دەوڵەتی نیشتمانیدا هاتووە، “دەوڵەت گەشەکردنی نیشتەجێبوونی جولەکە وەکو بەهایەکی نیشتمانی دەبینێت و کار دەکات بۆ هاندان فراوانکردنی،” هەر لە یاساکەدا هاتووە کە تەنیا جولەکە کۆچبەرەکان مافی هاووڵاتیبوونیان پێدەدرێت، ئەوەش وەک هەوڵێک دەبێت کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی کۆتایی بە پرسی مافی گەڕانەوە بهێنن.

تاکە ئامانجی پشت کۆنفرانس و وۆرکشۆپەکەی بەحرەین ڕەوایەتیدانە بە داگیرکاریی بەردەوامی زایۆنی لە فەڵەستین و لەدەستدانی مافی فەڵەستینییەکانە، کە هیچ فەڵەستینی و عەرەبێکی مێشک کراوە قبوڵی ناکات. بە هیچ شێوەیەک فەڵەستینییەکان پرۆژەی ئابووری بەسەر پرۆژەی نیشتمانی و مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا هەڵنابژێرن. لەڕاستیدا پرسی سیاسیی هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی دەبێت پێش پرسی ئابووری بێت و پرۆژە ئابووری و وەبەرهێنانەکانیش بۆ هاووڵاتییانی فەڵەستین بێت، بەڵام ئەمە ئەو شتەیە کە ئەمریکا لێی تێناگات، بەڵکو ئەمریکا باوەڕی وایە کە فەڵەستینییەکان خۆشی بۆ ئەو پلانەی ئەو دەگێڕن کە پرسی ئابوورییە بەسەر پرسی دەوڵەتی سەربەخۆ.

وۆرکشۆپی خیانەت لە بەحرەین شەرمەزارییەک بوو بەڕووی دەسەڵاتداران و وڵاتانی عەرەبیدا، کە بەر لە بەڕێوەچوونی ئەو وۆرکشۆپە/کۆنفرانسە، سەرجەم پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلی دوژمنیاندا ئاسایی کراوەتەوە. بەڵام پێناچێت ئەو پرسە هەروا بە ئاسانی تێپەڕێت، چونکە هێشتا گەلانی عەرەب قسەی خۆیان نەکردووە و ئەوەی وتراوە تەنیا قسەی کۆمەڵە کەسانێکە کە بە پارە کڕاون و بریکاری داڕێژەرانی ڕێککەوتنی سەدەن، ڕێککەوتنێک کە خەڵک و گەلانی عەرەب زۆرینەیان لێی بێئاگان.

(ئامادەکردن: کۆشش بێستانسووری)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close